قوباد تاڵەبانی دەڵێت: لە کوردستان و بەغداد کار بۆ بە پیشەییکردنی وەرزش و بەهێزکردنی ژێرخانی وەرزشی دەکەین.

قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هەڤاڵانی سێکتەری وەرزشی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئێمە بە شێوەیەکی ریشەیی پشتیوانی لە کەرتی وەرزش دەکەین نەک بە پینەوپەڕۆ، بەشێک لە وەرزشوانان ئاگادارن کە زیاتر لە ساڵێکە بۆردێکمان پێکهێناوە و پلانی تۆکمەمان بۆ پێشخستنی هەموو بوارە وەرزشییەکان داناوە و بە کرداریش لەو ماوەیەدا هەندێک هەنگاومان ناوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی پەسەندکردنی یاساوە لە کوردستان و بەغدا کار بۆ بە پیشەییکردنی وەرزش و بەهێزکردنی ژێرخانی وەرزشی دەکەین، ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی چارەسەرکردنی کێشەی بودجەوە، ساڵانە بودجەی تایبەت بۆ کەرتی وەرزش دابین بکەین، بەبێ یاسا و بەبێ بودجە هەر هەنگاوێکی دیکە بنرێت کاتییە و بۆ پینەوپەڕۆیە و کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی کەرتی وەرزش نابێت.