دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک سەبارەت بە دەرکردنی کارمەندانی چێشتخانە، نەخۆشخانەی هیوا لە روونکردنەوەیەکدا هەواڵەکە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، گۆڕانکارییەکە بەهۆی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە بووە کە سیستمی گرێبەستی راستەوخۆی هەڵوەشاندووەتەوە.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو کارمەندانە لەسەر بنەمای گرێبەستێکی کاتی کاریان کردووە کە تا رێکەوتی 30-6-2025 کاری پێکراوە. بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە7057، دەبووایە دوای ئەو بەروارە، خزمەتگوزاریی چێشتخانە لە رێگەی پرۆسەی تەندەرینەوە بدرێت بە کۆمپانیا، هەروەک چۆن لە هەموو نەخۆشخانەکانی دیکەدا پەیڕەو دەکرێت.

نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی رابردوو 2024 وەزارەتی دارایی ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئەوە "دواجار دەبێت" گرێبەستەکە بە شێوەی راستەوخۆ نوێبکرێتەوە.

بەپێی روونکردنەوەکە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وەک وەفایەک بۆ ستافە کۆنەکە، داوای لێکردوون لەگەڵ ئەو ستافە نوێیەی کە لە رێگەی کۆمپانیاکەوە دێن، بەردەوام بن لە کارەکانیان.

لە کۆتاییدا، نەخۆشخانەی هیوا هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن و رێز لە هەموو کەسێک دەگرن کە خزمەت بکات، بەڵام جەختیش دەکاتەوە کە "ناتوانن بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان کار بکەن."