
بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی قەرەبووی هەموو ئەو ماڵ و شوێنانە دەکرێتەوە کە بەهۆی روداوەکەی شەوی رابردوو زیانیان بەرکەوتووە
مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی رایگەیاند، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریدا قەرەبووی هەموو ئەو ماڵ و شوێنانە بکرێتەوە کە بەهۆی رووداوە کەی شەوی رابردووە لە سەرچنار زیانیان بەرکەوت .
مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی ئاماژەی بەوەشکردووە، دەست بەجێ لیژنەمان پێکهێنا بۆ جێ بەجێکردنی ئەم بڕیارەی سەرۆک بافڵ و دەست بەکار بووین
دوای دەستگیركردنی لاهور جەنگی بورهان، هۆتێل لالەزار كۆنتڕۆڵكرا و رەوشی ئەمنی سلێمانی ئاسایی بووەوە.
دادوەر سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لاهور جەنگی و براكانی بە پێی مادەی 56 لە یاسایی سزادانی عیراقی و یاسایی تیرۆر داواكرابوون، دواتر بەهۆی روبەرووبونەوەیان دژ بە بڕیاری دادگا و شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین كەس، بەپێی مادەی 406 ، كە تۆمەتی كوشتنی بە ئەنقەستە دۆسیەیان بۆ دەكرێتەوە بۆ لێپرسینەوە.
وتیشی، دوای دەستپێكردنەوە دەوامی رەسمی دادگا، تۆمەتبارن دەهێنرێنە بەردەم دادگا و وتەیان لێوەردەگیرێت و وتەكانیان دەخرێتە بەردەم دادوەری تایبەتمەند بۆ ئەنجامدانی رێكاری یاسایی.
ئەوەش لە كاتێكدایە، رۆژی پێنجشەممە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە، بەپێی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عیراقی فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور جەنگی بورهان دەركرا، بەڵام بەهۆی خۆرادەست نەكردنی، بۆ ماوەی چەند سەعاتێك شەڕ و پێكدادان رویدا، دواجار بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لاهور جەنگی بورهان و پۆڵاد جەنگی بورهانی برای دەستگیركران و هۆتێل لالەزاریش كۆنتڕۆڵكرا، دواتریش داواكراوێكی تر بە ناوی رێبوار حامید حاجی خالید دەستگیر كرا و رەوشی ئەمنی شاری سلێمانی ئاسایی بووەوە.
بەرێوەبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر شەهیدبوونی کارمەندێکیان لە کاتی ئەرکدا راگەیاند.
دەقی راگەیەنراوەکەی بەڕێوبەرایەتی گشتیی دژەتیرۆر.....
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی هاوڕێ و هەڤاڵ و هاوسەنگەرمان (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) رادەگەیەنین کە شەوی ڕابردوو لەکاتی سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسا دەرچوو، گیانی سپارد و گەیشتە پلەی شەهادەت.
ئاری یەکێک بوو لە پێشمەرگە نەبەرد و قارەمان و دلێرەکانی دژەتیرۆر کە بە کارامەیی و تواناکەی توانیبووی خۆی بسەلمێنێت.
دڵنیایی ئەدەین خوێنی شەهید ئاری بە فیڕۆ ناڕوات و لە یاسا دەرچووان توندترین سزا دەدرێن و دەستگیرکردنیان تەنها قۆناغی یەکەمی سزادانیان بووە.
خودای گەورە سەبوری ئێمە و کەسوکاری بداتەوە.
لاهور جەنگی بورهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: لاهور جەنگی بورهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، هەروەها پۆڵاد جەنگی بورهانی براشی بە برینداری دەستگیرکراوە.
ئەمە لە لاتێکدایە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور جەنگی بورهان دەرچوو، بەڵام رەتی کردەوە خۆی رادەستی یاسا بکات، بۆیە هێزە ئەمنییەکان دەستگیریانکرد.
لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "داواتان لێدەکەین سەلامەتی ژیانی خۆتان پشتگوێ مەخەن و با گیانپارێزیتان پێشینەی کارەکانتان بێت"
دەقی پەیامەکە
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای رانیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوکانێکی گۆشتفرۆشیان لەسەر شەقامی قولە داخست و دەستیان بەسەر بڕی 81 کیلۆگرام گۆشتی نەشیاو (خراپ)بۆ خواردندا گرت.
بەپێی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی رانیە، پاش بەدواداچوون لەسەر بنەمای زانیاریی بەشی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، دەرکەوتووە کە گۆشتفرۆشی "سۆما" بە شێوەیەکی نایاسایی و دوور لە رێنماییە تەندروستی و ڤێتێرنەرییەکان، ئاژەڵی لە دەرەوەی کوشتارگە سەربڕیوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای پشکنین دەرکەوتووە گۆشتەکە شیاوی خواردن نەبووە و خاوەنی دوکانەکە چەندین سەرپێچیی دیکەی هەبووە، لەوانە:
نەبوونی مۆڵەتی ڤێتێرنەری و بەسەرچوونی کارتی تەندروستی.
چەندین جار بەستنەوە و خاوکردنەوەی گۆشت.
دۆزینەوەی نەخۆشی لە جگەری ئاژەڵەکە.
پیسبوونی شوێنی هەڵگرتنی گۆشت.
قایمقامیەتی رانیە جەختی کردووەتەوە کە رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر خاوەنی دوکانەکە دەگیرێتەبەر، چونکە سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی چەندین جار، بەردەوام بووە لەسەر سەرپێچییەکانی.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، لێژنەی باڵای ئیغاسە و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراقی تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکانی پێکهاتە مەسیحی و ئێزدییەکان. راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەنگاوە "نادەستوورییە" و ئاوارەکان ناچار دەکات لە دەرەوەی زێدی خۆیان نیشتەجێ بن و رێگری لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان دەکات.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی شەڕی داعشەوە زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە، کە زۆرینەیان مەسیحی و کوردی ئێزدین، تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و لە 18 کەمپدا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن. وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، لەبری ئەوەی حکومەتی فیدراڵ زەمینە بۆ گەڕانەوەیەکی سەلامەت و سەربەرزانە خۆش بکات، "کار بۆ ئەوە دەکات کە ئاوارەکان لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بێ بەش بکات."
وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە ناچارکردنی ئاوارەکان بە نیشتەجێبوون لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان، جۆرێکە لە گۆڕینی دیموگرافیای نایاسایی و پێچەوانەی دەستووری عیراق و بنەما مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەکانی ژنێڤە.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سێ داواکاریی بەپەلەی خستووەتەڕوو:
یەکەم: حکومەتی فیدراڵ دەبێت ئەو بڕیارانەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران رابگرێت.
دووەم: نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاربکەن بۆ راگرتنی ئەو بڕیارانە.
سێیەم: پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال، دانانی قایمقامێکی نوێ و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە.
لە کۆتاییدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە کە چارەسەر دەبێت لەسەر بنەمای گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارەکان بێت و بڕیارەکانی ئەم دواییەی بەغدا بە "خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی" ناوبرد.
بەهۆی مەلەکردنەوە لە ئاوی زێی گەورە مێرمنداڵێک سنوری قەزای ئاکرێ خنکا و لەئێستادا تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادوەریکراوە.
عەقید ئیبراهیم فەریق،بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی قەزای ئاکرێ بەکوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆی مەلەکردنەوە لە ئاوی زێی گەورە مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بەناوی یەحیا سەدیق خنکاوە کە دانیشتوی گوندی بێخمەیە و پاش گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا توانراوە بدۆزرێتەوە، لە ئێستاشدا رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ لە سنوری قەزای ئاکرێدا، هەشت هاووڵاتی بەهۆی مەلەکردنەوە خنکاون.
یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەچوو، وتەبێژی دادگای سلێمانیش دەلێت، "هیچ کەسێک دەستێوەردانی لە کەیسەکەدا نەکردووە و دۆسیەکە یاساییە".
حاکم سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: پڕۆسەی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید بەپێی یاسای سزادانی عیراقی بەڕێوەدەچێت و هەموو مافێکی تۆمەتبار پارێزراوە.
"هیچ جیاوازییەک لەنێوان تۆمەتبارەکاندا نییە، دادگا بێلایەنی خۆی لەدەستنادات"، وتەبێژی دادگای سلێمانی وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشدا: هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ کەس و لایەنێک دەستێوەردانی لە کەیسی شاسوار عەبدولواحید دا نەکردووە، دۆسیەکە یاساییە و هەموو ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر بەپێی یاسا و مادەی یاسایی بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی 8ـی 2025، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام دادگاییکردنەکە بۆ رۆژی 25ـی ئەم مانگە دواخرا.
شاسوار عەبدولواحید رۆژی 12ـی 8ـی 2025 بە فەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 431 دەستگیرکرا.
نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق کرا و گەر هەرێم مەرجەکان جێبەجێ بکات هەفتەی داهاتوو موچەی مانگی شەش دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، "نوسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ خەرجکردنی موچەی مانگی شەشی هەرێم رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق کرا".
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەوەی ماوەتەوە حکومەتی هەرێم 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ مانگی شەش رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق بکات و هەرەوەها هەناردەکردنەوەی نەوتەکە رادەستی سۆمۆ بکات".
پەیامنێری کوردستان نیوز دەشڵێت، "ئەگەر ئەم دوو خاڵە جێبەجێبکرێت، هەفتەی داهاتوو لقی هەولێری بانکی ناوەندی عیراق، هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم تەمویل دەکات"
كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی ئاشكرایكرد، بەرهەمهێنانی نەوتیان لە هەردوو كێڵگەی فیشخابور و تاوكێ دەستپێكردووەتەوە، داهاتیشیان لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا بە رێژەی 37% زیادیكردووە.
كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەوت و غازی نەرویجی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، داهاتی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا بەراورد بە چارەكی یەكەم بە رێژەی لە 37% زیادیكردووە و گەیشتوەتەوە، 258 ملیۆن دۆلار.
ئاماژەی بوەشكردووە، لە چارەكی دووەمدا بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی هێرشە درۆنیەكان و چاكسازییەكان كەمیكردووە، بەڵام لەدوای دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنان لە هەردوو كێڵگەی تاوكێ و فیشخابور، لەئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانە گەیشتووەتە 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، لە كاتێكدا لە چارەكی یەكەمدا زیاتر لە 82 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.
دی ئێن ئۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، بە نیازن دەستبكەنەوە بە كاری هەڵكەندن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئاستی پێش راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆرییەوە كە لە هەردوو كێڵگە 100 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە.
نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق "یۆنامی"، لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە سزادانەوەی شێروان شێروانی دەربڕی.
لە راگەیەندراوەکەی یۆنامیدا هاتووە، "رەنگە سزاکە لەجێی خۆیدا نەبووبێت و بە شێوەیەکی ستەمکارانە درابێت".
یۆنامی دەشڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پیویستە سەروەری یاسا و مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت".
دەقی راگەیەندراوەکەی یۆنامی

ئەمڕۆ دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەگای مەکتەبی سیاسیی لە شاری هەولێر، پێشوازی کرد لە ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عیراق.
لە دیدارێکدا کە وێندی گرین كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باس لە باروودۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان کرا.
هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و موچە و کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند: موچە و قوتی خەڵک جیابکرێتەوە لە موزایەدەی سیاسیی و بانگەشەی هەڵبژاردن.
پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ جەختی لەوەکردەوە کە، گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی ئەرێنین و بە ئاراستەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشە.
شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەشێک لە شەقامی سلێمانی بە ئاڕاستەی کەرکوک دادەخرێت، داواش لە شۆفێران دەکات رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی کارەکانی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری لە یەکتربڕی تاسڵوجە، لەلایەن تیمەکانیان و کۆمپانیای جێبەجێکار دەستدەکرێت بە دانانی "گرێدەر بۆ سەقفی پردەکە" و بۆ ئەو مەبەستەش بەشێک لە شەقامی سلێمانی بە ئاڕاستەی کەرکوک بۆ ماوەی سێ رۆژ دادەخرێت لە رۆژی هەینی رێککەوتی 22ـی ئابی 2025.
هاوکات داواش لە شۆفێران دەکات کە رێگای جێگرەوە بەکاربهێنن بەپێی نەخشەی دیاریکراو وەک لە خوارەوە روونکراوەتەوە :
- ئاڕاستەی (سلێمانی-تاسڵوجە-کەرکوک) لە جیاتی سلێمانی بۆ کەرکوک.
-ئاڕاستەی( کەرکوک- سلێمانی) دەخرێتە سەر سایدی ئاڕاستەی (سلێمانی- کەرکوک).

وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر پرسی موچە و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی گەیشتونەتە لێکتێگەیشتن.
سەرچاوەیەک وەفدی باڵای هەرێم بە محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوزی رایگەیاندووە، هەرێم و بەغداد رێکەوتوون لەسەر ئەوەی داهاتی گومرکی لە سەدا پەنجا بە پەنجا بێت و بە نیوەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دابەش دەکرێت، هاوکات هەفتەی داهاتوو وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ دارایی عیراق و لیژنە وزارییەکە کۆدەبێتەوە و داهاتی باج و رسومات یەکلایی دەکەنەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عیراق رازی بووە کە لە دوای مانگی شەشەوە بە 120 ملیار دینارەکە بچێتەوە، ئەمەش رەزامەندی تەیف سامیی لەسەرە ، بەڵام هێشتا لەسەر هیچ ژمارەیەکیش رێکەوتن نەکراوە.
وتیشی، وەزارەتی دارایی عیراق لە چاوەڕوانی گەیشتنی نوسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی شەش، لە کاتی گەیشتنی نوسراوەکە بۆ دارایی عیراق، ئەوکات لەسەر بنەمای ئەو نوسراوە تەیف سامی ئیمزا لەسەر خەرجکردنی پارەی مووچەی مانگی شەش دەکات.
ئاشکرایشیکرد، لە کاتی رادەستکردنی 120 ملیارەکە لەلایەن هەرێمەوە بە بەغداد و تەواو کردنی (رێکارەکانی) دەستپێکردنەوەی نەوت، راستەوخۆ پارەی موچەی مانگی شەش خەرج دەکرێت، واتا تەنها تەواوکردنی رێکارەکان نەک هەناردەکردنەوەی نەوت.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، خەرجکردنی موچەی مانگی شەش پەیوەست کراوە رادەستکردنی 120 ملیارەکە و تەواوکردنی ریکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت.