بڕیارێک بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی خویندکاران دەرچوو
محەمەد رزگار
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرایکرد، ئەو خێزانانەی دوو خوێندکار یاخود زیاتریان لە خوێندنی پارالێڵ و ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەر یەکەیان بە رێژەی ٪50 ئەنجامدەدرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بڵاویکردەوە، بە فەرمانی د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم ئەو خێزانانەی دوو خوێندکار یان زیاتریان لە سیستمی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەر یەکەیان بە رێژەی ٪50 لە کرێی خوێندنەکەیان دەکرێت، بەهەمان شێوەی ساڵانی پێشوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی (2025- 2026) جێبەجێ دەکرێت، هەروەها ئەم داشکاندنە لە بڕی پارەی داواکراو لەدوای داشکاندنی 45٪ـی کرێی خوێندن هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئەم داشکاندنە خوێندکارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکان دەگرێتەوە.



