فەوزە یوسف ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" رایگەیاند، بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان، مێژوو هەڵوێستی یەكێتی بە ئاوی ئاڵتون دەنوسێتەوە.
فەوزە یوسف لەدیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی كوردستانی نوێ رایگەیاند، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستاندا هەڵوێستی نەتەوەیی نواند، لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و پەروەردەییدا پشتیوانی گەورەی لە شۆڕشی رۆژئاوا كرد و هاوكاری كردین تا بتوانین دامەزراوەكان بنیات بنێین و پەیوەندییەكانی دەرەوە فراوان بكەین.
وتیشی، لە سەرەتاوە سەرۆك مام جەلال و دواتر سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی بەشكۆیان نواند و پێزانینی زۆریان هەیە بۆیان، تەواوی بەرپرسانی یەكێتی خاوەنی هەڵوێستی گەورە بوون لەسەرجەم قۆناغەكاندا، مێژوو هەڵوێستی ئەوان بە ئاوی ئاڵتون دەنوسێتەوە، سەرباری ئەوەی فشارێكی زۆریش لەسەر یەكێتی هەبوو، بەڵام سەریان نەنەواند و هەڵوێستی نیشتمانی خۆیان پیشاندا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە هۆی کۆچی دوایی سالار ئەنوەر عەبدوڵا پرسەنامەیەک ئاراستەی کەسوکار و خانەدوادەکەی دەکات.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان....
لە دڵەوە نیگەران و غەمباربووین بە کۆچی دوایی هەڤاڵی ئازیزمان کاک سالار ئەنوەر عەبدوڵا ناسراو بە (سالار ئەربیل) کەسایەتی دیاری هەولێر و تێکۆشەری نیشتمانپەروەر و دڵسۆز و بەوەفای یەکێتی.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و خانەوادە سەربەرزەکەی و هاوڕێیانی دەکەین و هاوبەشی خەمیانین.
لەخوای گەورە داواکارین گیانی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شادبکات، سەبووری و ئارامی بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پۆلیسێكی دارستان لەكاتی كوژاندنەوەی ئاگرەكەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە گیانی لەدەستدا.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند: پۆلیسەكە لە كاتی كوژاندنەوەی ئاگر لە گوندی نەیجەڵە سوتاوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە
وتیشی، تاوەكو ئێستا ئاگرەكەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە كۆنتڕۆڵنەكراوە.
پێشتر گەنجێكی خۆبەخش بەناوی ئاری موختار لەكاتی هەوڵدان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە سوتاو لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، " شەهیدبوونی کاکە ئاری و هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزان بۆ پاراستنی دارستان و شاخ و داخەکانی کوردستان هەڵگری پەیامێکی قووڵی ئینسانی و نیشتماندۆستییە".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "ئاری موختار" پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "زۆر بە داخەوە لە هەڵمەتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستان و شاخەکانی ناوچەی کۆکۆیی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و گەنجان و خەڵکی خۆبەخش و ژینگەپارێزی سنوورەکە، کاک ئاری موختاری ژینگەپارێزی خۆبەخش گیانی لەدەستدا و بووە شەهیدی رێگای پاراستنی ژینگە جوانەکەی هەڵەبجە و کوردستان".
ئاماژەی بەوەشداوە، "شەهیدبوونی کاکە ئاری و هەوڵ و تێکۆشانی ژینگەپارێزان بۆ پاراستنی دارستان و شاخ و داخەکانی کوردستان هەڵگری پەیامێکی قووڵی ئینسانی و نیشتماندۆستییە و پێماندەڵێت خۆشویستن و پاراستنی ژینگە سنووری نییە".
لە پەیامەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، "لە دڵەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری کاکە ئاری جوانەمەرگ و هەموو خەڵکی هەڵەبجە و ژینگەپارێزانی کوردستان دەکەم. وەک رێزگرتنێک لەم شەهیدە ژینگەپارێزەمان و بۆ ئەوەی ناوەکەی و پەیامی گیانبەختکردنەکەی بۆ هەمیشە لەناو گەلەکەمان بە زیندوویی و بە بەرزی بمێنێتەوە، لە نزیکترین کاتدا لەناو هەڵەبجەدا شوێنێکی گونجاوی بەناوەوە دەکەین".
ئاری موختار، گەنجێکی شاری هەڵەبجەبوو، شەوی رابردوو وەک خۆبەخش بەشداریکرد لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە کەوتبووەوە، بەڵام بەشێک لە جەستەی سوتا و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بڕیار لەسەر ناردنی موچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام بەغدا ناردنی مووچەکەی بەستووەتەوە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو پرسی سەرەکی لەنێوان هەولێر و بەغدادا ماونەتەوە کە بریتین لە پرسی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان. لە ڕووی هەناردەکردنەوەی نەوتەوە هەنگاوی باش نراوە و بڕیارە بە زووترین کات لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە و راستەوخۆ دوای ئەوە، بەغدا بڕیاری ناردنی موچە دەدات.
سەبارەت بە پرسی داهاتەکان، لیژنەکانی وەزارەتی دارایی هەردوو لا راپۆرتەکانیان ئامادە کردووە و خاڵە جیاواز و هاوبەشەکان دیاریکراون. ناکۆکیی سەرەکی لەوەدایە کە عیراق داوای تەواوی داهاتی نانەوتی دەکات، بەڵام هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنها داهاتە نانەوتییە فیدراڵییەکان رادەست دەکات.
لەمبارەیەوە بێستوون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغدا، رایگەیاند: "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسێکی بەشداربووی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەرمگرتووە، هەرێم ئامادەیە بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی مانگی شەش رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات."
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە لە خشتەی فەرمیی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا هیچ ئاماژەیەک بە پرسی مووچەی هەرێم نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت وەک کۆبوونەوەکانی پێشوو، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەو پرسە بخرێتە بەرباس و گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی كۆببێتەوە و باس لە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیا و چەند بابەتێكی تر دەكرێت.
سەرچاوەیەك لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو كۆبوونەوەیە ئاشكرای كردووە، لە كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا پێنج بابەتی سەرەكی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، لەوانە پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیا، كە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023ـەوە راگیراوە، هەروەها باس لە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكرێت لە 26ـی ئەیلولدا،
هاوكات سەردانەكەی عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ بەغداد و ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنێكی ئەمنی سەبارەت بە ئەمنییەتی سنورە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.
هەر بەپێی ئەو سەرچاوەیە، چوارچێوەی هەماهەنگی دوایین ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و دورخستنەوەی ژمارەیەك كاندید لەلایەن كۆمسیۆنەوە تاوتوێ دەكات، گفتوگۆش دەكرێت لەبارەی ئەگەری تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای حەشدی شەعبی و كاریگەرییەكانی لەسەر داهاتووی وڵات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە چالاکییەکدا لەناو شاری سلێمانی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریان دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی2025/8/5 لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەختە و چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەشاری سلێمانی، توانیان لەبۆسەیەکدا دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی ( 19 )کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری تلیاک، کە ئامانجیان شاردنەوە و بردنەدەرەوەی ماددەکە بووە لەڕێگەی بارهەڵگرێکەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 25 لەیاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا زانیاری لەسەر باندێک دەخاتەڕوو.
دەقی راگەیەندراوەکە:
ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنورەکەمان دەکەینەوە ماوەیەکە باندێک پەیدابوون هەڵدەستن بە داونلۆدکردنی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی کەوا لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیکردن وەک (سناپ چات ، فەیسبووک ، ئینستاگرام .....) بە گشتی (public ) دادەندرێت، دواتر هەڕەشەیان پێ لە خاوەنی وێنە و ڤیدیۆیەکە دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پارە. بە پێچەوانەوە بڵاوی دەکەنەوە، جگە لەوەش هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوە و دەستکاریکردن و دانانی نووسینی نەشیاو لەسەر وێنە و ڤیدیۆکان، دوور لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئینسانی و ئاینی.
بۆیە داواکارین کە خۆتان بپارێزن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ تایبەتەکانتان ، بە شێوەی گشتی (public) لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
لە ئەگەری ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەم چەشنە دەتوانن سەردانی نوسینگەکانی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بکەن، هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوورەکەمان دڵنیا دەکەینەوە هێزەکانمان بەردەوامن لە بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە بەم کارە هەڵدەستن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین
مەعنەوی و ڕاگەیاندن
لە سنوری چەمچەماڵ شەڕەتەقە رویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و دوو کەسیش برینداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە گوندی هەنارەی ناحیەی سەنگاو سەر بە قەزای چەمچەماڵ شەڕەتەقە لە نێوان دوو بنەماڵەدا رویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا.
وتیشی، هەر بەهۆی روداوەکە دوو کەس بریندارن و کەسێکیش دەستگیرکراوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی روداوەکەن و لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە.
ئەو عومرەکارانەی لە سعودیەن و ناتوانن بە گەشتی ئاسمانی بگەڕێنەوە، بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەتوانن بەڕێگای وشکانی بگەڕێنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی حەج و عومرە دەکاتەوە، کە ئێستا له عهرهبستانی سعودیهن بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومرە، هێڵی ئاسمانی عیراقی بەهۆی چلەی ماتەمینی ( ئیمام حسێن) هەموو گەشتەکانی چارتەری تا کاتێکی نادیار راگرتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر عومرەکارێک ئارەزوو بکات بگەڕێتەوە ئەوا پێویستە هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لەگەڵی سەفەری کردووە تا بە رێگای وشکانی و بە پاس بگەڕێتەوە،ئەو هاووڵاتیانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە پێویستە لەسەر کۆمپانیاکە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییەکان بۆیان دابین بکات تا گەشتەکانی ئاسمانی دەستپێدەکەنەوە.
حەج و عومرەی کوردستان، ئاگاداری هەموو ئەو کۆمپانیانە دەکاتەوە هەر کۆمپانیایەک بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت روبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەبێتەوە و خەرجی ئەو عومڕەکارانەی کە لەوێن لەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە وەکو بارمتە داویانە.
جێگەی ئاماژەیە، لە ئێستادا نزیکەی 16 هەزار عومرەکاری عیراقی لەوێ ماونەتەوە کە لە نێویاندا نزیكهی دوو هەزار عومرەکاری هەرێمی کوردستانن.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دیاریدەکات، وەزیری پەروەردەش دەڵێت: بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی خوێندکاران ناگۆڕێت.
ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا رۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاری نەکراوە، هەر کاتێک ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئەنجامدا و ساڵنامەی خوێندن دانرا ئەو کاتە بڕیار لەسەر دیاریکردنی دەستپێکردنەوەی یەکەم رۆژی خوێندنی ساڵی نوێ دەدرێت.
سەبارەت بە گۆڕینی جلوبەرگی خوێندکاران، وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن جلوبەرگی خوێندکاران هەمان جلوبەرگی ساڵی پار دەبێت. بەڵام بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 جلوبەرگی خوێندکاران دەگۆڕێت و بۆ ئەو کاتە دیزاین و رەنگەکەی بڵاودەکرێتەوە.
لە بارەی خانەنشینبوونی مامۆستایان و دروستبوونی گرفت بۆ ناوەندەکانی خوێندن، ئالان حەمەسەعید ئەوەی خستەڕوو، لیژنەی میلاکاتی وەزارەتی پەروەردە سەرقاڵی رێکخستنەوەی میلاکاتی مامۆستایانن، وتیشی، لە 1ـی 1ـی 2025ەوە تا ئێستا زیاتر لە حەوت هەزار و 500 مامۆستا خانەشینبوون، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان سەرقاڵی رێکخستنەوەی میلاکاتی خۆیانن و بۆ ئەو بابەتە دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ئۆپراسیۆنێكدا لە دێرەزوور 12 ئەندامی شانەی نوستووی داعشیان دەستگیركرد و چوار شەرڤانیشیان رزگار كرد.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، یەكینەكانی پاراستنی ژنان ناسراو بە یەپەژە لە شارۆچكەی خەرەنجی رۆژهەڵاتی دێرەزوور ئۆپراسیۆنێكیان دژی گروپی تیرۆرستی داعش ئەنجامدوە.
دەشڵێت، لە ئۆپراسیۆنەكەدا 12 ئەندامی شانەی نوستووی رێكخراوی تیرۆرستی داعشیان دەستگیركرد كە پلانی ئەنجامدانی هێرشی تیرۆرستییان دانابوو دژی هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان، هاوكات لە ئۆپراسیۆنەكەدا چوار شەرڤان رزگار كران.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش بڵاویكردەوە، هەسەدە زیاتر لە 100 زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی ناردووەتە دێرەزوور، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاساییشی ناوچەكە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، کاریگەری ئەو تۆز و خۆڵەی بەشێک لە ناوچە جیاجیاکانی گرتوەتەوە بەردەوام دەبێت و لە هەدنێک کاتدا کەمدەبێتەوە لە هەندێک کاتیشدا زیاد دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، خۆڵبارین لە سنوری گەرمیان زیاتر دەبێت و لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆک کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، کاریگەری خۆڵبارین دەمێنێت و پلەکانی گەرما کەمێک نزمدەبنەوە.
پلەکانی گەرما بەم شیوەییە دەبێت.....
هەولێر : 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 40 پلەی سیلیزی
دهۆک : 41 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 42 پلەی سیلیزی
سۆران : 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 31 پلەی سیلیزی
گەرمیان 44 پلەی سیلیزی
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی، بەهۆی ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی روی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بینین، چەند رێنمایی و هۆشدارییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد و داوایان لێدەکات بۆ سەلامەتیی گیانیان پابەند بن پێوەی.
لە راگەیەندراوێکدا، هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ کردووەتەوە، لەوانە:
کەمکردنەوەی خێرایی و شوفێریکردن بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە.
پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکاندا.
داگیرساندنی گڵۆپی تەم (Fog Light) بۆ باشتر بینین.
بەکارهێنانی ماسک لەپێناو پاراستنی تەندروستی.
هەروەها هاتووچۆی سلێمانی داوای لە هاوڵاتییان کردووە، تا کۆتاییهاتنی شەپۆلی خۆڵبارینەکە، گەشتەکانیان بۆ ناوچە شاخاوییەکان و رێگا دەرەکییەکان دوابخەن یاخود ئەنجامی نەدەن ئەگەر پێویست نەبێت.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتییەکە ژمارەی هێڵە گەرمەکانی بڵاوکردووەتەوە تاوەکو هاوڵاتییان لە کاتی پێویستدا پەیوەندییان پێوە بکەن:
کۆنترۆڵی هاتووچۆ: ١٨٨
سەنتەری هەماهەنگیی پەیوەندییەکان (PJCC): ١٠٠
فریاگوزاریی تەندروستی: ١٢٢
بەرگریی شارستانی: ١١٥
پۆلیسی فریاکەوتن: ١٠٤
ئاسایش: ١٠٦
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد.
دەقی پەیامەکە:
بەرێزان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بە بۆنەی تێپەڕبوونی حەفتا و نۆ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەین.
بەم بۆنەیەوە تەئکید لەسەر پێویستی یەکریزی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتیش یەکێتی و پارتی، دەکەینەوە لە پێناوی پێکهێنانی حکومەتێکی پتەوو کارا کە ئەرکی چاکسازی و ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی بگرێتە ئەستۆ، لە رێی سەرخستنی ویستی گەلەکەمان لە دابینکردنی ماف و ئیستحاقە دەستورییەکانی لە عیراق، بە تایبەتیش مووچە و شایستە داراییەکانیان، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا.
جارێکی تر پیرۆزە و سەرکەوتووبن
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
١٦/٨/٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود بارزانی کرد.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەبۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێزتان، جێگرانی سەرۆکی پارتی، سەرکردایەتی، ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
جەخت لە هەماهەنگی و تەبایی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەینەوە، لەپێناو کارکردنی پێکەوەیی و راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و چارەنووسسازەکان و بەهێزترکردنی قەوارەکەمان و باشترکردنی ژیانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان