دوای نزیکەی سێ ساڵ درەنگانێکی ئەمشەو یەکەم فڕۆکە لە تورکیاوە دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
بڵند
٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
لە سێی نیسانی ساڵی 2023وە تورکیا قەدەغەی گەشتەکانی بۆ سلێمانی دەستپێکرد، دوای چەند جارێک لە درێژکردنەوەی، بڕیارە درەنگانێکی ئەمشەو یەکەم گەشتی ئاسمانی لە نێوان تورکیا و سلێمانیدا دەستپێبکاتەوە و نزیک سەعاتی یەکی شەو یەکەم فڕۆکەی نەفەر هەڵگر بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی.
ئەمشەو سەعات 10:30 یەکەم فڕۆکە، دوای نزیکە سێ ساڵ بە زیاتر لە 160 سەرنشینەوە لە جۆری بۆینگ لە تورکیاوە دەفڕێت و وەک ئەوەی لە گەشتەکەدا دیاریکراوە سەعات یەکی شەو دەگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەمان فڕۆکە لە سەعات سێ بەرەبەیانی سبەینێ گەشتێکی پێچەوانە دەکات و بە ژمارەیەک سەرنشینەوە، سلێمانییەوە بەرەو تورکیا جێدەهێڵێت.
بە گوێرەی خشتەی فڕینەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئیتر هەموو هەفتەیەک چوار گەشت لە نێوان تورکیا و سلێمانیدا دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێشتر بڵاویکردبوەوە، بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن 'هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین'ـەوە بۆ فڕۆکەخانەکە نێردراوە، وابڕیارە رۆژی 3ـی11ـی ئەمساڵ، گەشتەکانی نێوان ئیستەنبوڵ-سلێمانی بەپێچەوانەشەوە دەستپێبکەنەوە.



