بافڵ تاڵەبانی لە میانی بەشداریکردنی لە کەرنەڤاڵی جەماوری یەکێتی لە هەولێر رایگەیاند، قەڵای هەولێر سەوزە و ئەوان لە بە غداد پرۆژەی گەورە و خزمەتگوزار بۆ هاووڵاتییان دابین دەکەن، بەڵام بە شێوازێکی یەکێتیانە لە زاخۆوە تا خانەقین بەیەک چاو سەیری هەموو کوردستان دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە، لە هەولێری پایتەخت کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی 222ـی یەکێتی بەڕێوەچوو، بافڵ تاڵەبانی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند؛ بودجەی کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ ساڵەکانی 2004 بۆ 2013 و پڕۆژەی گەورە لە بەغدادەوە دێننەوە بۆ کوردستان، تەواوی ئەو پردانەی لە نێوان هەرێم و بەغداد تێکشکێندراوە چاکی دەکەنەوە.

جەختیکردەوە یەکێتی هێزی ئێوە دەبێت لە بەغداد؛ دەنگی تەواوی چین و توێژەکان دەبێت بەبێ جیاوازی، ئاماژەی بەوەشکرد لە ساڵی 2014وە دامەزراندن وەستێندراوە بۆ خەڵکی ئاسایی، بەڵام بۆ ئەوانەی نزیکی فیرعەونەکانن بەردەوام هەیە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا روی کردە کریستیانەکان و رایگەیاند وەک یەکێتی رێز لە مافی پێکهاتەکان دەگرن و دەبێت پێکهاتەکان لە هەرێم نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، جەختیکردەوە دەبنە بەرگریکاری راستەقینەی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان. 

داوشیکرد لە رۆژی دەنگدان دەنگ بدەن بە لیستی 222 و بۆ ئەوەی گەندەڵییەکان نەهێڵن و ئازادی بۆ هەولێر بگەڕێننەوە، وەک چۆن لە کەرکوک توانیان ئازادی بۆ بگەڕێننەوە و پارێزگارێکی کورد دابنێن. 

لە کۆتای وتارکەشیدا ئاماژەی بەوەکرد یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هێزی کۆسرەت رەسوڵ و دیپلۆماسیەتی مام جەلالی هەیە، بۆیە لە هێزەکانی دیکە جیاوازە و هەمیشە رزگارکەری کوردستان بوون و داواشیکرد لە رۆژی دەنگداندا سندوقەکان سەوز بکەن.