کوردستانکوردستان

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: چالاکی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان پەکخرا، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە لە دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار و ناجێگیری بەهاکەی بەهۆی زیادکردنی رێژەی باج لەسەر بەشێکی زۆر لەکەلوپەلی هاوردە.

رەوەز ئەحمەد شا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا حکومەتی فیدڕاڵی عیراق بڕیاری جێبەجێکردنی هەردوو (سیستمی ئەسیکۆدا و هاوتاکردنی باجی گومرگی) بۆ هەرێمی کوردستان دا، وادەکەشی تا رۆژی 1ـی1ـی2026 درێژکردەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرباری ئەم هەڕەشە جدییە و جگە لەجێبەجێنەکردنی سیستمەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ئامادەکاری و پلانێکی جێگرەوەی نەبوو بۆ زامنی بەردەوامی کار و جوڵەی بازرگانی.

رەوەز ئەحمەد شا ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڕیارەکە، چیتر فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بانکی مەرکەزی و حکومەتی فیدراڵیەوە بە بلۆک کراو هەژمار دەکرێن، هەروەها  رێگە بەهیچ بازرگان و کۆمپانیایەک نادرێت بۆ هیچ جۆرە جوڵەیەکی بازرگانی (نێودەوڵەتی/بانکی) ئەم دەروازانەی هەرێم بەکار بێنێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی حکومەتی عیراق جگە لە کاریگەری لەسەر بازرگانی و ئابوری هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکیشە لە دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار و ناجێگیری بەهاکەی بەهۆی زیادکردنی رێژەی باج لەسەر بەشێکی زۆر لەکەلوپەلی هاوردە.

سیستمی ئەسیکودا ( ASYCUDA System ) کورتکراوەی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگیە، سیستمێکە کە بەکاردێت بۆ رێکخستنی کارەکانی گومرگی لە رێگەی ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەکانی وەک کۆکردنەوەی زانیاری و شیکاری لە خاڵە گومرگییەکان، ئەم جۆرە سیستمە لە زۆرێک لە وڵاتان بەشێوەی هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و ئاسایشی گومرگی،هەروەها  سیستمی ئەسیکودا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەدواداچوون و شیکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت، بە تایبەت ئەگەر زیادبوون هەبێت، ئاسانکاریش دەکات لە ئۆتۆماتیکیکردنی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری لە خاڵە گومرگییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
تۆمەتبارێک روبەڕوی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بووەوە و لە ئەنجامدا پۆلیسێک برینداربوو و تۆمەتبارەکەش کوژرا.
سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رایگەیاند، ئەمرۆ لە روداوێکدا کەسێک، هاووڵاتییەک دەکوژێت و لەئەنجامی بەداواچوونی هێزە ئەمنییەکان توانرا شوێنی تۆمەتبار دەستنیشان بکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهەوڵی هێزە ئەمنییەکان دوای وەرگرتنی بریاری دادوەر، داوا لەتۆمەتبار کرا خۆی رادەستی یاسا بکات، بەڵام تۆمەتبار روبەڕوی هێزە ئەمنییەکان بویەوە، لەدوای بریندارکردنی کارمەندێکی پۆلیس لەئەنجامی رووبەڕووبونەوەکە، تۆمەتبار کوژرا.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری جەخت لە هەماهەنگی و یەکخستنی توانای دامەزراوەکانی یەکێتی کرایەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەمان رۆحییەتی کوردانە و یەکێتییانەوە درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەبین.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ساڵی رابردوو سێ هەزار و 145 حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە، تەندروستی سلێمانیش دەڵێت: لەو ژمارەیە تەنها هەزار و 448 نەخۆشیان خەڵکی ناو شاری سلێمانی بوون.

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 145 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراوە و 190 تووشبوویان منداڵ بوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو حاڵەتی شێرپەنجانەی ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراوە 624 شێرپەنجەی مەمك، 189 شێرپەنجەی كۆڵۆن، 185 شێرپەنجەی سییەكان، 167 شێرپەنجەی پرۆستات، 108 شێرپەنجەی غودەی دەرەقی، هەروەها 102 شێرپەنجەی خوێن، 102 شێرپەنجەی گەدە، 98 شێرپەنجەی ریخۆڵە باریكە، 95 شێرپەنجەی مێشك، 93 شێرپەنجەی میزەڵدان بووە.

تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو حاڵەتانەی تووشبوون بە شێرپەنجە ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراون هەزار و448  نەخۆشیان خەڵكی ناو شاری سلێمانی بوون، هاوکات هەزار و 330  نەخۆشیان خەڵكی قەزا و ناحیەكان بوون، هەروەها  144 نەخۆش خەڵكی هەڵەبجە و 122 نەخۆش خەڵكی كەركوك، 46 نەخۆش خەڵكی هەولێر، 7 نەخۆش خەڵكی دهۆك و 147 نەخۆش خەڵكی پارێزگاكانی تری عیراق بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکان تاوتوێکرا و یەکخستن و یەکگووتاری کورد لە بەغداد بە گرنگ زانرا.

پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کردەوە کە بە هاوسەنگی خزمەتی تەواوی ناوچەکان بکات و لە ئاست خواستی هاونیشتمانییان و چارەسەرکردنی کێشەکاندا بێت.

پرسی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خرایەبەر باس و بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بنیادنانی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە رۆژی پێنجشەممەوە کامێراکانی رێگاکانی پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن دەکەونە کار و رۆشتن لەو رێگایانە بە شێوەی خاڵ بۆ خاڵە.

هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە، بەمەبەستی کەمکردنەوە و رێکخستنی خێرایی ئۆتۆمبێلەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە روداوەکانی هاتوچۆ، ژمارەیەک کامێرای چاودێری نوێی خاڵ بۆ خاڵ دەکەونە کار.

ئاماژە بەوەکراوە، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سەررێگاکانی (عەربەت – سیدصادق – پارێزگای هەڵەبجە) هەروەها رێگای پێنجوێن لە رۆژی پێنج شەممە 8-1-2026 لە سەعات 12ـی نیوەڕۆوە دەکەونە کار

هاتوچۆی سلێمانی دەشڵێت؛ هەردوو سایدی هاتن و رۆشتن کامێراکان بەشێوەی خاڵ بۆ خاڵ تیژەڕەوی شۆفیران تۆماردەکەن و سەرجەم ئەو سنوری خێراییەانەی دیارکراون بۆ رێگاکان بە هێما دیاریکراوە و داواکارن لە شۆفێران پابەندی رێنماییەکان بن، تا بەدوربن لە هەر روداوێکی نەخوازراو و سزای هاتوچۆ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم، رایگەیاند، شەپۆلی سەرما تارادەیەک کۆتایی دێت و  پلەکانی گەرما دوو بۆ چوار پلە بەرزدەبنەوە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاماژەیان بەوەشکردوە ساردترین شوێنی هەرێم حاجی ئۆمەران دەبێت بە دوو پلەی سیلیزی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتووی کەشوهەوا بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرە پێشبینییەکان،  پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنی بەرزدەبنەوە و ئاسمانیش لە نێوان نیمچە هەوردا دەبێت.

کەشناسی دەشڵێت؛ پلەکانی گەرما دوو بۆ چوار  پلە بەرز دەبنەوە لە تەواوی ناوچەکان، دەچنە سەرو 10 پلەوە، جگە لە سۆران کە نۆ پلە دەبێت  و لە حاجی ئۆمەرانیش  دەگاتە دوو پلە و ساردترین شوێنی هەریم دەبێت.

لە بارەی کەشی سبەینێشەوە، دەڵێت؛ هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت و بەرزترین پلەکانی گەرمای نزیک دەبنەوە  لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ رۆژی سێشەممە بەمشێوەیە؛

هەولێر :14 پلەی سیلیزی

پیرمام 12 پلەی سیلیزی

سۆران 10 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران 5 پلەی سیلیزی

سلێمانی 12 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 14 پلەی سیلیزی

دهۆک 12 پلەی سیلیزی

زاخۆ 11 پلەی سیلیزی

کەرکوک 15 پلەی سیلیزی

ئاکرێ 13 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 12 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای چوار رۆژ لە داخستنی بەڕووی گەشتیاراندا، بەهۆی زۆری بەفربارین و بەستنی رێگاکان، دەروازەی نێودەوڵەتی زێد رایدەگەیەنێت، لەمڕۆوە هاتوچۆکردنی گەشتیاری لە دەروازەکەیان ئاسایی دەبێتەوە.

لە راگەیەندراوێكدا، کە بەرێوەبەرايەتی ئاسايشى دەروازە سنوريەکان بڵاویکردوەتەوە ئەمڕۆ دووشەممە، دەروزە نێودەوڵەتی زێد بەڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە و گەشتیاران دەتوانن دەروازەکە بۆ چونە ناو تورکیا بەکار بهێنن.

 دەروازەی زێت، کە دەروازەیەکی نیودەوڵتیە لە نێوان هەریمو  تورکیادا و لە روی تورکیاوە ناوەکەی " دەرەجيک تورکيا"یە، رۆژی پێنجشەممە دوای بارینی بەفرێکی زۆر، بوە هۆی دروستبونی ئاستەنگی هاتوچۆکردن و بەستنی رێگاکان، بەتایبەت لە روی تورکیاوە، بوە هۆی داخستنی دەروازەکە بەرووی گەشتیاراندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
 
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی سادقوون کرد و رایگەیاند، پەرۆشی سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتیین بۆ کاری هاوبەش و شەراکەتی راستەقینە لە عیراقدا.

لە دیدارەکەدا کە دکتۆر نەعیم عەبودی سەرۆکایەتی وەفدەکەی سادقوونی دەکرد و بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و نزار ئامێدی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و خزمەتکردنی گەل و وڵات.

هەر لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی بەردەوامیی گفتوگۆی بونیاتنەر و هاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە، بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و پاراستنی سەقامگیریی عیراق، هەروەها پابەندبوون بە وادە دەستورییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەتی یەکێتیی بۆ کاری هاوبەش دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "دەمانەوێت حکومەتێک بونیات بنێین کە وەڵامدەرەوەی خواستی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بێت و ببێتە مایەی خزمەتکردنی زیاتر و بوژاندنەوەی وڵات، ئەوەش تەنها بە پرۆژەی هاوبەش دێتەدی".
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی چەمچەماڵ دەکات و رایدەگەیەنێت، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێویست بە هێنانی پشتگیری ناکات.

د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانی وزاری ژمارە 21ی تایبەت بە لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی خوێندکارانی دانیشتوی قەزای چەمچەماڵی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 ئیمزا کرد.

بەپێی فەرمانەکە، پێویست ناکات خوێندکاران پشتگیری لە هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بهێنن، بەڵکو بە هەماهەنگی لەنێوان تۆماری گشتی و بەشی دارایی زانکۆکان، لەڕێگەی سیستمی زانکۆلاینەوە کارەکان دەکرێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیکردووەتەوە، لەڕێگەی کۆدی تاقیکردنەوەکان کە لە 13 ژمارە پێکهاتووە، هەر خوێندکارێک ژمارەی پێنجەم و شەشەمی کۆدەکەی (05) بێت، ئەوا دەرچووی پەروەردەی چەمچەماڵە و دانیشتوی ئەو قەزایەیە، بۆیە راستەوخۆ لێخۆشبوونەکە دەیگرێتەوە.

ئەم بڕیارە وەک هاوخەمییەکە بۆ دانیشتووانی چەمچەماڵ بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەی لەم دواییەدا رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە، لێخۆشبوونەکەش سەرجەم خوێندکارانی پارالێڵ و ئێواران لە خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی جەژنی یارانی قەوڵتاس لە کاکەییەکان دەکات و دەڵێت: پاراستنی فرەیی ئایینی و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئارام هەمیشە جێگەی بایەخمانە.

دەقی پیرۆزباییەکەی قوباد تاڵەبانی.....

جەژنی یارانی قەوڵتاس لە هەموو خوشک و برایانی کاکەیی پیرۆز بێت.

رەسەنایەتی و خۆڕاگریی کاکەییەکان لە پاراستنی شوناسی خۆیاندا، جێگەی ڕێز و شانازییە بۆ هەموو کوردێک. لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی فرەیی ئایینی و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئارام و کراوە کە تێیدا هەموو دەنگە جیاوازەکان پارێزراو بن، هەمیشە جێگەی بایەخمانە.

جەژنتان پیرۆز و کوردستان هەمیشە مەڵبەندی برایەتی و پێکەوەژیان بێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەڵەبجە تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە چەند پارچە زێڕ وجوانکاری ژنان و کامێرایەکی چاودێر دزیبوو، پۆلیسی پارێزگاکەش دەڵێت: تۆمەتبارەکە پیشەی کاسبکارە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە توانرا  تۆمەتبارێک  دەستگیربکرێت،  بەتۆمەتی چونە سەرماڵی دراوسێیەکی و دزینی چەند پارچە ئاڵتونێک وجوانکاری ژنان و کامێرایەکی چاودێری.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتیەکەوە سکاڵا تۆمارکرا لەبەشی پۆلیسی  نەهێشتنی تاوان،دەستبەجێ دەست کرا بەلێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەڕێگەی مەفرەزەکانیانەوە، توانرا   تۆمەتبارێک  کە تەمەنی 28 ساڵە و پیشەی کاسبە  بەبڕیاری دادوەر دەستگیربکرێت .

پۆلیسی هەڵەبجە راشیگەیاند، تۆمەتبار لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیاندا ناوە و  بەپێی مادەی446 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئاسمان ساماڵ و سارد دەبێت و لە کاتەکانی بەیانیاندا و دیاردەی بەستن رودەدات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و سارد دەبێت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ هەور دروست دەبێت لە ئاسمان .

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ کەش سارد و دیاردەی بەستن لە کاتەکانی بەیانی رودەدات، هاوکات لە هەندێ ناوچە دوای نیوەڕۆ ئاسمان بە گشتی  پەڵە و نیمچە هەور دەبێت .  

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر : 11 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 8 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ 11 پلەی سیلیزی

دهۆک : 11 پلەی سیلیزی

زاخۆ  : 10  پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 9 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، لەسەر روداوی هەراسانکردنی کچێک لە بەسرە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئەوەی رویدا شەرمەزاریی و دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر شکۆی ژنان و کچان و مافە سەرەکییەکانیان.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراقە لەسەر روداوی هەراسانکردنی کچێک لەبەسرە. 

زۆر توڕە و نیگەرانم  بە هەواڵی هەراسانکردنی کچێک لە کۆرنیشی بەسرە لەمیانی ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵی زاینیدا.

ئەوەی ڕوویدا شەرمەزاریی و دەستدرێژییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر شکۆی ژنان و کچان و مافە سەرەکییەکانیان.

ئەم رەفتارە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، چونکە هەراسانکردن توندوتیژییە و بێدەنگ بوونیش لێی، بەشداربوونە لەتاوانەکە.

خۆشحاڵم بەدەستگیرکردنی تاوانباران، پێشبینی سەپاندنی سزای یاسایی توند و شەفاف دەکەم. چونکە لێپرسینەوە زۆر پێویستە ئەگەر بەڕاستی پابەندی پاراستنی کۆمەڵگە و شوێنە گشتییەکانمانین.

ئەم رەفتارە هیچ لەگەڵ بەها و کلتور و ئایندەماندا ناگونجێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەهۆی بەفر و بارانبارینی رۆژانی رابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردوە و لە تەواوی ناوچەکانی هەرێم دوو تا سێ هێندەی ساڵی پار بارانیش باریوە، لە بارەی ئاستی بەنداوەکانیشەوە دەڵێن؛ بەنداوی دەربەندیخانش پێنج مەتر و دوکان چوار مەتر ئاستی ئاوەکەیان  زیادی کردوە.

لە راگەیەندراوێكدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی کاریگەری شەپۆلی باران و لافاو و بەفرەی، کە لە سەرەتایی کانوونی یەکەمەوە دەستی پێکرد، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بارانبارین لە زۆربەی دەڤەرەکان دوو تا سێ بەرامبەر زیاتری ساڵی پار باریووە و بارینی بەفریش لە چەن ناوچەیەکی فراوان بوەتە هۆی زیادکردنی ئاو لە بەنداوەکاندا.

ئاماژەبەوەکراوە، لەو ماوەیەدا لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە نیو ملیار مەتر سێجا ئاو کۆگاکراوە  و بەهۆیەوە لە بەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر و لە بەنداوی دوکان چوار مەتر ئاستی ئاوەکەیان زیادی کردوە.

هەروەها بەنداوی دهۆک 41 سانتیمەتر و بەنداوی گۆمەسەپانیش یەک مەتر ئاستی ئاوەکەی بەرزبوەتەوە، هەرچی  بەنداوە بچوک و مامناوەندەکانیشە لە سنوری گەرمیان و سلێمانی و هەولێر و دهۆک  پڕبوون و شەپۆلی سەلامەتی لافاوەکەیان تێپەراندوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوای توانەوەی بەشێکی دیکە لە بەفری چیاکان و ناوچە نزمەکان، لە رۆژانی داهاتوودا رێژەی ئاوی بەنداوەکان زیاتر دەبێت و ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەرزتر دەبنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەندیکای رۆژنامەنوسانی سلێمانی، رایدەگەیەنێت رێكخراوێك بەناوی (كۆمەڵەی بەرگری لەرۆژنامەنووسى) کە نوێنەریان لە هەرێمی کوردستاندا نییە، لەراپۆرتێكدا ناوی سلێمانی هێناوە گوایە زۆرترین پێشێلكاریی تێدا تۆماركراوە و  سەرچاوەی ئامارەکانیشیان دیار نییە  سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن.

سەندیکای رۆژنامەنوسانی سلێمانی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ رێكخراوێك درۆ بەناوی سلێمانیەوە دەكات و ناوی  (كۆمەڵەی بەرگری لەرۆژنامەنووسى) كەزاراوەی پێشێلكاریی نەناساندوە، لەراپۆرتێكدا ناوی سلێمانی هێناوە گوایە زۆرترین پێشێلكاریی تێدا تۆماركراوە، لەكاتێكدا زاراوەی پێشێلكاریی لای ئەم رێكخراوە رون و ئاشكرا نییە.

ئاماژەبەوەشکراوە، ئەو رێکخراوە، کە نوێنەریان لە هەرێم نییە و دیار نییە لە کوێوە ئامارەکەیان وەرگرتوە، رەنگە کۆپی پەیستیان کردبێت، ئەوان لە لقی سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان نیگەران کردوە بە شێواندنی راستیەكان و وێناكردنی نێگەتیڤانەی ژینگەی میدیایی لە كوردستاندا بەوەرگرتنی زانیاریی لەزاری كەسان و سەرچاوەی نەناسراوەوە.

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان، دەشڵێت؛ بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو هەڵە زەقەوە و گومانیان لەسەر دروست نەبێت، دەتوانرا ئامارەكانی لیژنەی داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان وەربگیرایە یان پرسیارێكیان لەلقی سلێمانی سەندیكاكە بكردایە.

ئەوەشیانخستوەتەڕوو، ئێستا لەبەردەم بژاردەی تۆماركردنی سكاڵای رەسمین لەدادگای تایبەت بە رۆژنامەنووسان لە شاری سلێمانی و بەغداد لەسەر رێكخراوەكە و بەرێوەبەرانیان، كە وەڵامی پەیوەندیی تەلەفۆنەكانیان نادەنەوە، تا بزانن ئەم  هەڵەیە چییە کردویانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...105106107108109...992