بافڵ تاڵەبانی: پێویستە حکومەتێک پێکبهێنریت لە ئاست خواستی هاونیشتمانییان و چارەسەرکردنی کێشەکاندا بێت
محەمەد رزگار
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکان تاوتوێکرا و یەکخستن و یەکگووتاری کورد لە بەغداد بە گرنگ زانرا.
پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کردەوە کە بە هاوسەنگی خزمەتی تەواوی ناوچەکان بکات و لە ئاست خواستی هاونیشتمانییان و چارەسەرکردنی کێشەکاندا بێت.
پرسی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە خرایەبەر باس و بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، یەکێتی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بنیادنانی هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان.



