رەوەز ئەحمەد شا: چالاکی بازرگانی لەدەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێم پەکخرا
محەمەد رزگار
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: چالاکی بازرگانی لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان پەکخرا، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە لە دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار و ناجێگیری بەهاکەی بەهۆی زیادکردنی رێژەی باج لەسەر بەشێکی زۆر لەکەلوپەلی هاوردە.
رەوەز ئەحمەد شا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا حکومەتی فیدڕاڵی عیراق بڕیاری جێبەجێکردنی هەردوو (سیستمی ئەسیکۆدا و هاوتاکردنی باجی گومرگی) بۆ هەرێمی کوردستان دا، وادەکەشی تا رۆژی 1ـی1ـی2026 درێژکردەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرباری ئەم هەڕەشە جدییە و جگە لەجێبەجێنەکردنی سیستمەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ئامادەکاری و پلانێکی جێگرەوەی نەبوو بۆ زامنی بەردەوامی کار و جوڵەی بازرگانی.
رەوەز ئەحمەد شا ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڕیارەکە، چیتر فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بانکی مەرکەزی و حکومەتی فیدراڵیەوە بە بلۆک کراو هەژمار دەکرێن، هەروەها رێگە بەهیچ بازرگان و کۆمپانیایەک نادرێت بۆ هیچ جۆرە جوڵەیەکی بازرگانی (نێودەوڵەتی/بانکی) ئەم دەروازانەی هەرێم بەکار بێنێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەی حکومەتی عیراق جگە لە کاریگەری لەسەر بازرگانی و ئابوری هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکیشە لە دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار و ناجێگیری بەهاکەی بەهۆی زیادکردنی رێژەی باج لەسەر بەشێکی زۆر لەکەلوپەلی هاوردە.
سیستمی ئەسیکودا ( ASYCUDA System ) کورتکراوەی سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ داتای گومرگیە، سیستمێکە کە بەکاردێت بۆ رێکخستنی کارەکانی گومرگی لە رێگەی ئۆتۆماتیکیکردنی پرۆسەکانی وەک کۆکردنەوەی زانیاری و شیکاری لە خاڵە گومرگییەکان، ئەم جۆرە سیستمە لە زۆرێک لە وڵاتان بەشێوەی هاوشێوە بەکاردەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی کارایی و ئاسایشی گومرگی،هەروەها سیستمی ئەسیکودا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەدواداچوون و شیکردنەوەی سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت، بە تایبەت ئەگەر زیادبوون هەبێت، ئاسانکاریش دەکات لە ئۆتۆماتیکیکردنی کۆکردنەوە و شیکردنەوەی زانیاری لە خاڵە گومرگییەکان.



