سەندیکای رۆژنامەنوسان: رێكخراوێك درۆ بەناوی سلێمانیەوە دەكات
بڵند
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
سەندیکای رۆژنامەنوسانی سلێمانی، رایدەگەیەنێت رێكخراوێك بەناوی (كۆمەڵەی بەرگری لەرۆژنامەنووسى) کە نوێنەریان لە هەرێمی کوردستاندا نییە، لەراپۆرتێكدا ناوی سلێمانی هێناوە گوایە زۆرترین پێشێلكاریی تێدا تۆماركراوە و سەرچاوەی ئامارەکانیشیان دیار نییە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی سلێمانی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ رێكخراوێك درۆ بەناوی سلێمانیەوە دەكات و ناوی (كۆمەڵەی بەرگری لەرۆژنامەنووسى) كەزاراوەی پێشێلكاریی نەناساندوە، لەراپۆرتێكدا ناوی سلێمانی هێناوە گوایە زۆرترین پێشێلكاریی تێدا تۆماركراوە، لەكاتێكدا زاراوەی پێشێلكاریی لای ئەم رێكخراوە رون و ئاشكرا نییە.
ئاماژەبەوەشکراوە، ئەو رێکخراوە، کە نوێنەریان لە هەرێم نییە و دیار نییە لە کوێوە ئامارەکەیان وەرگرتوە، رەنگە کۆپی پەیستیان کردبێت، ئەوان لە لقی سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان نیگەران کردوە بە شێواندنی راستیەكان و وێناكردنی نێگەتیڤانەی ژینگەی میدیایی لە كوردستاندا بەوەرگرتنی زانیاریی لەزاری كەسان و سەرچاوەی نەناسراوەوە.
لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان، دەشڵێت؛ بۆ ئەوەی نەکەونە ئەو هەڵە زەقەوە و گومانیان لەسەر دروست نەبێت، دەتوانرا ئامارەكانی لیژنەی داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان وەربگیرایە یان پرسیارێكیان لەلقی سلێمانی سەندیكاكە بكردایە.
ئەوەشیانخستوەتەڕوو، ئێستا لەبەردەم بژاردەی تۆماركردنی سكاڵای رەسمین لەدادگای تایبەت بە رۆژنامەنووسان لە شاری سلێمانی و بەغداد لەسەر رێكخراوەكە و بەرێوەبەرانیان، كە وەڵامی پەیوەندیی تەلەفۆنەكانیان نادەنەوە، تا بزانن ئەم هەڵەیە چییە کردویانە.



