تەندروستی سلێمانی: ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە
محەمەد رزگار
٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
ساڵی رابردوو سێ هەزار و 145 حاڵەتی توشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراوە، تەندروستی سلێمانیش دەڵێت: لەو ژمارەیە تەنها هەزار و 448 نەخۆشیان خەڵکی ناو شاری سلێمانی بوون.
بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا سێ هەزار و 145 حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراوە و 190 تووشبوویان منداڵ بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو حاڵەتی شێرپەنجانەی ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراوە 624 شێرپەنجەی مەمك، 189 شێرپەنجەی كۆڵۆن، 185 شێرپەنجەی سییەكان، 167 شێرپەنجەی پرۆستات، 108 شێرپەنجەی غودەی دەرەقی، هەروەها 102 شێرپەنجەی خوێن، 102 شێرپەنجەی گەدە، 98 شێرپەنجەی ریخۆڵە باریكە، 95 شێرپەنجەی مێشك، 93 شێرپەنجەی میزەڵدان بووە.
تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو حاڵەتانەی تووشبوون بە شێرپەنجە ساڵی رابردوو لە نەخۆشخانەی هیوا تۆماركراون هەزار و448 نەخۆشیان خەڵكی ناو شاری سلێمانی بوون، هاوکات هەزار و 330 نەخۆشیان خەڵكی قەزا و ناحیەكان بوون، هەروەها 144 نەخۆش خەڵكی هەڵەبجە و 122 نەخۆش خەڵكی كەركوك، 46 نەخۆش خەڵكی هەولێر، 7 نەخۆش خەڵكی دهۆك و 147 نەخۆش خەڵكی پارێزگاكانی تری عیراق بوون.



