وەزارەتی خوێندنی باڵا: خوێندکارانی چەمچەماڵ بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن پێویستیان بە پشتگیری نییە
راهۆز
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ لێخۆشبوون لە کرێی خوێندن ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی چەمچەماڵ دەکات و رایدەگەیەنێت، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێویست بە هێنانی پشتگیری ناکات.
د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانی وزاری ژمارە 21ی تایبەت بە لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی خوێندکارانی دانیشتوی قەزای چەمچەماڵی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 ئیمزا کرد.
بەپێی فەرمانەکە، پێویست ناکات خوێندکاران پشتگیری لە هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار بهێنن، بەڵکو بە هەماهەنگی لەنێوان تۆماری گشتی و بەشی دارایی زانکۆکان، لەڕێگەی سیستمی زانکۆلاینەوە کارەکان دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا روونیکردووەتەوە، لەڕێگەی کۆدی تاقیکردنەوەکان کە لە 13 ژمارە پێکهاتووە، هەر خوێندکارێک ژمارەی پێنجەم و شەشەمی کۆدەکەی (05) بێت، ئەوا دەرچووی پەروەردەی چەمچەماڵە و دانیشتوی ئەو قەزایەیە، بۆیە راستەوخۆ لێخۆشبوونەکە دەیگرێتەوە.
ئەم بڕیارە وەک هاوخەمییەکە بۆ دانیشتووانی چەمچەماڵ بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەی لەم دواییەدا رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە، لێخۆشبوونەکەش سەرجەم خوێندکارانی پارالێڵ و ئێواران لە خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.



