وەزارەتی کشتوکاڵ: بەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر ئاستی ئاوەکەی زیادی کردوە
بڵند
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەنداوی سماقوڵی
وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەهۆی بەفر و بارانبارینی رۆژانی رابردوو ئاستی ئاوی بەنداوەکان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردوە و لە تەواوی ناوچەکانی هەرێم دوو تا سێ هێندەی ساڵی پار بارانیش باریوە، لە بارەی ئاستی بەنداوەکانیشەوە دەڵێن؛ بەنداوی دەربەندیخانش پێنج مەتر و دوکان چوار مەتر ئاستی ئاوەکەیان زیادی کردوە.
لە راگەیەندراوێكدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی کاریگەری شەپۆلی باران و لافاو و بەفرەی، کە لە سەرەتایی کانوونی یەکەمەوە دەستی پێکرد، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بارانبارین لە زۆربەی دەڤەرەکان دوو تا سێ بەرامبەر زیاتری ساڵی پار باریووە و بارینی بەفریش لە چەن ناوچەیەکی فراوان بوەتە هۆی زیادکردنی ئاو لە بەنداوەکاندا.
ئاماژەبەوەکراوە، لەو ماوەیەدا لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، زیاتر لە نیو ملیار مەتر سێجا ئاو کۆگاکراوە و بەهۆیەوە لە بەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر و لە بەنداوی دوکان چوار مەتر ئاستی ئاوەکەیان زیادی کردوە.
هەروەها بەنداوی دهۆک 41 سانتیمەتر و بەنداوی گۆمەسەپانیش یەک مەتر ئاستی ئاوەکەی بەرزبوەتەوە، هەرچی بەنداوە بچوک و مامناوەندەکانیشە لە سنوری گەرمیان و سلێمانی و هەولێر و دهۆک پڕبوون و شەپۆلی سەلامەتی لافاوەکەیان تێپەراندوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی خستوەتەڕوو، دوای توانەوەی بەشێکی دیکە لە بەفری چیاکان و ناوچە نزمەکان، لە رۆژانی داهاتوودا رێژەی ئاوی بەنداوەکان زیاتر دەبێت و ئاستی ئاوی بەنداوەکان بەرزتر دەبنەوە.



