د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، جەختی لەوە کردەوە کە عیراق توانای مرۆیی ناوازەی هەیە و دەتوانێت بەشداری کاریگەر بکات لەپڕۆژە جۆراوجۆرەکانی داهێنان و گەشەپێدان و هەروەها ئاماژەی بەگرنگی وەبەرهێنان لەپڕۆژە جۆراوجۆرەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەپێدانیان کرد.
سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی 10ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە د. تەلال ئەبوغەزالە سەرۆکی کۆنگرەی داهێنانی عەرەبی و وەفدی یاوەری کرد و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکاری عەرەبی لە بوارەکانی داهێنان و تەکنەلۆژیا تاوتوێکران.
سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر گرنگی بەهەندوەرگرتنی بەرنامەی کوالیتی کە یارمەتیدەرە بۆ پشتگیریکردن و بەهێزکردنی گەنجان لەبوارە تەکنیکی و زانستییە مۆدێرنەکاندا.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە عیراق هەوڵی بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن دەدات لەسەر بنەمای کارایی و داهێنان و جەختی لەپەرۆشی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ کۆنگرەی عەرەبی بۆ داهێنان کردەوە بەشێوەیەک کە ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاوبەشی لەبوارەکانی توێژینەوەی زانستی و گواستنەوەی دیجیتاڵی و ئابووری زانستی بکاتەوە و ژینگەیەک بەرجەستە بکات و هانی داهێنان و پێشکەوتنی زانستی لەناوچەکەدا بدات.
هاوکات سەرۆک کۆمار ستایشی ئامانجەکانی کۆنگرەی کرد لە بەهێزکردنی کاری هاوبەش لەبواری داهێناندا، تیشکی خستە سەر ئەزموونی عیراق بەتایبەت لە گۆڕانکاری دیجیتاڵیدا، وەک ناوەندێکی ناوچەیی ئومێدبەخش ودەستپێکردنی دەستپێشخەری لە کەرتە گرنگەکان، هاندانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت، و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان و گەنجان لە سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی داهێنان و کارگێڕی و جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستپێکردنی کۆنگرەی عەرەبی لە بەغداد پێگەی پێشەنگی عیراق وەک ناوەندێکی ناوچەیی بۆ داهێنان پشتڕاست دەکاتەوە.
لەلای خۆیەوە دکتۆر تەلال ئەبوغەزالە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پێشوازییە گەرمەکەی و ئامادەیی کۆنگرەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە عیراقییەکان لەبوارەکانی داهێنان و برێوەبەرایەتی و دابینکردنی ژینگەی نیشتمانی بەنوێترین ئەزموون و تەکنەلۆژیای عەرەبی و نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە .
هەروەها ئەبوغەزالە، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنگرەی عەرەبی یەکەم کۆنگرەیە لەعێراق و ناوچەکەدا، بەو پێیەی بەرجەستەی دیدگەیەکی گەورەیە بۆ پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی عێراقی پێشەنگ، کە سەرکردە و بیرمەندان و خاوەنکاران و داهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆر کۆدەکاتەوە بە ئامانجی دروستکردنی چارەسەری کردەیی کە گەشەپێدانی بەردەوام بەرز بکاتەوە و پاڵپشتی ئابووری لەسەر بنەمای زانست بکات.
سەرۆك كۆماری عیراق پیرۆزبایی لە ئیزدیەكان كرد و، رایگەیاند لەم رۆژەدا پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئەو پێكهاتە دووپات دەكەنەوە، هەروەها كاردەكەن بۆ گەڕانەوەی رفێنراوەكانیان.
دكتۆر لە تیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، لە ئێكسێكدا پیرۆزبایی لە پێكهاتەی ئیزدیەكان كرد بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی جەمایێ، هیوای جەژنێكی پڕ خێرو بەرەكەیتی بۆ خواستن.
هەر بەو بۆنەیەوە سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، لەم رۆژەدا مانای هاودەنگی و بەهێزبوونی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی گەلی عیراقمان وەبیر دێنینەوە.
وتیشی، ئەوان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو كۆمەڵگە ڕەسەنە دووپات دەكەینەوە لە زاڵبوون بەسەر ئاڵنگاریەكان و برینەكانی ڕابردوویاندا، هەروەها كار دەكەن بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شارەكانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی ڕفێنراوەكان.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، کارنامەی ژمارەیەک باڵیۆزی نوێی لەعیراق وەرگرت، کە پێکهاتبوون لە باڵێۆزانی، کۆماری فینلاند ئانتی پۆتکۆنین، وەفدی یەکێتی ئەوروپا کلیمێنس سەمتنەر، کۆماری ئەلمانیای فیدراڵ دانیال کرێبەر.
لەمیانەی پێشوازیکردنی لەباڵیۆزە نوێیەکان هەر یەک بە جیا، سەرۆک کۆمار، هەوڵی بەردەوامی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ چەسپاندنی پەیوەندیەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی سیاسی و ئابوری و بازرگانی.
هاوکات هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزە نوێیەکان لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیان و قوڵکردنەوەی پەیوەندییە دۆستانە و هاوکارییەکانی نێوان عیراق و وڵاتەکانیان دەربڕی.
لەلای خۆیانەوە باڵوێزەکان سوپاس و پێزانینیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و خواستی وڵاتەکانیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاجیاکاندا نیشاندا.
سەرۆکایەتی کۆمار بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، رێوڕەسمێکی یادکردنەوە رێکخست.
بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، سەرۆکایەتی کۆمار ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێوڕەسمێکی یادکردنەوەی لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشووتر رێکخست، وەک وەفادارییەک بۆ خزمەتەکانی و میراتە سیاسییەکەی.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، وتاری سەرۆکایەتی کۆمار پێشکەش کرا، کە تێیدا هاتبوو، یادی مام جەلال تەنیا بەسەرچوونی مێژوویەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکی هەمیشەییە بۆ کارکردن لەپێناو عیراقێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ.
لە وتارەکە ئاماژە بەوەشکرا، مام جەلال خەباتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری، و بەدەستهێنانی ئازادی و کەرامەت کرد، نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەل.
لە رێوڕەسمەکەدا راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار و ژمارەیەک لە کارمەندان ئامادەبوون.
دەقی وتاری سەرۆکایەتی کۆمار:
" بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
برایان و خوشکان
ئەمڕۆ لەم یادکردنەوەیەدا کۆدەبینەوە، و بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە کەسایەتییەکی نیشتمانیی مەزن، سەرکردەی گەورە مام جەلال، بەبیردێنینەوە، کە جێپەنجەیەکی دیاری لەسەر ڕێڕەوی تێکۆشانی گەلەکەمان و خەباتی بۆ ئازادی و کەرامەت بەجێهێشت.
ئەو لە هەشت ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، بەڵام میراتی نیشتمانی و بیری سەرکردایەتییەکەی زیندوو ماوە لەنێوانماندا، ئیلهامبەخشە بۆ نەوەکان و بیرمان دەخاتەوە بە گرنگی قوربانیدان لەپێناو بەها باڵاکانی نیشتمان.
یادی مام جەلال تەنیا مێژوویەک نییە ، بەڵکو بانگەوازێکی هەمیشەییە بۆ کارکردن لەپێناو عێراقێکی یەکگرتوو، ئازاد، سەربەخۆ و دیموکراسی.
مام جەلال خەباتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری، و بەدەستهێنانی ئازادی و کەرامەت کرد، نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەل، کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی، ئێزیدی و سابئی، و خەونی بە دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵی دەبینی کە هەمووان تێیدا یەکسان بژین، و ئەمەش دوای قوربانییەکی زۆر هاتە دی، و ئەرکێکی گەورەمان لەسەر شانە کە ئەم پەیامە پیرۆزە هەڵبگرین و بەردەوام بین لەسەر کارکردن بۆی.
بۆیە هەمووان لەسەر خۆشەویستی و ڕێزلێنانی کۆک بوون، وەک چۆن مەرجەعیەتی باڵای ئایینی وەسفی کردووە (دەروی ئاسایشی عێراق) پەرۆش بوو بۆ یەکخستنی گوتار و یەکڕیزی، و ڕۆڵی دیاری بینی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵات".
ئەمڕۆ، کاتێک بۆ ڕێزلێنان لەم سەرکردە مەزنە دەوەستین، دووپاتی دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی ئەوین، ئاڵای نیشتمانمان هەڵگرتووە، پابەندین بەو بەهایانەی کە لە تەواوی ژیانی خۆیدا بەرجەستەی کردوون، باوەڕمان وایە کە سەقامگیری و ئازادی تەنها بە یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هاوبەش بەدی دێت.
با هەموومان بەها بەرزەکانی بەبیر بێنینەوە، و پەیمان نوێ بکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی نیشتمانی، بە ڕۆحی وەفاداری و دڵسۆزی بۆ نیشتمانە خۆشەویستەکەمان.
خوای گەورە سەرکردەی مەزن مام جەلال بە بەهەشتی خۆی شاد بکات، و هەموانمان ئارامگرتن و سووربوونمان پێببەخشێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێگایەی کە بۆمانی نەخشاند، تا ناوی هەمیشە لە بیرەوەری گەلەکەماندا بە نەمری بمێنێتەوە.
نوێنەری سەرۆک کۆمار لە کۆڕبەندی هۆشیارکردنەوەی هەڵبژاردن رایگەیاند، سیستمی دیموکراسیی پەرلەمانیی، ویستی گەل لە گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵاتدا بەرجەستە دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتی لە سەرۆکایەتی کۆمار، وەک نوێنەری د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بەشداری لە کۆڕبەندی هۆشیارکردنەوەی هەڵبژاردن کرد کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە رێکخرابوو.
نوێنەری سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سڵاوی سەرۆک کۆماری بە بەشداربووان گەیاند، و هیوای سەرکەوتنی کاری کۆڕبەند و دەرچوونی بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریکردنی گەل و پتەوکردنی شەفافیەت و پاکێتی لە سەرجەم پرۆسەکانی هەڵبژاردندا دەربڕی.
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بەوەشدا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان لە قۆناغێکی چارەنووسسازدان، چونکە نەخشەی داهاتووی تەواوی دەوڵەت و دیاریکردنی رێڕەوی سیاسی عیراق لە چەند ساڵی داهاتوودا پێکدەهێنن.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری نوێنەری سەرۆک کۆمارە:
"بسم الله الرحمن الرحيم
سڵاوتان لێ بێت ...
ئامادەبووانی بەڕێز،
لە سەرەتای وتارەکەمدا شانازی دەکەم بە گەیاندنی سڵاوی بەڕێز سەرۆک کۆمار، د.لەتیف جەمال ڕەشید، کە گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی دیموکراسی و بەهێزکردنی بەشداریکردنی گەل دەدات، و پەرۆشە بۆ پشتگیریکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بە شێوەیەک کە شەفافیەت و پاکێتی لە سەرجەم پرۆسەکانی هەڵبژاردندا بەهێز بکات.
هەروەها سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی هاوپەیمانی تۆڕ و ڕێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان، و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەین بۆ هەوڵە بەردەوام و بەنرخەکانیان لە دڵنیابوون لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەپێی بەرزترین ستانداردەکانی پاکێتی و شەفافیەت.
ئەم هەوڵانە بنەمایەکی سەرەکین بۆ بەهێزکردنی متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.
ئامادەبووانی بەڕێز....
گەلی عێراق لە ماوەی چەندین دەیەدا قوربانییەکی گەورە و زۆری داوە بۆ ڕزگاربوون لە سیستەمی دیکتاتۆری، و بەدەستهێنانی گۆڕان بۆ سیستەمێکی دیموکراسی کە ئازادی و شکۆمەندی بۆ هەموو کوڕ و کچانی گەل بەهێز دەکات.
سیستەمی دیموکراسیی پەرلەمانیی فیدراڵی ئێمە سەرچاوەی شانازی و ڕێزمانە بۆ هەموومان، و ویستی گەلی عێراق لە گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە بەرجەستە دەکات.
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان لە قۆناغێکی چارەنووسسازدان، چونکە نەخشەی داهاتووی تەواوی دەوڵەت و دیاریکردنی ڕێڕەوی سیاسی عێراق لە چەند ساڵی داهاتوودا پێکدەهێنن.
لەم ڕوانگەیەوە، سەرکەوتنی ئەم هەڵبژاردنانە تەنها ئەرکێکی کۆمسیۆن نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشی هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەی مەدەنییە بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی بە پاکێتی و دادپەروەری.
پشتگیریکردنی تەواوی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپات دەکەینەوە، و داوا لە هەموو هاوڵاتیان دەکەین کە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەنگی دەنگدەری عێراقی پیرۆزە، و دەبێت ویستی خۆی بە تەواوی ئازادی و دوور لە هەر کاریگەری یان زۆرێک جێبەجێ بکات.
هەروەها جەخت لەسەر سووربوونی سەرۆکایەتی کۆمار دەکەینەوە لەسەر بەدەستهێنانی دادپەروەری و پاکێتی لە هەڵبژاردنەکاندا، و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی سامانی گشتی یان هەر سەرچاوەیەکی رەسمی لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا.
پیشەیی و بێلایەنی هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت لەم قۆناغەدا بنەمای سەرەکی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و بەهێزکردنی متمانە لە نێوان هاوڵاتیان و دەوڵەتدا پێکدەهێنێت.
گرنگییەکی تایبەت بە بەشداریکردنی ژنی عێراقی لە پرۆسەی دیموکراسیدا دەدەین، چونکە ئەو هاوبەشێکی چالاکە لە بنیاتنانی دەوڵەت و بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، و دەبێت هەموومان مافەکانی بپارێزین و ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکەین بۆ سنووردارکردنی بەشداریکردنی یان کردنی بە ئامانجی سیاسیی کاندیدەکانی.
بەدەستهێنانی دادپەروەری هەڵبژاردن پێویستی بە هاوکاری هەموو دامودەزگاکان هەیە، لەوانەش دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە نیشتمانییەکان، بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری هەڵبژاردن و دڵنیابوون لە چاودێرییەکی کاریگەر بۆ هەڵبژاردنەکان.
هەروەها داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بەشداری لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردندا بکەن، بە شێوەیەک کە شەفافیەت و دادپەروەری دڵنیا بکات و متمانەی نێودەوڵەتی بە پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا بەهێز بکات.
لە کۆتاییدا، متمانەی تەواوی خۆمان بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دووپات دەکەینەوە لەسەر توانای لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بە کارامەیی و بێلایەنی، و پابەندبوونی سەرۆکایەتی کۆمار بە پشتگیریکردنی دیموکراسی و بەشداریکردنی چالاکانەی گەل نوێ دەکەینەوە.
هیوای سەرکەوتن و باشی بۆ هەموو هاوڵاتیان دەخوازین لە بەکارهێنانی مافی هەڵبژاردنیان، و داوا لە خودا دەکەین کە ئەم هەڵبژاردنانە وێستگەیەکی نوێ بن بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و دادپەروەری لە عێراقدا."
سەرۆک کۆماری عیراق دەڵێت: رەوشی ئێستای عیراق سەقامگیرە و دەستمان کردووە بە باشترکردنی ئابوری و خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق چاوپێکەوتنێکی لەگەل کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی ئەنجامدا و سەبارەت بە کێشەی کەمئاوی و پشکی عیراق لە ئاوی دیجلە و فورات رایگەیاند، زۆربەی جار بەشە ئاوی عیراق لە رووباری دیجلە و فورات و لقەکانیان وەرناگرین. ئەگەر عێراق پشکی دادپەروەرانەی خۆی لە ئاو وەربگرێت، ئەوا تووشی کێشەی کەم ئاوی نابینەوە.
سەرۆ کۆماری عیراق سەبارەت بە رەوشی ئەمنی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆی عیراق لە شار و ناوچەکانیدا سەقامگیرە، گەشتیارێکی زۆریش سەردانی عیراق دەکەن.
وتیشی، رژێمی دیکتاتۆری پێشوو چەندین ململانێی نێوان عیراق و وڵاتانی دراوسێمان لێکەوتەوە و بە شەڕ و لەشکرکێشی بۆ سەر کوێت دەستدرێژییەکانی گەیشتە لوتکە، ئەمەش بووە هۆی ناسەقامگیری بۆ عیراقییەکان.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، دوای ڕزگارکردنی گەلەکەمان لە دیکتاتۆریەت رووبەڕووی تیرۆر بووینەوە و توانیمان بە هاوکاری دۆستەکانمان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا شکستی پێبهێنین، ئەمڕۆ دەستمان کردووە بە باشترکردنی ئابوری و خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری.
ئەوەشی خستەڕوو، هیچ هەڕەشەیەک لە عیراق لە لایەن داعشەوە نییە و زەبری زۆریان بەرکەوتوە، بەڵام دەبێت لە ئامادەباشییەکی باشدا بین بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی داعش، نەک تەنها لە عیراق، بەڵکو لە ناوچەکەدا.
هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا د.لەتیف رەشید سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق رایگەیاند، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق یان نا، پەیوەستە بە حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و دانوستان لە نێوان حکومەتی عیراق و ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە.
جەتیشیکردەوە، دەمانەوێت عیراق بە دوور لە هێزی دەرەکی ببینین، و هێزە ئەمنییەکانی عیراق توانای بەرگریکردنی وڵاتیان هەبێت لە بەرانبەر هەڕەشە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا.
سەرۆک کۆماری عیراق تیشکی خستەسەر لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، هیوادارین دۆناڵد ترەمپ، ئەو وتانەی جێبەجێ بکات کە وتبووی کاتێک بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، کۆتایی بە هەموو جەنگەکانی جیهان بهێنێت.
دەشڵێت، جەنگی بەردەوامی غەززە کارەساتبارە و دەبێت رابگیرێت و هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت و بڕیار و راسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی ئەوانەی لەم دواییانەدا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بڕیاری لەسەر دراوە.
"دەمانەوێت کۆتایی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا ببینین، چونکە شەڕ کێشەکانی نێوان وڵاتان چارەسەر ناکات" د.لەتیف رەشید وا دەڵێت.
سەرۆک کۆمار لە بارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق ئەوەی خستەڕوو، ئێمە گەشبینین بەوەی کە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە بەڕێوە بچێت، هەروەک چۆن هەڵبژاردنەکانی پێشووش هەیانبوو، رێوشوێنی زۆریشمان گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئازاد و دیموکراسییە.
پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئێران یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی چاوپێکەوتنەکە و د،لەتیف رەشید ئاشکرایکرد، ئێران وڵاتێکی دراوسێیە، سنوورەکەمان هەزار و 400 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە. پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان لە بوارە جیاجیاکاندا باشن.
هەروەها تیشکی خستەسەر ئەوەی پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، هیوادارین لە زۆر بواردا پەیوەندی بازرگانی پتەوتر لە نێوانماندا دروست بکەین، هەروەها لە بواری وزە، ژێرخانی ئابوری، رێگاوبان، پرد، و کشتوکاڵدا هاوکاری بکەین.
هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەچارەسەرکردنی کێشەی ئاوی عیراق کردەوە و وتی، کێشەی ئاو تەنها کێشە نییە لە عیراق، کێشەیەکە لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و خۆرهەڵاتی دوور و تەنانەت لە هەندێک ناوچەی ئەوروپاشدا هەیە، لە سانفرانسیسکۆ رووبەڕووی کێشەی ئاو بووەتەوە.
هەروەها پێویستە زۆرترین ئاوی باران لە رێگەی کۆکردنەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداو کۆبکەینەوە، دانوستانی باش و سودبەخش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سازبکەین بۆ ئەوەی پشکێکی دادپەروەرانەمان پێبدرێت، و باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و هاوکات رووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە دەبینەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی 9ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە عەلی ئەدیب حەبحاب بەڵیۆزی لوبنان لە عیراق کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی.
لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییه برایانەکانی لەگەڵ لوبنان دووپاتکردەوه و هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز خواست له کارەکانی داهاتوویدا.
لای خۆیەوە حەبحاب ستایشی رۆڵی بەڕێز سەرۆک کۆمار و هەوڵەکانی کرد لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوو وڵات و سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی کە لە ماوەی کارکردنیدا بەدەستی هێناوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عیراق دەکات بەبۆنەی کۆچی دوایی هاوسەرەکەی.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار
بەوپەڕی خەم و پەژارەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی عێراق و ئومەتی ئیسلامی دەکەین بۆ کۆچی دوایی خاتوونی هاوسەری مەرجەعی باڵا ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی حوسەینی سیستانی، خوای گەورە تەمەندرێژی بکات.
بەو بۆنە خەمناکەوە، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاراستەی بەڕێز مەرجەعی باڵا و هەردوو کوڕەکەی، بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید محەمەد ڕەزا سیستانی و بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر سیستانی و بنەماڵە بەڕێزەکەیان دەکەین، داواکارین لە خوای گەورە کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە خانەوادە و بەڕێز مەرجەعی باڵا و بنەماڵە بەڕێزەکەیان ببەخشێت.
إنا لله وإنا اليه راجعون.
د.لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، هەرێمی كوردستان و عیراق لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فرانس 24 رایگەیاند، مانەوە و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان دەبێت و لەئێستاشدا عیراق گەیشتووەتە قۆناغێك پێویستی بە هێزی بیانی و ئەمریكا نییە و دەتوانێت شەڕی تیرۆر بكات و پارێزگاری لە ئاساسیش و ئارامییەكەی بكات.
وتیشی، گروپی تیرۆریستی داعش بە تەواوەتی تێكشكاوە و سەرجەم سنورەكانیش كۆنترۆڵكراون و بە وردی چاودێری جوڵەی گروپە تیرۆرستییەكان دەكەن.
سەرۆك كۆماری عیراق راشیگەیاند، هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە دانوستان و گفتوگۆ بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان و دوایین هەوڵیشیان رێككەوتن بووە لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
سەرۆك كۆماری عیراق و هاوتا ئێرانیەكەی لە نیویۆرك كۆبوونەوە و جەختیان لە پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوانیان كردەوە.
نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاند، د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، بە ئامادەیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و د. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق، لە پەراوێزی 80هەمین دانیشتنی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە و لەمیانی دیدارێكدا پەیوەندیە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغداد و تاران و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاووتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، د. لەتیف جەختی لە گرنگی بەهێزكردنی هەماهەنگیەكانی نێوان دوو وڵاتەكە كردەوە و بەپێویستی زانی كۆتایی بە شەڕ و ناكۆكیەكانی ناوچەكە بهێنرێت، هەروەها، جارێكی تر هێرش نەكرێتە سەر وڵاتانی ناوچەكە، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیری.
لای خۆشیەوە، پزیشكیان پابەندبوونی تارانی بە بنیاتنانی پەیوەندییەكی هەماهەنگانەی نزیك لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاجیاكاندا دووپات كردەوە و جەختیشی كردەوە لە پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیازەكانی د. لەتیف رەشید سەبارەت بە پێویستی كۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێكان، هەروەها هەوڵدان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەكە.
سەرۆك كۆماری عیراق لە كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتیدا لە نیویۆك رایگەیاند، هەموو هەوڵەكان بۆ داخستنی كەمپی هۆل كە یەكێكە لە ئاڵۆزترین پرسە مرۆیی و ئەمنییەكان بەردەوام دەبێت.
د.لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عیراق لە وتارێكیدا لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی تایبەت بە كامپی هۆل لە نیویۆرك پێشكەشی كرد، رایگەیاند كامپەكە یەكێكە لە ئاڵۆزترین پرسە مرۆیی و ئەمنییەكان و عیراق بڕیارێكی بوێرانەی داوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لەو كەمپە.
سەرۆك كۆماری عیراق ئاشكرای كرد كە تائێستا 4915 خێزان لە كامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عیراق بە گشتی 34 وڵات هاووڵاتییەكانیان لەو كامپەگەڕاندووەتەوە و شەش وڵات ماون كە ئەركی گەڕانەوەی هاوڵاتیانیان جێبەجێ بكەن.
د. لەتیف رەشید وتی كار دەكەن تا دوای چاكسازیی ئەو كەسانەی لە كامپی هۆل گەڕاونەتەوە تێكەڵ بە كۆمەڵگە بكرێنەوە و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە بەشێوەیەك كۆتایی بە پرسی كامپی هۆل بهێنرێت كە خزمەت بە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بكات و بۆ ئەو مەبەستە ش هاوكاری نێودەوڵەتی گرنگە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ شێخ سەباح خالید حەمەد ئەلسەباح شازادەی جێنشینی کوێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی 80 هەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا شازادەی جێنشین سڵاوی شێخ مشعەل ئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری کوێت گەیاندە سەرۆک کۆمار و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پشتیوانیکردن و پتەوکردنیان لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی برا گفتوگۆکرا.
سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی هەماهەنگی و راوێژ لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان کردەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە و خزمەت بە ئامانجە رەواکانیان و لەو بارەیەوە ئاماژەی بە هەڵوێستی عیراق کرد کە دەستدرێژی لەسەر کەرتی غەززە ڕەتدەکاتەوە و جەختی لەسەر مافی گەلی فەلەستین کردەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان.
هەروەها تاوتوێی دوایین پێشهاتنەکانی گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان له دانانی بناغەکانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان به گشتی و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کرا.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیر، وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و وەزیری تەندروستی ساڵح حەسناوی و راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران د. خالد یەعقوبی بەڕێوەچوو.
سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و جەختیان لە هەوڵەکانی پشتگیریکردنی ئاشتی و ئاسایش کردەوە.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی هەشتاهەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ چاویکەوت بە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان .
لە میانی دیدارێکدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەسەندنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و ئاسایش کرا، هاوکات گرنگترین ئەو پرسانەی کە لە کارنامەی کۆمەڵەی گشتییدا بوون، تاوتوێ کران.
سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پشتیوانیی عیراق بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکان کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگە و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان کرد، ئەوەش لە رێگەی دانانی بەرنامەی چڕوپڕ لە چوارچێوەی هاوکارییەکی نێودەوڵەتیی بەرهەمداردا.
لەلای خۆیەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی رۆڵی عیراقی لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی ناوچەکەدا کرد، هەروەها دەستخۆشی لە بەشداریکردنەکانی لە بەهێزکردنی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتیدادوپات کردەوە، جەختیشی لەسەر پەرۆشیی ڕێکخراوەکە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
دیدارەکە بەئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیر، وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی،و وەزیری تەندروستی د. ساڵح حەسناوی، و وەزیری کۆچ و کۆچبەران ئیڤان فایەق جابرۆ، و نوێنەری هەمیشەیی عیراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان باڵیۆز لوقمان فەیلی بەڕێوەچوو.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ پێنجشەممە لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە نیویۆرک، لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازیکرد لە ئەحمەد ئەبول غیت سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتی گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی کرا، دیارترینیان ئەو هەوڵانە بوو بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری لە ناوچەکە لەبەر ڕۆشنایی ئاستەنگە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێستا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە سەر پێویستی چڕترکردنی هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و یەکخستنی هەڵوێستەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ناوچەیی و دیارترینی دەسدرێژیی ئیسرایل بۆ سەر گەلی فەلەستینی.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی بەهێزکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی و چالاککردنی رۆڵی کۆمکاری عەرەبی لە چارەسەرکردنی مەسەلەکان و پاڵپشتیکردنی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە، بەشێوەیەک کە ویستی گەلانی ناوچەکە بۆ سەقامگیری ئەمنی و ئابوری بەدیبهێنێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بابەتەکانی کارنامەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو دەرەنجامانەکرا کە یارمەتیدەر دەبن لە چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی جیهانی.
لای خۆیەوە ئەبول غەیت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پابەندبوونی سەرۆک کۆمار بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەربڕی، جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی کۆمکار بۆ هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی کە رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆک کۆمار د. لەتیف رەشید لە شوێنی مانەوەی خۆی لە نیویۆرک، پێشوازی لە دکتۆر کامل تەیب ئیدریس، سەرۆک وەزیرانی سودان کرد.
لە دیدارەکەدا، کە تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاریکاریی هاوبەشی نێوان عیراق و سودان تاوتوێ کران، سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی سەقامگیری لە سودان و پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگ کردەوە و رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلی سودان و بەدیهێنانی خواستیان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
هەروەها، لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران و گرنگیی کاری هاوبەش و هەماهەنگی لەسەر پرسە جێبایەخەکان بۆ هێنانەدی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دووپاتکرایەوە.
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک وەزیرانی سودان، دکتۆر کامل تەیب ئیدریس، خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عیراق و کردنەوەی ئاسۆی نوێی هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا نیشاندا. هاوکات، هەڵوێستی پشتیوانیکارانەی عیراقی لەپێناو سەقامگیریی سوداندا بەرز نرخاند.
شایەنی باسە، لە کۆبوونەوەکەدا وەفدێکی باڵای عیراقی ئامادەبوون، لەنێویاندا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دکتۆر عەلی شکری، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی سەرۆکایەتی کۆمار، و دکتۆر خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران.
وێنەکان:




