سەرۆك كۆماری عیراق بەبۆنەی جەژنی جەمایێ پیرۆزبایی لە ئیزدیەكان دەکات
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق
سەرۆك كۆماری عیراق پیرۆزبایی لە ئیزدیەكان كرد و، رایگەیاند لەم رۆژەدا پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئەو پێكهاتە دووپات دەكەنەوە، هەروەها كاردەكەن بۆ گەڕانەوەی رفێنراوەكانیان.
دكتۆر لە تیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، لە ئێكسێكدا پیرۆزبایی لە پێكهاتەی ئیزدیەكان كرد بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی جەمایێ، هیوای جەژنێكی پڕ خێرو بەرەكەیتی بۆ خواستن.
هەر بەو بۆنەیەوە سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند، لەم رۆژەدا مانای هاودەنگی و بەهێزبوونی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی گەلی عیراقمان وەبیر دێنینەوە.
وتیشی، ئەوان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو كۆمەڵگە ڕەسەنە دووپات دەكەینەوە لە زاڵبوون بەسەر ئاڵنگاریەكان و برینەكانی ڕابردوویاندا، هەروەها كار دەكەن بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شارەكانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی ڕفێنراوەكان.



