سەرۆک کۆماری عیراق لە نیویۆرک پێشوازی لە هاوتا ئەرمەنییەکەی دەکات
٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە نیویۆرک، پێشوازی لە ڤاهاغان خاچاتووریان، سەرۆک کۆماری ئەرمینیا کرد.
لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارەکانی ئابووری، رۆشنبیری و خوێندنی باڵادا تاوتوێ کران. سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاریکاری و هەماهەنگی لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە.
لە دیدارەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، دکتۆر کامیل دڵێمی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، دکتۆر خالید یەعقووبی، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای هەردوولا ئامادە بوون.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کارەکانی کۆمەڵەی گشتی و دەرئەنجامەکانی کرا، هاوکات بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا. هەردوو سەرۆک بیروڕایان سەبارەت بەو ئاستەنگانە ئاڵوگۆڕ کرد کە روبەروی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەبنەوە، لەوانە پەرەسەندنی گرژی نێودەوڵەتی، قەیرانی ئاسایشی خۆراک و وزە، کێشەکانی کۆچ، و گۆڕانی کەشوهەوا. هاوکات جەختیشیانکردەوە لەسەر رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەرخستنی پرەنسیپی وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لەو دیدارەدا هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە پشتیوانیکردن لە هەوڵە فرەلایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکان و پەرەپێدانی هاودەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر قەیرانە ئەمنیی و مرۆیی و ئابوورییەکان دووپاتکردەوە.



