سەرۆک کۆماری عیراق دەڵێت: رەوشی ئێستای عیراق سەقامگیرە و دەستمان کردووە  بە باشترکردنی ئابوری و خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق چاوپێکەوتنێکی لەگەل کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی ئەنجامدا و سەبارەت بە کێشەی کەمئاوی و پشکی عیراق لە ئاوی دیجلە و فورات رایگەیاند، زۆربەی جار بەشە ئاوی عیراق لە رووباری دیجلە و فورات و لقەکانیان وەرناگرین. ئەگەر عێراق پشکی دادپەروەرانەی خۆی لە ئاو وەربگرێت، ئەوا تووشی کێشەی کەم ئاوی نابینەوە.

سەرۆ کۆماری عیراق سەبارەت بە رەوشی ئەمنی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆی عیراق لە شار و ناوچەکانیدا سەقامگیرە، گەشتیارێکی زۆریش سەردانی عیراق دەکەن.

وتیشی، رژێمی دیکتاتۆری پێشوو چەندین ململانێی نێوان عیراق و وڵاتانی دراوسێمان لێکەوتەوە و بە شەڕ و لەشکرکێشی بۆ سەر کوێت دەستدرێژییەکانی گەیشتە لوتکە، ئەمەش بووە هۆی ناسەقامگیری بۆ عیراقییەکان.

سەرۆک کۆمار راشیگەیاند، دوای ڕزگارکردنی گەلەکەمان لە دیکتاتۆریەت رووبەڕووی تیرۆر بووینەوە و توانیمان بە هاوکاری دۆستەکانمان لە کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا شکستی پێبهێنین، ئەمڕۆ دەستمان کردووە  بە باشترکردنی ئابوری و خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوری.

ئەوەشی خستەڕوو، هیچ هەڕەشەیەک لە عیراق لە لایەن داعشەوە نییە و زەبری زۆریان بەرکەوتوە، بەڵام دەبێت لە ئامادەباشییەکی باشدا بین بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی داعش، نەک تەنها لە عیراق، بەڵکو لە  ناوچەکەدا.

هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا د.لەتیف رەشید سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق رایگەیاند، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق یان نا، پەیوەستە بە حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و دانوستان لە نێوان حکومەتی عیراق و ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە بەردەوامە.

جەتیشیکردەوە، دەمانەوێت عیراق بە دوور لە هێزی دەرەکی ببینین، و هێزە ئەمنییەکانی عیراق توانای بەرگریکردنی وڵاتیان هەبێت لە بەرانبەر هەڕەشە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا.

سەرۆک کۆماری عیراق تیشکی خستەسەر لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، هیوادارین دۆناڵد ترەمپ، ئەو وتانەی جێبەجێ بکات کە وتبووی کاتێک بوو بە سەرۆکی ئەمریکا، کۆتایی بە هەموو جەنگەکانی جیهان بهێنێت.

دەشڵێت، جەنگی بەردەوامی غەززە کارەساتبارە و دەبێت رابگیرێت و هاوکاری مرۆیی بگەیەنرێت و بڕیار و راسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی ئەوانەی لەم دواییانەدا لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بڕیاری لەسەر دراوە.

ەمانەوێت کۆتایی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا ببینین، چونکە شەڕ کێشەکانی نێوان وڵاتان چارەسەر ناکات" د.لەتیف رەشید وا دەڵێت.

سەرۆک کۆمار لە بارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عیراق ئەوەی خستەڕوو، ئێمە گەشبینین بەوەی کە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە بەڕێوە بچێت، هەروەک چۆن هەڵبژاردنەکانی پێشووش هەیانبوو، رێوشوێنی زۆریشمان گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئازاد و دیموکراسییە.

پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و ئێران یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی چاوپێکەوتنەکە و د،لەتیف رەشید ئاشکرایکرد، ئێران وڵاتێکی دراوسێیە، سنوورەکەمان هەزار و 400 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە. پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان لە بوارە جیاجیاکاندا باشن.

هەروەها تیشکی خستەسەر ئەوەی پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، هیوادارین لە زۆر بواردا پەیوەندی بازرگانی پتەوتر لە نێوانماندا دروست بکەین، هەروەها لە بواری وزە، ژێرخانی ئابوری، رێگاوبان، پرد، و کشتوکاڵدا هاوکاری بکەین.

هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لەچارەسەرکردنی کێشەی ئاوی عیراق کردەوە و وتی، کێشەی ئاو تەنها کێشە نییە لە عیراق، کێشەیەکە لە سەرانسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و خۆرهەڵاتی دوور و تەنانەت لە هەندێک ناوچەی ئەوروپاشدا هەیە، لە سانفرانسیسکۆ رووبەڕووی کێشەی ئاو بووەتەوە.

هەروەها پێویستە زۆرترین ئاوی باران لە رێگەی کۆکردنەوەی ئاو و دروستکردنی بەنداو کۆبکەینەوە، دانوستانی باش و سودبەخش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سازبکەین بۆ ئەوەی پشکێکی دادپەروەرانەمان پێبدرێت، و باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو  و هاوکات رووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە دەبینەوە.