سەرۆککۆمارسەرۆککۆمار

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی شێخ بەشیر نجفی دەکات بەهۆی کۆچی دوایی براکەی و دەڵێت، لە خوای گەورە داواکارین کە کۆچکردوو بخاتە بەر رەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.

دەقی پرسەنامەکە...

پرسە و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی بەڕێز مەرجەعی ئاینی شێخ بەشیر نجفی دەکەین بەبۆنەی کۆچیدوایی براکەی زانای بەئەمەک شێخ نەزیر حوسێن خوا لێخۆشبێت کە ژیانی تەرخانکردبوو بۆ خزمەتی زانست و گەلەکەی و هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ بڵاوکردنەوەی هزری ئاینی و چاکسازی

 لە خوای گەورە داواکارین کە کۆچکردوو بخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات و ئارامی و سەبوری بە کەسوکار و خۆشەویستانی ببەخشێت.

إنا لله وإنا اليه راجعون

د. لەتیف جەمال ڕەشید

سەرۆک کۆمار

22-10-2025

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەردانی حسێن ئیسماعیل سەدری کرد لە بارەگاکەی لە شاری کازمیە.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی گشتی وڵات تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراق کرایەوە.

سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە، عیراق خاوەنی ئەو پێکهاتە ئایینی و مرۆییانەیە کە وای لێدەکات ببێتە نموونەیەک لە برایەتی و فرەییدا، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە یەکگرتنی هەمووان هەیە بۆ پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.

لای خۆیەوە، حسێن ئیسماعیل سەدر ستایشی سەردانی سەرۆک کۆماری کرد و گرنگیدانی بە پەیوەندی لەگەڵ سیمبولە ئایینی و نیشتمانییەکان بەرز نرخاند، هەروەها رۆڵی د.لەتیف رەشیدی لە بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆکردنەوەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ و گرنگیدانی بە رێزگرتن لە دەستوور و سەربەخۆیی دەسەڵاتەکان و ئاراستەکردنی وتارێکی نیشتمانی گشتگیر بەرز نرخاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، نامەیەکی سوپاسگوزاریی لە دکتۆر حەنان حوسێن بەلخی، بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەیشت.

لە نامەکەیدا، دکتۆر بەلخی ستایشی دیدگای سەرۆک کۆماری کردووە سەبارەت بە پێشخستنی ئاسایشی تەندروستیی نیشتمانی و بنیاتنانی سیستمێکی تەندروستیی خۆڕاگر بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

ناوبراو جەختی لەوەش کردووەتەوە کە سەردانەکەی بۆ عیراق دەرفەتێکی گرنگی رەخساندووە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پتەوکردنی هاوکاریی نێوان عیراق و رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.

لەکۆتاییدا، دکتۆر بەلخی پابەندبوونی تەواوی رێکخراوەکەی بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی عیراق لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە وڵاتدا دووپاتکردەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی نیشتیمانی عیراقەوە، سەرۆکی عەبدولمەجید تەبون سەرۆکی جەزائیر پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری عیراق دەکات و تیایدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە قووڵی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گەلی عیراق  و جەزائی، هەروەها  هیوای بەردەوامی خواست بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا.

 

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

 

خاوەنی فەخامەت

عەبدولەتیف جەمال ڕەشید

سەرۆک کۆماری عێراقی برا

فەخامەتی سەرۆک و برای بەڕێزم

بەبۆنەی یادی نیشتمانی کۆماری عێراقی برا، مایەی خۆشحاڵیمە کە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان پێشکەش بکەم، و هیوای تەندروستی باش و بەختەوەریتان بۆ دەخوازم، و بۆ گەلی عێراقی براش پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر، لە سایەی ئاسایش و سەقامگیریدا.

 

 لەم بۆنەیەدا خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین بە قووڵی ئەو پەیوەندییە مێژووییانەی کە هەردوو وڵات و گەلەکەمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە لەسەر بنەمای پتەوی ڕێزی دوولایەنە و برایەتی  دامەزراوە، جەخت لەسەر ویستی بەردەواممان دەکەینەوە بۆ کارکردن پێکەوە بۆ بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، و دۆزینەوەی دەرفەتەکانی هاوبەشی و هاوکاری کە هەردوو وڵاتی برامان دەوڵەمەندن پێیان.

 

فەخامەتی سەرۆک و برای بەڕێزم، بەرزترین دەربڕینی ڕێز و پێزانینم قبوڵ بفەرموون.

 

عەبدولمەجید تەبون

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەبۆنەی ساڵیادی رۆژی سەربەخۆیی عیراقەوە، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق نامەیەکی پیرۆزبای لە تەمیم کوڕی حەمەد ئال، میری قەتەرەوە پێگەیشت و میری قەتەر هیوای تەندرستییەکی باش بۆ سەرۆک کۆمار و پێشکەوتنی زیاتری بۆ عیراق خواستووە

 

 

ئەمەی خوارەوە دەقی بروسکەکەیە:

"سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید".

سەرۆک کۆماری عێراقی برا

بەغداد

 

سڵاو و سەلامی خودای گەورەتان لێ بێت.

خۆشحاڵم کە بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژی سەربەخۆیی کۆماری عێراق لە ڕێگەی ئێوەشەوە بۆ گەلی عێراق، بەناوی گەلی دەوڵەتی قەتەر و بەناوی خۆمەوە پیرۆزبایی خۆمتان پێ بگەیەنم، هاوکات هیوای تەندروستی  بەردەوام بۆ بەڕێزتان ، پێشکەوتن و  خۆشگوزەرانی بەردەوامیش بۆ وڵاتی برا بخوازم بەو ئومێدەی پەیوەندیی برایەتیی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام بێت لە گەشەکردن .

 

لەگەڵ ئەوپەڕی رێزی بێ پایانم،

برات

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 

بەبۆنەی 93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی عیراق سەرکی وڵاتانی جیهان و ناوچيکە پەیامی پیرۆزبایی و پەتوەکردنی پەیوەندییەکانیان ئاراستەی د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی رۆژی نیشتیمانی عیراق لە پەیامێکی پیرۆزبایدا، بەو بۆنەیەوە کارل گوستاف پاشای وڵاتی سوید پیرۆزبای لە  د.لەتیف رەشید دەکات و هیوای بەردەوامی ئاشتی و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عیراق دەخوازێت.

لی جەی میونگ، سەرۆک کۆماری کۆریای باشوریش پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی د. لەتیف رەشید کردوە و پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی متمانە و هاوکاری  لەگەڵ عێراق دەربڕیوە.

جەختیکردوەتەوە لەسەر خواستی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی بەردەوام و سەرکەوتوو و هیوای بەردەوامی تەندروستی و سەرکەوتنی بۆ سەرۆک کۆمار و ئاشتی و بەختەوەری بۆ گەلی عێراق خواستوە.

لە یەکێکی دیکە لە پیرۆزباییەکان، کە لەلایەن هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومانوە ئاراستەی د، لەتیف رەشیدا سەرۆک کۆماری عێراق کراوە، سوڵتانی عومان، وێرای پیرۆزبایی بەبۆنەی  93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی عیراق هوای بەردەوامی پێشکەوتن و سەقامگیری بۆ گەلی عێراق خواستووە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە پەیامێکی پیرۆزبایدا، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر پیرۆزبایی لە د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق دەکات بەبۆنەی 93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی عیراقەوە و جەختیشی لە پەیوەندی بەهێزی و مێژووی نێوان میسر و  عیراق کردوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە سورن لەسەر زیاتر پێشخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان نێوانیان.

لەپەیامەکەی سەرۆک کۆماری میسردا ئەوەش هاتووە؛ هیوای تەندروستی زۆر باش بۆ سەرۆک کۆماری عیراق خواستووە لەگەڵ سەقامگیری زیاتر و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ گەلی عیراق.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆماری سوریا

سەرۆک کۆمار پەیامێکی پیرۆزبایی لە هاوتا میسرییەکەیەوە بەبۆنەی یادی جەژنی نیشتمانییەوە پێدەگات.

بەڕێز سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید  پەیامێکی پیرۆزبایی لە بەڕێز عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسری عەرەبی بەبۆنەی یادی جەژنی نیشتمانییەوە پێگەیشت، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

برای بەڕێز سەرۆک د.لەتیف جەمال ڕەشید

خۆشحاڵم کە بە بۆنەی یادی جەژنی نیشتمانییەوە، جوانترین پیرۆزبایی و باشترین هیوای برایانە ئاڕاستەی بەڕێزتان و لە ڕێگەی ئێوەشەوە بۆ گەلی برای عێراق بنێرم.

ئەم بۆنە خۆشە دەقۆزمەوە بۆ ستایشکردنی پەیوەندییە مێژووییە بەهێز و پتەوەکانی نێوان میسر و عێراق، دووپاتیدەکەمەوە کە هەمیشە سوورین لەسەر پێشخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان و پەرەپێدانیان لە زۆر بواردا، بە شێوەیەک کە سوود بە هەردوو وڵات و گەلی برا بگەیەنێت.

 

برای ئەزیزم، هیوای تەندروستییەکی باش و بەختەوەرییەکی زۆر و سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم، هەروەها بۆ گەلی عیراقیش پەرەپێدانی زیاتر لە سەقامگیری و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.

 

لەگەڵ ڕێز و پێزانینی برایانەی بێ پایانم 

عەبدولفەتاح سیسی

سەرۆک کۆماری میسر

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەبۆنەی 93ـەمین ساڵیادی رۆژی نیشتمانیی پیرۆزبایی لە عیراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ساڵی 2025  ساڵی دەستکەوت بووە بۆ عیراق.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق،  پەیامێکی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بۆنەی 93 ساڵەی رۆژی نیشتمانیی عێراقەوە پێگەیشتووە.

سەرەڕای پیرۆزبایی، سەرۆکی ئەمریکا  لە پەیامەکەی پابەندبوونی پتەوی وڵاتەکەی بۆ هاوبەشی ستراتیژی لەگەڵ عێراق و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا، بە شێوەیەک کە سەقامگیری ناوچەکە بەرز بکاتەوە" دووپاتکردوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە ساڵی 2025 دەستکەوتی زۆری تێدابووە بۆ عیراق، کە تیشکدەخاتە سەر خۆڕاگری عیراق و گەشەسەندنی سەرکردایەتی لە ناوچەکەدا، وەک میوانداری سەرکەوتوانەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە عیراق و توانای عیراق بۆ بەرزکردنەوەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان وڵاتانی دراوسێ.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە؛ ئەمریکا و عیراق پێکەوە کاریان کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری ناوچەکە و بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزە و پاراستنی فشارەکان بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و هیواشی خواستووە بەردەوام بن لەو پێکەوە کارکردنە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی کۆمار بەبۆنەی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر پەسەندکردنی دەستوری عیراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەم رۆژە وەرچەرخانێکی نیشتمانی بوو لە پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عیراق و گواستنەوەی لە رژێمێکی ناوەندی تۆتالیتارییەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی، فیدراڵی و پەرلەمانی، کە ویستی گەل و بنەمای سەروەری خۆیان بەسەر خاک و نیشتمانەکەیاندا بەرجەستە بکات.

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار: 

لە 15ی ئۆکتۆبەری 2005 گەلەکەمان لەڕیفراندۆمێکی مێژوویی جەماوەریدا ڕای خۆی دەربڕی و دەستووری کۆماری عێراقی پەسەند کرد ئەم ڕۆژە وەرچەرخانێکی نیشتمانی بوو لەپرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عێراق و گواستنەوەی لەڕژێمێکی ناوەندی تۆتالیتارییەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی، فیدراڵی پەرلەمانی کەویستی گەل وبنەمای سەروەری خۆیان بەسەر خاک و نیشتمانەکەیاندا بەرجەستە بێت.

دەستوور بەرھەمی ھەڵبژاردنێکی نیشتمانی ئازاد و بەرپرسیارانە بوو، ھەروەھا دەرئەنجامی کۆدەنگییەکی ھەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو کە ھەموو پێکھاتەکانی گەلی عێراقی لە عەرەب، کورد، تورکمان، کریستیان  - و پێکھاتەکانی دیکەی کۆکردەوە ، بۆ پێکھێنانی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کەژیانی گشتی ڕێکدەخات و ماف و ئەرکەکان مسۆگەر دەکات و بنەمای ھاوبەشی لەبەڕێوەبردنی دەوڵەت و پاراستنی یەکگرتوویییەکەیدا چەسپاند.
هەر بەم بۆنە نیشتمانییەوە، سەرۆکایەتی کۆمار دووپاتی دەکاتەوە کە عێراقییەکان جگە لەبژاردەی دەستووری بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشەکان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە، پابەندبوون بەدەستوور و جێبەجێکردنی بڕگەکانی، چ دەق و چ ناوەڕۆک بێت، تاکە ڕێگایە بۆ پاراستنی سیستمی دیموکراسی و پاراستنی یەکگرتوویی وڵات.

 هەروەها جەختیش دەکەینەوە کە ئەو گۆڕانکارییە دەستورییەی کە عێراق بیست ساڵ لەمەوبەر گەواهیدەری بوو، وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بوو لە سیستمێکی ناوەندی تۆتالیتارییەوە کەبڕیارەکانی دەوڵەتی قۆرخ دەکرد بۆ سیستمێکی فیدراڵی دیموکراسی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و دەستەبەرکردنی بەشداریکردن و ڕێزگرتن لەفرەچەشنی و فرەیی لە چوارچێوەی یەکێتی نیشتمانیدا.

لەبیستەمین ساڵیادی پەسەندکردنی دەستووری کۆماری عێراق، سەرۆکایەتی کۆمار داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، ئەو پڕۆژە یاسایانە پەسەند بکات کەپێشکەشی ئەنجوومەنی بەڕێزی کردووە، وەک یاسای دادگای فیدراڵی، یاسای دەستەی باڵای یارمەتیدانی ژنان، یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان، یاسای خەڵاتی داهێنەری عێراق، یاسای دابەشکردنی زەوییە نیشتەجێبوونەکان، یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ، یاسای وەرگرتنەوەی داهاتی گەندەڵی، جگە لەچەند پڕۆژە یاسای وەک یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی فەرماندەیی شۆڕشی هەڵوەشاوە.
 هەروەها داوا لە هێزە سیاسییەکان و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن دەکەین کاربکەن بۆ خێراکردنی تەواوکردنی ئەو یاسایانەی لە دەستووردا دیاریکراون وەک  جێبەجێ کردنی ماددەی 140ی دەستوور و یاسای نەوت و گاز، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری دەستووری و سەقامگیری نیشتیمانی.
گەلی عێراقی خۆشەویست...
بنیاتنانی سیستمێکی دەستووری دیموکراسی دوای دەیان ساڵ دەسەڵاتی تۆتالیتاری ئاسان نەبوو، بەڵام ئیرادەی عێراقیەکان لە ئاستەنگەکان بەهێزتر بوو، بەردەوامیشە لەپێشکەوتنی بەردەوام بە ئاراستەی چەسپاندنی دەوڵەتی دامودەزگا و یاسا.
دەستووری کۆماری عێراق یەکێکە لە دەستوورە پێشکەوتووەکان، لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسیدا یەکدەگرێتەوە و گەواهیدەری ئەزموونێکی پێشەنگ لە ناوچەکەدا دەکات.
لەکۆتاییدا داوای یەکبوون و یەکڕیزیی نێوان گەلەکەمان دەکەین، لە باشووری عێراقەوە تا هەرێمی کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، بۆ ئەوەی عێراق وەک نیشتمانێکی ئازاد و یەکگرتوو بۆ هەموو هاووڵاتیانی بێت.

هەموو ساڵێک عێراق و گەلەکەی سەرفراز بن.
سەرۆکایەتی کۆمار
بەغداد – ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆمار د.لەتیف رەشید، ئەمڕۆ سێشەممە، لەکۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لەبەڕێوەبەری پێشوی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگریی و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ژەنەڕاڵ دەیڤید پێترایۆس.

لەمیانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا و پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کران، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی هاوکارییه ئەمنییەکانی نێوان دوو وڵات لەچوارچێوەی ستراتژێکی هاوبەشی درێژخایەندا کرد، هاوکات ستایشی رۆڵی ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد لە پاڵپشتیکردنی عیراق لەجەنگی دژ بەتیرۆر و رزگارکردنی خاکی عیراق لەژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستی داعش .

هەروەها سەرۆک کۆمار باسی لەدۆخی سەقامگیری ئەمنی عیراق و هەوڵەکانی کرد بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لەم بوارەدا بەدەست هاتوون ، جەختیشی لەوە کردەوە کەسەقامگیری وڵات خاڵی دەستپێک بوو بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان کە بەشدارن لە گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام و جێبەجێکردنی داواکاری هاوڵاتیان و بەڕێزیان ئاماژەی بەوەشدا کەعیراق خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئاماده دەکات و ئامادەکارییه کانیش بەردەوامە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی ئاسان و شەفاف و چەسپاندنی پڕۆسەی دیموکراسی وڵاتدا.

لەلای خۆیەوە ژەنەڕاڵ پێترایۆس پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ یەکخستنی دیدگەی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری وڵات و هەروەها ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە عیراق لە ئاستی ئەمنی و سیاسیدا بەدەستهێناوون و پاڵپشتیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ عیراق لەبوارە جیاجیاکاندا دووپات کردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە جەنەڕاڵ کریستۆف هێنتزی، فەرماندەی نێردەی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە عیراق و وەفدی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار پەرۆشی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ ناتۆ لە بوارەکانی مەشق و راهێنان، پاڵپشتی راوێژکاری و پەرەپێدانی توانای سەربازی. بە بڕوای سەرۆک کۆمار، ئەم هاریکارییە بەشدار دەبێت لە پەرەپێدانی دامەزراوە سەربازییەکانی عیراق.

هەر لە دیدارەکەدا، پێشهاتەکانی ناوچەکە و گرنگیی بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی تاوتوێ کران. سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، عیراق دۆخێکی ئاسایش و سەقامگیری بەخۆوە دەبینێت و سەرقاڵی خۆئامادەکردنە بۆ پڕۆسەیەکی دیموکراسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو، هەوڵیش دەدرێت ئەم هەڵبژاردنانە ئازاد و دادپەروەرانە و نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەلی عیراق بن.


د. لەتیف رەشید باسی لە بەشداریکردنی لە خولی هەشتاهەمین کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە لە وتارەکەیدا تیشکی خستبووە سەر هەڵوێستەکانی عیراق سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. هەروەها ئاماژەی بە سازدانی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەڕانەوەی کەسانی مەدەنی لە کەمپی هۆل و کەمپەکانی دەوروبەری و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ عیراق لە داخستنی ئەم دۆسییەی کرد.


لەلای خۆیەوە، فەرماندەی نێردەی ناتۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پێشوازییە گەرمەکە و ئامادەیی ناتۆی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی عیراق لە رێگەی بەرنامەکانی مەشق و راوێژکارییەوە، هەروەها بەهێزکردنی چوارچێوەی هاوبەشی ئێستا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەنووس سەباح شێخلی، سەرنووسەری رۆژنامەی (البینة الجدیدة)، دوای کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی بەغداد، ستایشی گرنگیدان و پێزانینی سەرۆک کۆماری کرد بۆ کاری رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسان. شێخلی کۆبوونەوەکەی بە "جێگەی شانازی و رێز" بۆ خۆی و رۆژنامەکەی وەسف کرد.

گرنگیدانی سەرۆک کۆمار بە رۆژنامەگەری:

سەباح شێخلی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی زیاتر کاریگەر بووە لە کۆبوونەوەکەدا، "گرنگیدانێکی زۆر و نایابی سەرۆک کۆمار بووە بە رۆژنامەگەری عیراقی و پیاوانی ئەو بوارە." بە وتەی شێخلی، سەرۆک کۆمار بە قسەی پڕ بەها و کاریگەر پێزانینی خۆی دەربڕیوە بۆ رۆڵ و گرنگی رۆژنامەنووسان.

د. لەتیف رەشید لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کردەوە:

  • ئازادی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان: پێویستە دڵنیا بکرێنەوە لە ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافەکانیان.

  • رۆڵی رۆژنامەگەری: رۆژنامەگەری رۆڵێکی گرنگی هەیە لە تۆمارکردنی مێژوو، گواستنەوەی روداوەکان، و خستنەڕووی بابەتە گرنگەکانی ژیانی هاووڵاتییان.

  • دابینکردنی پێداویستییەکان: پێویستە هەموو بەرپرسێک، لە لووتکەی دەوڵەتەوە تا بنکەکەی، کار بکات بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە بۆ ڕۆژنامەنووسان.

  • ئازادی رادەربڕین و یەکێتی نیشتمانی: پێویستە فراوانتری روبەری ئازادی دەربڕین دابین بکرێت بۆ ئەوەی کەشێکی ئەرێنی بۆ کاری رۆژنامەگەری دروست ببێت و کارمەندانی بوارەکە بتوانن رۆڵی خۆیان لە پەرەپێدانی یەکێتی نیشتمانی و هاوپشتی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلدا بگێڕن.

سەرۆک کۆمار وتیشی: "پێزانینمان هەیە بۆ هەموو هەوڵەکان کە ئامانجیان ئاشکراکردنی راستی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و چەسپاندنی دیموکراسی و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی هاوبەشە."

پابەندبوون بە میساقی شەرەف و چاودێریکردنی حکومەت:

د. لەتیف رەشید تیشکی خستە سەر خاڵێکی گرنگ، لە پێویستی پابەندبوون بە "میساقی شەرەفی راگەیاندن"، وەک چوارچێوەیەک کە هاوسەنگی لە نێوان ئازادی بڵاوکردنەوە و بەرپرسیارێتی پیشەیی رادەگرێت و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەپارێزێت. هەروەها جەختی لەسەر گرنگی چاودێریکردنی ئاستی حکومەت و دیاریکردنی کەموکورتییەکان بە شێوەیەکی بابەتی و پیشەیی کردەوە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە راستکردنەوەی سیاسەتە گشتییەکانی وڵات و گواستنەوەی ڕاستییەکان بە ئەمانەت و ڕاستگۆیی.

وتیشی: "رۆژنامەگەری رۆڵێکی گەورەی هەیە لە دروستکردنی رای گشتی هۆشیار بەوەی کە لە دەوروبەری هاووڵاتیان رودەدات، لە رێگەی گواستنەوەی زانیاری بە راستگۆیی."

خزمەتکردنی وڵات: شەرەف و ئەمانەت:

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا کە سەردانی زۆربەی زانکۆ و پەیمانگە عیراقییەکان و فەرمانگە حکومییە جیاوازەکانی کردووە و بەشداری لە چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا کردووە. هەروەها چاوی بە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا کەوتووە و پێشوازی لە باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی و بیانی کردووە، جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیران و بەرپرسانی حکومەت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە گرنگەکان.

د. لەتیف رەشید خزمەتکردنی بەرپرسی باڵا بە وڵات و گەلەکەی بە "شەرەف و ئەمانەتێک" وەسف کرد کە دڵسۆزانە و راستگۆیانە هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات. بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە حەز ناکات لە شەقامەکانی بەغداد بە ڕێڕەوێکی درێژ لە ئۆتۆمبێل و پاسەوانان بڕوات و ناڕەحەت دەبێت لە بیستنی دەنگی زەنگەکان کە دەبێتە هۆی تێکدانی جوڵەی هاتوچۆ و قەرەباڵغی کە زیان بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت. لەبەر ئەمە، مەیلی بۆ ئەنجامدانی کارەکانی بە هێمنی و ئەمانەت هەیە. سەباح شێخلی نزیکەی کاتژمێرێک گوێی لە قسەکانی سەرۆک کۆمار گرتووە.

وتارەکەی سەباح شێخلی و کاریگەرییەکەی:

سەباح شێخلی ڕایگەیاند، داوای مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار کردووە بۆ قسەکردن و سوپاسی کردووە بۆ تەرخانکردنی کات بۆ پێشوازیکردنی وەک هاوڵاتی و ڕۆژنامەنووسێک. بەتایبەتی سوپاسی کردووە بۆ گرنگیدانی بە وتارێک کە لە ژمارەی (4675)ی رۆژنامەی البینة الجدیدة لە رێکەوتی (دووی تشرینی یەکەمی 2025) بڵاوی کردبووەوە، بە ناونیشانی: "سەرنجی هاوڵاتییەکی عیراقی ئاڕاستەکراو بۆ بەڕێز سەرۆک کۆمار... هەموو خۆشەویستی و رێزێکمان بۆتان هەیە بەڵام دەمانەوێت لە شەقامدا بتبینین."

شێخلی ئاماژەی بەوەدا کە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار پەیوەندی پێوە کردووە و داوایان لێکردووە ئامادە بێت بۆ کۆبوونەوەکە، ئەمەش بەڵگەی گرنگیدانە بەوەی رۆژنامە رۆژانەکان بڵاوی دەکەنەوە. هەروەها، ئاماژەی بە جیاوازییەک کرد کە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بە دەیان وتاری لەسەر روخانی پردێکی پیادەڕەو لەسەر رێگای محەمەد قاسم نووسیوە، کە لە ساڵی 2020ەوە بەهۆی پێکدادانی بارهەڵگرێکەوە روخاوە و لایەنی پەیوەندیدار هیچ چارەسەرێکی نەکردووە. ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە جیاوازیی نێوان بەرپرسێک کە بەدواداچوون دەکات و یەکێکی تر کە بێباکە، دەربخات.

لە کۆتاییدا، سەباح شێخلی رێز و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار تۆمار کرد لەسەر باشی پێشوازییەکەی، و بە دڵسۆزییەوە هیوای سەرکەوتن و لێهاتوویی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمانی عیراق. هەروەها سوپاسگوزاری خۆی ئاراستەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار کرد لەسەر هەوڵدان و بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەوەی لە رۆژنامە رۆژانەکاندا بڵاودەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 8-10-2025 سەردانی مۆزەخانەی عیراقی لە بەغداد کرد.

سەرۆک کۆمار گەشتێکی بەناو هۆڵەکانی مۆزەخانەکە و بەشە جیاوازەکان کرد و گوێی لە روونکردنەوەیەکی وردی هەوڵە نیشتمانییەکان بوو بۆ وپاراستنی شوێنەوار و  ئەو شوێنەوارانەی دۆزراونەتەوە.

لە میانەی سەردانەکەیدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە پاراستنی ئەم کەلەپورە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە کە پێویستی بە هاریکاری و هەماهەنگی نێوان دامەزراوە حکومی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە، هەروەها بریتیە لە گەیاندنی هۆشیاری لەبارەی گرنگی مێژوو وەک رێنمایی و خاڵی دەستپێک بۆ گەلان بەرەو خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن.

سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی ئیدارە و ستاف و کارمەندانی مۆزەخانەکەی کرد لە پاراستنی ئەم کەلەپورە مرۆییەدا، جەختیکردەوە لە گرنگی پشتگیریکردن و بەهێزکردنی مۆزەخانە بە نوێترین شێوازەکانی نۆژەنکردنەوە و بەڵگەنامەکردن و نمایشکردن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند؛ پێویستە هێزەکانی هەسەدە لە سوریادا دروبخرێنەوە و ئەوان هەڕەشەن بۆ ئاسایشی دیمەشق و ئەنقەرە و  پاڵپشتی تەواوەتی وڵاتەکەشی بۆ سوریا راگەیاند.

 

لە کۆنگەرەیەکی رۆژنامەوانیدا هاکان فیدان لەگەڵ هاوتا سورییەکەی رایگەیاند؛ پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر سوریا و گەلەکەی جێبەجێ بکات و هێرشەکانی ئیسرائیلیش یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگییەکانی بەردەم سوریا.

داواشیکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هه ڵوێستی جدی و روونیان له بەرامبەرهێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق هەبێت و پاڵپشتی تەواوەتی وڵاتەکەشی بۆ سوریا راگەیاند.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی کرد و جەختیکردوەکە؛ ئەوان مەترسین بۆسەر سوریا و تورکیا و پێویستە لە سوریا دوربخرێنەوە.

لایخۆشیەوە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاند؛ جەخت له رۆڵی بەرچاو و پاڵپشتی بەرفراوانی تورکیا دەکەن بۆ حکومەتی نوێی سوریا، وتیشی؛ دیمەشق ئێستا پێگه و نفوزی مێژوویی خۆی له نێو وڵاتانی جیهاندا بەدەست هێناوەتەوە و هەربیانویەکیش لە چوارچێوەی دابەشکردنیدا  رەتدەکەنەوە.

شيیبانی باسی لە کۆبونەوەکەی دوێنێی بەرێوەبەرایەتی خۆسەر و حکومەتی دیمەشق کرد و رایگەیاند؛ ئامانج لەو کۆبونەوەیە پابەندبونە بە رێککەوتنی 10ی ئادار و داواشی لە هەسەدە کرد پابەندبن بە بڕگەکانی رێککەوتنەکەوە.

 

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، بەئامادەبوونی فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، کارنامەی ژمارەیەک باڵیۆزی نوێی وەرگرت.

سەرۆک کۆمار کارنامەی لە باڵیۆزانی، کۆماری هەنگاریا، ئوسامە ئیبراهیم نەفاع، کۆماری ڤێتنام، نگوین لۆنگ نۆک، کۆماری دیموکراتیی نیپاڵ، گانا شیام لەمسال، کۆماری کازاخستان، تەڵعەت رەحیمقولولی، کۆماری ئۆزبەکستان، ئەیوب خان، کۆماری بورکینافاسۆ، محەمەدی کابۆری ، هەریەک بەجیا وەرگرت.

سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی باڵیۆزە نوێیەکانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە جێبەجێکردنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانیان، لەپتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری هاوبەش، جەختیشی لە پابەندبوونی عیراق کردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیەکی هاوسەنگ لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش.

لەلای خۆیانەوە باڵیۆزەکان سڵاوی سەرکردەی وڵاتەکانیان و خواستەکانیان بۆ بەردەوامی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی عیراق گەیاند  و پابەندبوونیان بە پتەوکردنی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و وڵاتەکانیان دووپاتکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق، لەوتارێکدا بۆ سی ئێن ئێن عەرەبی  رایگەیاندووە، ئامانجمان داخستنی کەمپی هۆڵ و کەمپە هاوشێوەکانی و رێگریکردنە لە گەڕانەوەی تیرۆر

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بابەتێکی لە سی ئێن ئێن عەرەبی بڵاوکردەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو هەوڵانەی کە دراون بۆ بەستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لەبارەی کەمپی هۆڵ، لە پەراوێزی 80هەمین دانیشتنی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەنیویۆرک بەڕێوەچوو، هەروەها پلانەکانی عێراق بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانی کەمپەکە.

 

 

ئەمەی خوارەوە دەقی ووتارەکەیە:

بەغدا سەرپەرشتی هەوڵەکان دەکات بۆ داخستنی کەمپی هۆڵ و هۆشداری دەدات لە پشتگوێ خستنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

 

لەنوسینی د.لەتیف جمال ڕەشید

 

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو عێراق لە پەراوێزی 80هەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆنفرانسێکی باڵای سەبارەت بە کەمپی ئەلهۆڵ سازکرد، ئەم کۆنفرانسە تەنها ڕێوشوێنێکی پرۆتۆکۆڵی نەبوو، بەڵکو بانگەوازێکی بەپەلە بوو بۆ بەرپرسیارێتی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێک لە جددیترین قەیرانە مرۆیی و ئەمنییەکان کە جیهان لە مێژە پشتگوێی خستووە.

کەمپی ئەلهۆڵ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هێشتا ژینگەیەکی ناجێگیرە و زۆر مەترسیدارە و نزیکەی ١٠ هەزار توندڕەو و خێزانەکانیان لە زیاتر لە ٦٠ وڵاتەوە نیشتەجێن، زەمینەیەکی لە بارە بۆ توندڕەویی، کارەساتێکی مرۆیی بەردەوامە و وێنایەکی زیندووە بۆ شکستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی وێرانکارییەکانی جەنگ و تیرۆر و ئاوارەبوون.

عێراق زۆر باش ئەم ڕاستیانە دەزانێت، هێشتا شوێنەوارەکانی داگیرکارییە دڕندانەکانی داعش لە یادەوەرییەکەیدا ماوون، لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 بە مەزەندەکردنی 95 بۆ 115 هەزار کەس لە عێراق کوژراون کە  کەسانی سیڤیل و سەربازی بوون، سەرەڕای ڕاگەیاندنی سەرکەوتن لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەساڵی ٢٠١٧، بەڵام ئەو کۆمەڵگانەی کە ململانێکان ماندویان کردبوون ،بووبونە نێچیرێکی ئاسان بۆ توندڕەوەکان تەنانەت لە کاتێکدا حکومەت بەردەوامە لە هەوڵە ماندوو نەناسەکانی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی خزمەتگوزارییەکان و بنیاتنانی سەقامگیرییەکی بەردەوامی هیوا بەخش.

مێژوو فێری کردووین کاتێک قەیرانەکان،بەبێ چارەسەر بمێننەوە، دەبنە هەڕەشەیەکی هەمیشەیی، لە ئۆردوگای ئاوارەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ئەوروپا تا قەیرانی پەنابەران لە ڕواندا و زائیر، دەرئەنجامەکەش وەک یەک بووە: کاتێک ئاوارەکان پشتگوێدەخرێن لەلایەن کۆمە‌ڵگەی نێودەوڵەتیەوە  ئاوارەیی دەگۆڕێت بۆ بۆمبێکی کاتی.

لەبەرئەوە عێراق چاوەڕێی ئەوەی نەکرد کە ئەوانی تر هەنگاو بنێن، بەڵکو بەرپرسیارێتی تەواوی خۆی لەئەستۆ گرت، هەنگاوی سەخت و چارەنووسسازمان ناوە بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانمان لە کەمپی ئەلهۆڵ، لە ڕێگەی پرۆسەیەکی هەماهەنگەوە کە ڕەهەندە ئەمنییەکان و مرۆیی و یاساییەکانی لەخۆگرتبوو. تا ئێستا عێراق 4,915 خێزان (18,830 تاک)ی گەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی ئەمەل لە ناوخۆی وڵاتدا، لەنێویاندا 3,407 خێزان (12,557 تاک) کەپێشتر تێکەڵ بە کۆمەڵگە ناوخۆییەکانیان بوون. هەروەها عێراق سێ هەزار و 206 دەستگیرکراوی لەهێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) پێشوازی لێکرد، لەچوارچێوەی هەوڵێکی چڕ و پڕی نیشتمانی بۆ داخستنی ئەم لاپەڕە پڕ ئازارە و کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر بنەمای ئاسایش و سەقامگیری وەرگرتووە.

لە پشت ئەم ژمارانەوە چیرۆکی مرۆڤی زیندوو هەن، هەر تاکێک کە لە کەمپەکەوە گەڕێنرایەوە بۆ وڵاتەکەی نمونەی ژیانێکە کە جەنگ شێواندبووی و ئێستا دەستی بە ڕێگای چاکسازی و یەکگرتنەوە لەگەڵ کۆمەڵگە کردووە، ئێمە پلانێکی نیشتمانی گشتگیرمان داڕشتووە کە پاڵپشتی دەروونی، فێرکردن، ڕاهێنانی پیشەیی، و ئاشتەوایی کۆمەڵگە لەخۆدەگرێت، کە لەلایەن چوار گروپی تەکنیکییەوە جێبەجێ دەکرێت کەپێکهاتوون لەدامەزراوە عێراقییەکان وهاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، ئەم مۆدێلە چوارچێوەیەکی پراکتیکی دەستەبەر دەکات کە بۆ وڵاتانی دیکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی هاوشێوە دەبنەوە، بەکاربهێنرێت. عێراق بە هەوڵە نیشتمانییەکانی ناوەستێتەوە هەروەها پشتگیری لە لۆجستیکی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانی دیکە دەکات و ئامادەیی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ یارمەتیدانی هەر وڵاتێک کە هەوڵی بەڕێوەبردنی ئەم پرسە ئاڵۆزە بدات.

بەڵام ڕاستییە دووفاقییەکە ئەوەیە کە قەیرانی ئەلهۆڵ تەنیا بەرپرسیارێتی عێراق و سووریا نییە، قەیرانێکی جیهانییە، پشتگوێخستنی یان خراپ مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەبێتە هۆی ئەوەی کاردانەوەکانی زۆر لە سنوورەکانمان زیاتر درێژببنەوە، هەندێک وڵات دەستیان کردووە بە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانیان بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام بەشێکی زۆریان بە دوودڵی ماونەتەوە و ئاستەنگی سیاسی یان یاسایییان بۆ دەهێننەوە، لەم نێوەندەدا منداڵان لە کەمپەکاندا و بێ یاسا گەورە دەبن، کە زۆربەیان توندڕەو بوون و بە "بەچکەکانی داعش" ناسراون، ژنان لە بارودۆخێکی ناخۆشدا بە دەستبەسەری ماونەتەوە لە کاتێکدا توندڕەوەکان بەردەوامن لە پلاندانان ودامەزراندنی کارمەندان، لەوەش ترسناکتر ئەوەیە کە ڕاپۆرتەکانی دامەزراوە باوەڕپێکراوەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان پێشێلکارییە ترسناکەکانیان ئاشکرا کردووە، لەنێویاندا دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لەناو کەمپەکەدا، هەر ڕۆژێک کە بەبێ چارەسەر تێدەپەڕێت، دەرفەتێکی لەدەستچووە و مەترسییەکی گەشەسەندووە دێتە ئاراوە.

کۆنفرانسی ئەم دواییە کەعێراق سپۆنسەری کردبوو، بانگەوازێکی بەپەلە بوو بۆ کاری بەکۆمەڵ و ئاماژەیەک بوو بۆ پەرەسەندنی کۆدەنگی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، هاوبەشەکانمان کە لە پێشەنگییانەوە نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان (UNOCT) و زۆربەی وڵاتانی ئەندام پێشوازییان لەدەستپێشخەرییەکەمان کرد و پشتگیری خۆیان بۆ چارەسەری بەپەلە و کاریگەر دووپاتکردەوە، بەڵام بە تەنیا نیەتی باش بەس نییە، دەبێت کۆدەنگی بگۆڕدرێت بۆ هەنگاوی پراکتیکی خێراتر و فراوانتر، کاتی ئەوە هاتووە ئەوانەی  لە دورەوە  سەیر دەکەن، هەنگاو بنێن بۆ پێشەوە و جێگەی خۆیان لەسەر مێزی چارەسەر بگرن.

ئامانجی ئێمە ڕوون و بێ دوو دڵی... داخستنی کەمپی ئەلهۆڵ و کەمپەکانی هاوشێوەی، ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی تیرۆر و گەڕاندنەوەی هیوا و کەرامەت بۆ هەموو ئەوانەی ئازاریان چەشتووە، ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە یەکگرتنەوە و ئاشتەوایی نەکارێکی ئاسانە و نەکارێکی خێرا، چونکە گەڕاوەکان لەم کەمپانە تووشی برینێکی قووڵ دەبن کەپێویستیان بە پشتیوانی درێژخایەن هەیە، بەڵام عێراق زۆر باش باجی بێکردەوەیی دەزانێت و بڕیاریداوە هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە، بەڵکو ئەو ئاڵنگارییانە بگۆڕێت بۆ دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و چەسپاندنی سەقامگیری.

بۆ ئەو هاوبەشانەی لەجەنگی لەناوبردنی داعش لەگەڵمان وەستان، دەڵێین: کاتی ئەوە هاتووە ئێوە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی لەگەڵمان بوەستن. گەڕانەوەی هاوڵاتیانی کەمپەکە بەرپرسیارێتییەکی دەستەجەمعییە و پێویستە جیهان بە ئیرادە و هاوکارییەوە ڕووبەڕووی ئەم قەیرانە ببێتەوە نەک ترس و بێباکی، کارەساتی ئۆردوگای ئەلهۆڵ نابێت ببێتە پەڵەیەک لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی، بەڵکو چیرۆکێکی یەکگرتوویی جیهانی و توانای زاڵبوون بەسەر ناخۆشیەکانیدا.

لە ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئەمڕۆدا، عێراق تەنها بەرگری لە سنوورەکانی ناکات، بەڵکو لەداهاتووی مرۆڤایەتی بە گشتی، ڕۆڵی خۆی بەتەواوی بەجێگەیاندووە، ماوەتەوە ئەوانی تر بەرپرسیارێتی خۆیان لەئەستۆ بگرن بۆ ئەوەی ئۆردوگاکانی ئاوارە نەبنە کارگەی ڕق و کینە و تیرۆر، بەڵکو سەرەتایەکی نوێ بن کە دەرفەتی ئاشتی و کەرامەت تێیدا بنیات بنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...678910...43