د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ پێنجشەممە لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە نیویۆرک، لە پەراوێزی بەشدارییکردنی لە 80هەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازیکرد لە ئەحمەد ئەبول غیت سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتی گۆڕەپانی عەرەبی و نێودەوڵەتی کرا، دیارترینیان ئەو هەوڵانە بوو بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری لە ناوچەکە لەبەر ڕۆشنایی ئاستەنگە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێستا.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە سەر پێویستی چڕترکردنی هەماهەنگی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و یەکخستنی هەڵوێستەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ناوچەیی و دیارترینی دەسدرێژیی ئیسرایل بۆ سەر گەلی فەلەستینی.

سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە گرنگی بەهێزکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی و چالاککردنی رۆڵی کۆمکاری عەرەبی لە چارەسەرکردنی مەسەلەکان و پاڵپشتیکردنی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە، بەشێوەیەک کە ویستی گەلانی ناوچەکە بۆ سەقامگیری ئەمنی و ئابوری بەدیبهێنێت.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بابەتەکانی کارنامەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو دەرەنجامانەکرا کە یارمەتیدەر دەبن لە چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی جیهانی.

لای خۆیەوە ئەبول غەیت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پابەندبوونی سەرۆک کۆمار بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی دەربڕی، جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی کۆمکار بۆ هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی کە رووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە.