د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، جەختی لەوە کردەوە کە عیراق توانای مرۆیی ناوازەی هەیە و دەتوانێت بەشداری کاریگەر بکات لەپڕۆژە جۆراوجۆرەکانی داهێنان و گەشەپێدان و هەروەها ئاماژەی بەگرنگی وەبەرهێنان لەپڕۆژە جۆراوجۆرەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەپێدانیان کرد.

سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی  10ـی 2025 لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە د. تەلال ئەبوغەزالە سەرۆکی کۆنگرەی داهێنانی عەرەبی و وەفدی یاوەری کرد و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکاری عەرەبی لە بوارەکانی داهێنان و تەکنەلۆژیا تاوتوێکران.

سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر گرنگی بەهەندوەرگرتنی بەرنامەی کوالیتی کە یارمەتیدەرە بۆ پشتگیریکردن و بەهێزکردنی گەنجان لەبوارە تەکنیکی و زانستییە مۆدێرنەکاندا.

هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد کە عیراق هەوڵی بنیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن دەدات لەسەر بنەمای کارایی و داهێنان و جەختی لەپەرۆشی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ کۆنگرەی عەرەبی بۆ داهێنان کردەوە بەشێوەیەک کە ئاسۆیەکی نوێ بۆ هاوبەشی لەبوارەکانی توێژینەوەی زانستی و گواستنەوەی دیجیتاڵی و ئابووری زانستی بکاتەوە و ژینگەیەک بەرجەستە بکات و هانی داهێنان و پێشکەوتنی زانستی لەناوچەکەدا بدات.

هاوکات سەرۆک کۆمار ستایشی ئامانجەکانی کۆنگرەی کرد لە بەهێزکردنی کاری هاوبەش لەبواری داهێناندا، تیشکی خستە سەر ئەزموونی عیراق بەتایبەت لە گۆڕانکاری دیجیتاڵیدا، وەک ناوەندێکی ناوچەیی ئومێدبەخش ودەستپێکردنی دەستپێشخەری لە کەرتە گرنگەکان، هاندانی وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت، و بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنان و گەنجان لە سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی داهێنان و کارگێڕی و جەختیشی لەوە کردەوە کە دەستپێکردنی کۆنگرەی عەرەبی لە بەغداد پێگەی پێشەنگی عیراق وەک ناوەندێکی ناوچەیی بۆ داهێنان پشتڕاست دەکاتەوە.

لەلای خۆیەوە دکتۆر تەلال ئەبوغەزالە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پێشوازییە گەرمەکەی و ئامادەیی کۆنگرەی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە عیراقییەکان لەبوارەکانی داهێنان و برێوەبەرایەتی و دابینکردنی ژینگەی نیشتمانی بەنوێترین ئەزموون و تەکنەلۆژیای عەرەبی و نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە .

هەروەها ئەبوغەزالە، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنگرەی عەرەبی یەکەم کۆنگرەیە لەعێراق و ناوچەکەدا، بەو پێیەی بەرجەستەی دیدگەیەکی گەورەیە بۆ پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی عێراقی پێشەنگ، کە سەرکردە و بیرمەندان و خاوەنکاران و داهێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆر کۆدەکاتەوە بە ئامانجی دروستکردنی چارەسەری کردەیی کە گەشەپێدانی بەردەوام بەرز بکاتەوە و پاڵپشتی ئابووری لەسەر بنەمای زانست بکات.