سەرۆکایەتی کۆمار: یادی سەرۆک مام جەلال بانگەوازێکی هەمیشەییە بۆ کارکردن لەپێناو عیراقێکی یەکگرتوو
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆکایەتی کۆمار بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، رێوڕەسمێکی یادکردنەوە رێکخست.
بە ئامادەبوونی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، سەرۆکایەتی کۆمار ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، رێوڕەسمێکی یادکردنەوەی لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشووتر رێکخست، وەک وەفادارییەک بۆ خزمەتەکانی و میراتە سیاسییەکەی.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، وتاری سەرۆکایەتی کۆمار پێشکەش کرا، کە تێیدا هاتبوو، یادی مام جەلال تەنیا بەسەرچوونی مێژوویەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکی هەمیشەییە بۆ کارکردن لەپێناو عیراقێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ.
لە وتارەکە ئاماژە بەوەشکرا، مام جەلال خەباتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری، و بەدەستهێنانی ئازادی و کەرامەت کرد، نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەل.
لە رێوڕەسمەکەدا راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆمار و ژمارەیەک لە کارمەندان ئامادەبوون.
دەقی وتاری سەرۆکایەتی کۆمار:
" بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
برایان و خوشکان
ئەمڕۆ لەم یادکردنەوەیەدا کۆدەبینەوە، و بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە کەسایەتییەکی نیشتمانیی مەزن، سەرکردەی گەورە مام جەلال، بەبیردێنینەوە، کە جێپەنجەیەکی دیاری لەسەر ڕێڕەوی تێکۆشانی گەلەکەمان و خەباتی بۆ ئازادی و کەرامەت بەجێهێشت.
ئەو لە هەشت ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، بەڵام میراتی نیشتمانی و بیری سەرکردایەتییەکەی زیندوو ماوە لەنێوانماندا، ئیلهامبەخشە بۆ نەوەکان و بیرمان دەخاتەوە بە گرنگی قوربانیدان لەپێناو بەها باڵاکانی نیشتمان.
یادی مام جەلال تەنیا مێژوویەک نییە ، بەڵکو بانگەوازێکی هەمیشەییە بۆ کارکردن لەپێناو عێراقێکی یەکگرتوو، ئازاد، سەربەخۆ و دیموکراسی.
مام جەلال خەباتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری، و بەدەستهێنانی ئازادی و کەرامەت کرد، نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەل، کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحی، ئێزیدی و سابئی، و خەونی بە دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵی دەبینی کە هەمووان تێیدا یەکسان بژین، و ئەمەش دوای قوربانییەکی زۆر هاتە دی، و ئەرکێکی گەورەمان لەسەر شانە کە ئەم پەیامە پیرۆزە هەڵبگرین و بەردەوام بین لەسەر کارکردن بۆی.
بۆیە هەمووان لەسەر خۆشەویستی و ڕێزلێنانی کۆک بوون، وەک چۆن مەرجەعیەتی باڵای ئایینی وەسفی کردووە (دەروی ئاسایشی عێراق) پەرۆش بوو بۆ یەکخستنی گوتار و یەکڕیزی، و ڕۆڵی دیاری بینی لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵات".
ئەمڕۆ، کاتێک بۆ ڕێزلێنان لەم سەرکردە مەزنە دەوەستین، دووپاتی دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی ئەوین، ئاڵای نیشتمانمان هەڵگرتووە، پابەندین بەو بەهایانەی کە لە تەواوی ژیانی خۆیدا بەرجەستەی کردوون، باوەڕمان وایە کە سەقامگیری و ئازادی تەنها بە یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هاوبەش بەدی دێت.
با هەموومان بەها بەرزەکانی بەبیر بێنینەوە، و پەیمان نوێ بکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر ڕێڕەوی نیشتمانی، بە ڕۆحی وەفاداری و دڵسۆزی بۆ نیشتمانە خۆشەویستەکەمان.
خوای گەورە سەرکردەی مەزن مام جەلال بە بەهەشتی خۆی شاد بکات، و هەموانمان ئارامگرتن و سووربوونمان پێببەخشێت بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێگایەی کە بۆمانی نەخشاند، تا ناوی هەمیشە لە بیرەوەری گەلەکەماندا بە نەمری بمێنێتەوە.










