سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و جەختیان لە هەوڵەکانی پشتگیریکردنی ئاشتی و ئاسایش کردەوە.

لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی هەشتاهەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ چاویکەوت بە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان .

لە میانی دیدارێکدا، گفتوگۆ دەربارەی پەرەسەندنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی ئاشتی و ئاسایش کرا، هاوکات گرنگترین ئەو پرسانەی کە لە کارنامەی کۆمەڵەی گشتییدا بوون، تاوتوێ کران.

سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پشتیوانیی عیراق بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکان کردەوە و ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی کاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی ژینگە و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان کرد، ئەوەش لە رێگەی دانانی بەرنامەی چڕوپڕ لە چوارچێوەی هاوکارییەکی نێودەوڵەتیی بەرهەمداردا.

لەلای خۆیەوە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی رۆڵی عیراقی لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی ناوچەکەدا کرد، هەروەها دەستخۆشی لە بەشداریکردنەکانی لە بەهێزکردنی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتیدادوپات کردەوە، جەختیشی لەسەر پەرۆشیی ڕێکخراوەکە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.

دیدارەکە بەئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیر، وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی،و وەزیری تەندروستی د. ساڵح حەسناوی، و وەزیری کۆچ و کۆچبەران ئیڤان فایەق جابرۆ، و نوێنەری هەمیشەیی عیراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان باڵیۆز لوقمان فەیلی بەڕێوەچوو.