سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، هەرێمی كوردستان و عیراق لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لە رێگەی دانوستان و گفتوگۆوە.

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی فرانس 24 رایگەیاند، مانەوە و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق بەپێی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان دەبێت و لەئێستاشدا عیراق گەیشتووەتە قۆناغێك پێویستی بە هێزی بیانی و ئەمریكا نییە و دەتوانێت شەڕی تیرۆر بكات و پارێزگاری لە ئاساسیش و ئارامییەكەی بكات.
وتیشی، گروپی تیرۆریستی داعش بە تەواوەتی تێكشكاوە و سەرجەم سنورەكانیش كۆنترۆڵكراون و بە وردی چاودێری جوڵەی گروپە تیرۆرستییەكان دەكەن.

سەرۆك كۆماری عیراق راشیگەیاند، هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە دانوستان و گفتوگۆ بەردەوامن بۆ چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان و دوایین هەوڵیشیان رێككەوتن بووە لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان.