سەرۆککۆمارسەرۆککۆمار

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی "ئەلغد"، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، تیشکی خستە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق سەبارەت بە پرسە هەنووکەییەکانی ناوچەکە و دۆخی ناوخۆی وڵات، و جەختی کردەوە کە تاکە چارەسەری ریشەیی بۆ بارودۆخی ناوچەکە، داننانە بە مافە رەواکانی گەلی فەڵەستین.

هەڵوێستی عیراق لەسەر پرسی فەڵەستین:

سەرۆک کۆمار رایگەیاند: "عیراق هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە هیچ چارەسەرێک بۆ بارودۆخی ناوچەکە نییە، جگە لە چارەسەرێکی ریشەیی بۆ کێشەی فەڵەستین کە بریتییە لە پێدانی هەموو مافە رەواکانیان، لەوانە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەدەستهێنانی تەواوی مافە سیاسی و ئابوورییەکانیان وەک هەر گەلێکی تر."

ناوبراو بە توندی دژایەتی خۆی بۆ هەر هەوڵێک دەربڕی کە داوا لە فەڵەستینییەکان بکات خاکی خۆیان جێبهێڵن و وتی: "هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە داوا لە فەڵەستینییەکان بکات خاکەکەیان بەجێبهێڵن، ئەمە وڵات و نیشتمانی ئەوانە و نابێت قبوڵ بکرێت کە گەلی فەڵەستین ببێتە گەلێکی ئاوارە."

هاوکات داوای کرد کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت بۆ پشتیوانیکردن لە چارەسەرێکی کۆتایی و هەمیشەیی بۆ ئەم پرسە، هەروەها داوای راگرتنی بەپەلەی جەنگ و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و پزیشکی بۆ خەڵکی غەززەی کرد.

دۆخی ناوخۆی عیراق و هەڵبژاردنەکان:

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عیراق، سەرۆک کۆمار، د. لەتیف رەشید؛ ئاماژەی بەوەدا کە دوای تێپەڕاندنی قۆناغی شەڕ دژی داعش، ئێستا عیراق لە دۆخێکی ئارام و سەقامگیردایە. وتیشی: "گەلی عیراق ماوەیەکی زۆر بەدەست تاوانەکانی داعش و تیرۆرەوە ناڵاندی، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێمە ئەم کێشەیەمان چارەسەر کردووە و ئێستا جەخت لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان، و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری دەکەینەوە."

سەرۆک کۆمار ئاشکراشی کرد کە دوای چەند هەفتەیەکی تر هەڵبژاردن لە عیراق بەڕێوەدەچێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمانێکی نوێ، و دڵنیایی دا کە بارودۆخ بۆ ئەم پرۆسەیە لەبارە.

رۆڵی عیراق لە ناوچەکە و دۆخی سوریا:

د. لەتیف رەشید ئامادەیی عیراقی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە لەڕێگەی پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. لەم چوارچێوەیەدا باسی لە پرسی کامپی هۆل لەسەر سنووری سوریا کرد و رایگەیاند کە حکومەتی عیراق خێزانە عیراقییەکانی داعشی وەرگرتووەتەوە و لە سەنتەرەکانی چاکسازی کار بۆ باشترکردنی بارودۆخیان دەکات.

لە کۆتاییدا، سەبارەت بە دۆخی سوریا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ "ئەحمەد شەرع" کرد و هیوای خواست سیستمێکی نوێی دیموکراتی لە سوریا دابمەزرێت کە رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت و رێگە لە دەستێوەردانی دەرەکی بگیرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی باس لە رەوشی فەلەستین و هەوڵوێستی عیراق و چەند پرسێکی گرنگی دیکە دەکات.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەنجامدا و رایگەیاند: هەڵوێستی عیراق لەسەر مەسەلەی فەلەستین نەگۆڕە و لێکدانەوە هەڵناگرێت، لەبەرانبەر پشتیوانی تەواو بۆ مافە رەواکانی گەلی فەلەستین کە لە سەرووی هەموویانەوە مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان هەیە، هەروەها ناتانیاهۆ رۆژانە کردەوەیەک ئەنجام دەدات کە دەگاتە تاوان و هەموو جیهان بەباشی لەوە ئاگادارە.

سەرۆک کۆمار دەشڵێت: بەردەوامی نکۆڵیکردن لە مافی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان گڕی ململانێکە بە بێ ئاسۆیەک دەهێڵێتەوە، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین بە هیچ شێوەیەک پاداشتێک نییە بۆ حەماس و ئەمەش پۆچوونێکی نادادپەروەرانەیە و خزمەت بە رێگەی ئاشتی ناکات، فەلەستینییەکان هەموویان حەماس نین و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکە ئەنجامی راستەوخۆی نەبوونی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بوو بۆ کێشەکەیان.

لە چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشداوە: پەیامەکەمان روون و یەکلاکەرەوەیە، راگرتنی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و گەلی فەلەستین یەکەم و پێویستە بۆ هەر رێگایەکی سیاسی جددی.

سەرۆک کۆمار دەشڵێت: عیراق پابەندبوونی خۆی بە بنیاتنانی هاوبەشی بەهێز و دۆستایەتی پتەو و پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکاتەوە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بپارێزێت و بەشداری لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی چوارشەممە 24 ی ئەیلولی 2025 لە شوێنی مانەوەی خۆی لە نیویۆرک، پێشوازی کرد لە دکتۆر رەشاد محەمەد عەلیمی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا .

لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی برا تاوتوێکران و هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر ژمارەیەک بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش .

سەرۆک کۆمار، جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە .

لای خۆیەوە، رەشاد عەلیمی ستایشی پتەوبوونی پەیوەندیی برایانەی نێوان عیراق و یەمەن کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری لەگەڵ عیراق لەبوارە جیاجیاکاندا دەربڕی.

له کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەویی و ژمارەیەک له لێپرسراوانی هەردوولا ئاماده بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سەرۆک کۆمار, بەشداری لە یەکەمین لوتکەی دوو قۆڵی تایبەت بە ئابوورییەکی جیهانی بەردەوام دەکات، جەخت لەسەر پێویستی پەرەپێدانی هاریکارییەکان بۆ بنیاتنانی سیستمێکی دارایی نێودەوڵەتی دادپەروەرتر و خۆڕاگرتر دەکاتەوە.
 
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە 80هەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، بەشداریی لە یەکەمین لوتکەی دوولایەن کرد سەبارەت بە ئابوورییەکی جیهانی بەردەوام و گشتگیر و خۆڕاگر و جێبەجێکردنی بەڵێننامەکانی پەیوەست بە دابینکردنی دارایی بۆ ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام، سەرۆک کۆمار وتاری گروپی 77 و چینی پێشکەش کرد کە دانیشتنی ئێستایان عيراق سەرۆکایەتی دەکات.
 
سەرۆک کۆمار لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا, کە ئەم لوتکەیە سەکۆیەکی گرنگە بۆ پێشخستنی حوکمڕانی ئابووری جیهانی دیموکراسی و جێبەجێکردنی بەڵێننامەکانی پەیوەست بە دارایی بۆ گەشەپێدان.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك كۆماری عیراق دەڵێت، گەلی عیراق بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و لە ئێستاشەوە ئامادەكاریی كراوە.

لە پەراوێزی خولی 80هەمین كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە چاوپێكەتنێكدا لەگەڵ كەناڵی بی بی سی كۆمەڵێك پرسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی باسكرد و ستایشی بڕیاری ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپای كرد بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین و رایگەیاند، عیراق پشتیوانی لە مافەكانی گەلی فەلەستین دەكات.

لەبارەی چارەنووسی هێزەكانی ئەمریكاش لە عیراق وتی، بڕیاری مانەوە یان كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، بڕیارێكی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی ئەمریكا و عیراقە، تا ئێستاش هەندێك لە هێزەكانی ئەمریكا بۆ مەشقپێكردنی هێزە چەكدارەكان ماونەتەوە و ئێستاش تیرۆر لە ناوبراوە و وڵات سەقامگیرە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراقیش سەرۆك كۆمار رایگەیاند، گەلی عیراق بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لە وادەی خۆیدا و جەختیشیكردەوە، هەموو ئامادەكارییەك بۆ ئەو مەبەستە كراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوێنێ سێشەممە خولی 80ی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە بەشداری 193 سەرۆکی وڵاتانی جیهان دەستیپێکرد و تیایدا سەرۆک کۆماری عیراق وتاری تایبەتی خۆی پێشکەش کرد.

بڕیارە کۆبوونەوەکە ماوەی شەش رۆژ بخایەنێت و لە دەستپێک و هەفتەی ئاستبەرزی کۆبوونەوەکەدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید وەک دووەم سەرۆک کۆماری عیراق و دووەم کورد لە دوای سەرۆک مام جەلالەوە، وتاری خۆی پێشکەش کرد.

د. لەتیف رەشید لە سەرەتای وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر دۆخی عیراق و ئەو قۆناغانەی عیراق پیایدا تێپەڕیوە، هەر لە سیستمی دیکاتۆری و جەنگەوە تاوەکو تێکشکاندنی دیکتاتۆری و سەرلەنوێ گەشەسەندنەوەی عیراق و ئاماژەی بەوەکرد، کۆتاییپێهێنانی کارەکانی یونامی لە عیراق بەڵگەیە لەسەر جێگیربوونی دۆخی ئەمنی و پتەوی سیستمی سیاسی و دیموکراسی لە وڵاتەکەدا.

راشیگەیاند، ئێستا عیراق لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ دراوسێکانیدا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و سەرۆکایەتی خولی کۆمکاری و عەرەبی و گروپی77- چین دەکات. هەروەها کاردەکات بۆ گەشەسەندنی زیاتر و هەمەجۆرکردنی داهات و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنە جیهانییەکان. داواشی لە وڵاتانی جیهان کرد، بچنە ناو هاوبەشییەکی بەرهەمدارەوە لەگەڵ عیراق.

سەرۆک کۆماری عیراق سوپاسی پشتگیری بەردەوامی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ عیراق کرد و ئەوەی خستە روو، پێزانینی زۆریان بۆ رێکخراوەکە هەیە کە بەردەوام هاوکار بووە لە بەدیهێنانی دیموکراسی لە عیراق بە پشتیوانیکردنی هەڵبژاردنەکان و بەڵینیشی دا، وەک پارێزەری دەستور کار بکات بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوام و سەلامەتی سیستمی دیموکراسی لە وڵاتەکە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد لەمساڵدا.

هاوکات، ئامادەیی عیراقی دەربڕی بۆ میوانداریکردنی بارەگا جیاوازەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عیراق.

لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا د. لەتیف رەشید باسی لە پرسی تیرۆر لە عیراقدا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە پاڵپشتی دۆستەکانی؛ عیراق توانی بەسەر مەترسیدارترین هەڕەشەی تیرۆرستی جیهاندا سەربکەوێت و ئێستا هەنگاو دەنێت بەرەو سڕینەوەی پاشماوەی ئەو هێرشانە. وتیشی، ئێمە باوەڕمان وایە؛ تیرۆر بەبێ جیاوازی لە دروشم و ماسکەکەکانی رێبازێکە کە پێویستە لێپیچینەوە لەگەڵ پاڵپشتیکارانیشیدا بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک کۆمار باسی لە جەنگی غەززە کرد و رایگەیاند، ئەوەی بەسەر هاووڵاتیانی فەلەستینیدا دێت شایستەی مرۆڤ نییە و دۆخێکی شەرمەزارکەرە بۆ مرۆڤایەتی.

داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، بە خێرایی کار بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی دادپەروەرانە لەبارەی جەنگی غەززەوە بکەن و بونیادنانی دەوڵەتی فەلەستینی بە چارەسەری سەرەکی ناوهێنا.
لەبارەی دۆخی سوریای دوای رژێمی ئەسەدەوە سەرۆک کۆماری عیراق داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتەکرد، رێز لە فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلەکەی بگرێت. هاوکات، پشتیوانی عیراقی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و باسی لەوەکرد، چاوەڕوانی دامەزراندنی چوارچێوەیەکی سیاسیی و یاسایین لە تورکیادا کە بوار بۆ کاری سیاسیی ئاشتیانە بۆ هەمووان بڕەخسێنێت.

سەرۆک کۆماری عیراق بە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە و جەختکردنەوە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان وکارکردنی پێکەوەیی و دیموکراسیانە کۆتایی بە وتارەکەی هێنا و رایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئەندازەی پێویست خوێن و فرمێسک و کارەساتی بەخۆیەوە دیوە، دەرفەتی زۆر گەورەی ئاشتی لەدەستچوون، کاتی ئەوەیە ئێستا بوەستێنرێن و رێگایەکی نوێ بۆ ئاشتی و دادپەروەری و هاوکاری دابمەزرێنرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق دەڵێت: کۆتاییهاتنی کارەکانی یۆنامی دەرخەری سەقامگیری رەوشی عیراقە.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە وتارێکدا لە 80هەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، عیراق پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، ولاتەکەمان ئامادەیە ببێتە خاڵی پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا.

وتیشی، وەکو پارێزەرێک کاردەکەم بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردانە و لە پڕۆسەی ئاشتیانە گواستەنەوەی دەسەڵات بەردەوام دەبین.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتیوانی دۆستەكانمان مەترسیدارترین هەرەشەی تیرۆریستیمان تێکشکاند، هەروەها كار دەكەین بۆ سرینەوەی شوێنەواری پەلامارە تیرۆریستییەكان، هاوکات بە ئیرادەیەكی نیشتمانی كار دەكەین بۆ دامەزراندنی داهاتوویەكی ئومێد بەخش.

د.لەتیف رەشید ئاشکراشیکرد، هەوڵەكانمان بۆ گەراندنەوەی ئاوارەكان پێویستی بە پشتیوانی نیودەوڵەتییە، گرنگیشە كەمینەكان لە عیراق دڵنیا بكرێنەوە كە جارێكیتر رووبەڕووی جینۆساید نابنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، كاردەكەین بۆ هەمەچەشنكردنی ئابوری عیراق و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، هەروەها كاردەكەین بۆ چالاکردنی وەبەرهێنانی توانا گەورەکانمان، داواش لە وڵاتانی وەبەرهێنان دەکەین روو لە عیراق بکەن.

سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی سەرۆک کۆماری عیراق جەختی کردەوە، عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، كەمئاویی و وشكەساڵی و بیابانبوون هەرەشە لە بوونی عیراق دەكات، بۆیە پێویستە توركیا و ئیران لە پرسی ئاو ئاگاداری ئەوەبن كە زیان بە عیراق نەگەیەنن.

رەوشی غەززە بەشێکی دیکە بوو لە وتارەکەی سەرۆک کۆمار و رایگەیاند، دەبێت پەلە بکرێت لە راگرتنی شەڕی غەززە و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین تاکە رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

د.لەتیف رەشید باسی لە  رەوشی سوریا کرد و ئاماژەی بەوەکرد، پشتیوانی لە ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی سوریا دەكەین و دەبێت حكومەتی سوریا رێز لە فرەیی و پێکەوەژیان بگیرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە نیویۆرک، پێشوازی لە ڤاهاغان خاچاتووریان، سەرۆک کۆماری ئەرمینیا کرد.

لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارەکانی ئابووری، رۆشنبیری و خوێندنی باڵادا تاوتوێ کران. سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاریکاری و هەماهەنگی لە کۆڕبەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کردەوە.

لە دیدارەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، دکتۆر کامیل دڵێمی، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار، دکتۆر خالید یەعقووبی، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، و ژمارەیەک لێپرسراوی باڵای هەردوولا ئامادە بوون.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کارەکانی کۆمەڵەی گشتی و دەرئەنجامەکانی کرا، هاوکات بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا. هەردوو سەرۆک بیروڕایان سەبارەت بەو ئاستەنگانە ئاڵوگۆڕ کرد کە روبەروی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەبنەوە، لەوانە پەرەسەندنی گرژی نێودەوڵەتی، قەیرانی ئاسایشی خۆراک و وزە، کێشەکانی کۆچ، و گۆڕانی کەشوهەوا. هاوکات جەختیشیانکردەوە لەسەر رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەرخستنی پرەنسیپی وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

لەو دیدارەدا هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە پشتیوانیکردن لە هەوڵە فرەلایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکان و پەرەپێدانی هاودەنگی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر قەیرانە ئەمنیی و مرۆیی و ئابوورییەکان دووپاتکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، بەشداری لە ئاهەنگی 80هەمین ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد.

بەشداریکردنی سەرۆک کۆمار لەم مەراسیمەدا، گوزارشتە لە ستایشی عیراق بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپەکانی ئازادی.

لە رێوڕەسمەکەدا، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای عیراقی و هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، لەوانە: قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی؛ دکتۆر عەلی شوکری، سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و شارەزایانی سەرۆکایەتی کۆمار؛ و دکتۆر خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق بۆ بەشداریکردن لە 80ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.

بۆ بەشداریکردن لە 80ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێکەوت.

سەرۆک کۆمار سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای عیراق دەکات کە پێکهاتووە لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، د.ساڵح ئەلحەسناوی وەزیری تەندروستی، ئیڤان فایق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەران و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک لە لێپرسراوان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی 9ـی 2025 لە بەغداد پێشوازی لە عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد.

لەدیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ناوخۆ و ناوچەکە و جەختکرایەوە لەسەر گرنگی هەوڵدان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە بوارەکانی ئەمنی و سیاسی و ئابووریدا و کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی لایەنی خزمەتگوزاری.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکان کرا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و دادپەروەرانە و شەفاف.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 د.لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عیراق کارنامەی کاری لی جون ئیلباڵیۆزی کۆماری کۆریای باشوور، و دیدیک ئیکۆ پوجیانتۆ باڵیۆزی کۆماری ئیندۆنیزیا و مەقسودل حەق باڵیۆزی کۆماری گەلی بەنگلادیش، وەرگرت.

لە میانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزانی نوێ، بە ئامادەبوونی فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیر و وەزیری دەرەوە، سەرۆک کۆمار پابەندبوونی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوسەنگ کە هەماهانگی زیاتر بکات و بەشداربێت لە بنیاتنانی هاوبەشی ڕاستەقینە کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەش دەکات. 

سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی عیراق بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزان خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکە دیپلۆماسییەکانیان.

لە بەرامبەردا باڵیۆزان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پەرۆشی بۆ ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، ویستی وڵاتەکانیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و هەماهەنگی لەسەر مەسەلەکانی جێی بەرژەوەندی هاوبەش دووپاتکردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە سێرگی شۆیگو سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی روسیای فیدڕاڵ و وەفدی یاوەری. 
لە میانەی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 16-9-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو،  قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان عیراق و روسیا و چۆنیەتی پەرەپێدانیان بۆ هێنانەدی ویستی هەردوو وڵات بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار، بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و سڵاوی خۆی گەیاندە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا ، جەختیشیکردەوە لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لەبواری ئەمنی و سەربازی و ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە بناغەکانی سەقامگیری و ئاسایش لە هەردوو وڵات و ناوچەکەدا دەچەسپێنێت. 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی عیراق بۆ رەتکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە تاوتوێکرا. 
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی دەربڕینی هەڵوێستێکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوە و راگرتنی هەموو پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی مەدەنی و بێتاوان و دانان بە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی بە گەلی فەلەستین. 
سەرۆک کۆمار، هەڵوێستی پشتیوانی روسیای لەبارەی دۆزی فەلەستین بەرز نرخاند. 
لای خۆیەوە سێرگی شۆیگو ویستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلی دۆست بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر کرد و هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی عیراقی بۆ دەوڵەت و گەلی قەتەر دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ تەمیم کوڕی حەمەد ئال سانی، میری دەوڵەتی قەتەر، ئەنجامدا و تیایدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەوە کرد.

لە میانی پەیوەندییەکەدا، سەرۆک کۆمار بە توندی ئیدانەی دەستدرێژیی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر کرد و هەموو جۆرە هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی ئەو وڵاتە رەتکردەوە. هەروەها جەختی لەسەر هاوسۆزی و پشتیوانیی عیراق کردەوە بۆ "برایانی قەتەر" لە روبەروبوونەوەی ئەم دەستدرێژییەدا.

سەرۆک کۆمار رایگەیاند: "دەستدرێژی بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە." ناوبراو داوای یەکخستنی هەوڵەکانی کرد بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ کۆتاییهێنان بەم تاوانانە.

لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆک کۆمار پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

هەروەها، هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و قەتەر کرد و گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەشیان بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلیان دووپات کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، میری قەتەر پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و پشتیوانییەکانی عیراق دەربڕی و بە رەنگدانەوەی پەیوەندیی پتەوی نێوان هەردوو وڵاتی وەسف کرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئەیلوولی 2025 لە کۆشکی بەغدا، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە  د. عەبدولڕەحمان بن حەمەد بن جاسم وەزیری ڕۆشنبیری قەتەر و وەفدی یاوەری.

لە دیدارەکەدا کە د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی برایەتی و هاوکاری نێوان عیراق و قەتەر کرا. سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا کردەوە، بەتایبەتی لە بواری ڕۆشنبیری و هەماهەنگی لەسەر پرسی جیاواز بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.

سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە عیراق سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکات کە کراوەتە سەر قەتەری برا و رەتکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەروەرییەکەی بخاتە مەترسییەوە. 

هەروەها پێویستە وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی توند لەبارەی پێشێلکارییەکانی زایۆنیستەکان بگرنەبەر کە دووبارە دەبنەوە دژ بە گەلان و وڵاتانی ناوچەکە، ئەمەش سەقامگیری و ئارامی تێکدەدات.

لەلای خۆیەوە،  د. عەبدولڕەحمان بن حەمەد  سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پەرۆشی و بایەخدانی سەرۆکی کۆمار بۆ پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەربڕی و جەختی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراقدا کردەوە، بەمەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانی هەردوو گەل لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانی ئامادەبوونی لە سیمپۆزیۆمێک سەبارەت بە رۆڵی میدیا لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرۆک کۆمار رایگەیاند: عیراق شانازی دەکات بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات

بە پاڵپشتی و بەشداری د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دەستەی راوێژکاری و شارەزایانی سەرۆکایەتی کۆمار ئەمڕۆ سیمپۆزیۆمێکی راوێژکاری لە کۆشکی سەلام لە بەغداد ، سەبارەت بە رۆڵی راگەیاندن لە بەرەوپێشبردنی بەشداریکردن و یەکڕیزی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبرد.

لە میانی سیمپۆزیۆمەکەدا سەرۆک کۆمار هەوڵەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و  هەوڵەکانی لە ماوەی ساڵێک بۆ ئامادەکردنی رێکارەکانی سازکردنی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانەی ڕوونکردەوە. ئەمەش لەڕێگەی سازکردنی چەند دیدارێک لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و محەمەد حەسان نوێنەری نێردەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق (یونامی) بەدیهات. لە کۆبوونەوەکاندا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانی کۆمسیۆن کرا، کە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەمو هەوڵێکیان خستۆتەگەڕ بۆ زاڵبون بەسەر ئاستەنگەکاندا.

سەرۆک کۆمار پابەندبوونی سەرۆکایەتی کۆمار دووپاتکردەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە راستگۆیی و شەفافیەتێکی تەواوەوە، ئاماژەی بەوەدا کە کارنامەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی لە زیاتر لە کۆبوونەوەیەک بەشێکی تایبەت بوە بە هەڵبژاردن و یەکڕیزی و لایەنیی تر و روونیشیکردەوە، لە کۆتا کۆبوونەوەدا بەڵگەنامەیەکی شەش خاڵی ئیمزا کراوە بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەتی هەڵبژاردن کە ئەم بەڵگەنامەیە بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نێردراوە، کە لە بەرانبەردا ئەم بەڵگەنامەیەی خستە ناو سیستەمی هەڵبژاردنەکانییەوە. سەرۆک کۆمار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە عیراق شانازی بە گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات دەکات کە لە ساڵی 2004ەوە دەست پێکردووە و جەختیشیکردەوو لە پێویستی پاراستنی ئەم دەستکەوتانە و دابینکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ سەرخستنی بەتایبەت لە بەر رۆشنایی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی کە عیراق بەخۆیەوە دەبینێ. هەروەها شانازی بەوە دەکات کە شەش پرۆسەی هەڵبژاردنی تەواو کردووە کە پێنجیان بەپێی دەستور و یەکێکیان بەپێی یاسای ئیدارەی دەوڵەت بووە. هاوکات سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە سەر پێویستی کاری چوار سەرۆکایەتیەکە و دەزگا حکومی و ناحکومیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن کە بە تەواوی ئامادە بن بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی شەشەمی هەڵبژاردن بەپێی دەستوور و بەشێوەیەکی گونجاو.

هاوکات سەرۆک کۆمار تیشکی خستەسەر بەرپرسیارێتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنە و ستایشی توانا و لێهاتووییەکانی کرد بۆ سازکردنی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە کە دواهەمینیان هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بوو ، هەروەها تیشکیخستە سەر رۆڵی گرنگی راگەیاندن لە رووماڵکردنی هەڵبژاردن بە شەفافیەت و متمانەی تەواو، رایگەیاند کە راگەیاندن دەمی گەل و دەوڵەتە، ئەرکی ئەویش ئاشکراکردنی هەموو هەڵە کارەکانە و رەنگدانەوەی وێنەیەکی ئەرێنی هەڵبژاردنە.

سەرۆک کۆمار لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ پشتیوانی و بەرەوپێشبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هاندانی دەنگدەران بۆ بەشداریکردن تێیدا ئامادە دەکات. روونیشیکردەوە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکەم چالاکییە، هەروەها بەرنامەکە بە وتاری تەلەفزیۆنی بۆ گەلی عیراق رۆژێک پێش هەڵبژاردن کۆتایی دێت.

لە سیمپۆزیۆمەکەدا گفتوگۆی بەرفراوان و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان بەشداربووان کرا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ئامرازەکانی دەستەبەرکردنی سەرکەوتنەکانیان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ویستی هەموو عێراقییەکان بکات بۆ سەقامگیری و پێشکەوتن.

لە سیمینارەکەدا دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆکی دەستەی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و د.نەوفل ئەبو رغیف سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندی و راگەیاندن و موئەیەد لامی نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عیراق و د.ئەمیر ڕەیان سەرۆکی تیمی هەڵبژاردن لە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و سەرۆکی فەرمانگەی ڕاگەیاندن و  نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عیراق یان عەلام، و لە تۆڕی میدیایی عیراقی سەتار عەرداوی  ئامادەبون، جگە لەوەی رۆژنامەنووس و پەیامنێری ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندن ناوخۆیی و عەرەبی و بیانی و ژمارەیەک پسپۆڕی دیکە بەشداربون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...89101112...43