سەرۆککۆمارسەرۆککۆمار

ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری لوبنان ئەنجامدا.

 لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا باسیان لەو پێشهات و ئاڵنگارییانە کرد کە رووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە، ئەمەجگە لەوەی جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتی برا کردەوە بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت.

سەرۆک کۆمار، پشتیوانی عیراقی بە سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت و گەلی عیراقەوە بۆ گەلی لوبنانی برا دووپاتکردەوە و بە توندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانەی کرد کەڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هاوکات جەختیشی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عیراق لەپشتیوانیکردنی ئاسایش و سەروەری لوبنان کردەوە.

هەروەها سەرۆک کۆمار، داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، بە کارکردن بۆ راگرتنی پەرەسەندن و پابەندکردنی هەموو لایەنەکان بەڕێزگرتن لە ئاگربەست و وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

لەلای خۆیەوە سەرۆک کۆماری لوبنان، پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستە رەسمی و جەماوەرییەکانی عیراق دەربڕی بۆ پاڵپشتی لوبنان وجەختیشی لە گرنگی یەکخستنی هەوڵە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکان وگرتنە بەرری رێگە چارەیەکی بەپەلە کە گەرەنتی پاراستنی هاووڵاتیانی سیڤیل و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، لە ساڵیادی ئازادکردنی عیراقدا پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: وانە قووڵەکانی ئەم ساتەوەختە، داوامان لێدەکات ئەزموونی دیموکراسی بچەسپێنین و بناغەکانی پتەوتر بکەین و ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنین و بە گیانێکی نیشتمانیی بەرپرسیارانەوە کاربکەین کەڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو بکات و داهاتوویەکی سەقامگیری شایستە بۆ هەموو عێراقییەکان دەستەبەر بکات.

دەقی پەیامەکە

لە ٩ی نیساندا یادی ساتەوەختێکی مێژووی نوێی عێراق دەکەینەوە، ئەو ڕۆژەی لاپەڕەی دیکتاتۆریەت هەڵدرایەوە کە ئەستۆی گەلەکەمانی بە ساڵانێکی دوورودرێژی ستەم و ئازار و جەنگی بێمانا قورس کردبوو، سەردەمێکی نوێی دیموکراسی و بنیاتنانی دەوڵەت لەسەر بنەمای دامەزراوەکان دەستی پێکرد.

وانە قووڵەکانی ئەم ساتەوەختە، داوامان لێدەکات ئەزموونی دیموکراسی بچەسپێنین و بناغەکانی پتەوتر بکەین و ئاڵنگارییەکان تێپەڕێنین و بە گیانێکی نیشتمانیی بەرپرسیارانەوە کاربکەین کەڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکانی ڕابردوو بکات و داهاتوویەکی سەقامگیری شایستە بۆ هەموو عێراقییەکان دەستەبەر بکات.

هەر بەم بۆنەیەوە، بەئەوپەڕی ڕێزەوە قوربانیدانی ئەو شەهیدانەمان وەبیردەهێنیەوە کە ڕووبەڕووی دڕندەیی ڕژێمی ستەمکار بوونەوە، لە پێشەنگیاندا، سەید محمد باقر ئەلسەدر و خوشکەکەی، علوییە بنت ئەلهودا، شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، شاڵاوەکانی ئەنفال، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ڕاپەڕینی شەعبانی و شەهیدانی بارزانیەکان و هەموو ئەو شەهیدانەی عێراق کەبوونە قوربانی سیاسەتەکانی ستەم و زۆرداری ڕژێمی بەعس، کەووڵاتی نوقمی دۆزەخی جەنگەکانی و کارەسات و وێرانکاری کرد.

وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان پێویستی بە بەرزڕاگرتنی یەکڕیزی و پتەوکردنی بەهاکانی دادپەروەری و ئازادی و بەرەوپێشچوونی بنیاتنانی عێراقێک کە تێیدا ئاشتی و خۆشگوزەرانی زاڵ بێت، و هەموو هاووڵاتیانی لە لەئامێز بگرێت.

 

د.لەتیف جمال ڕەشید

سەرۆک کۆمار

٩ی نیسان ٢٠٢٦

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 7ـی 4ـی 2026 لە بەغداد بەڕێوەچوو، بە وردی باس لە دوایین پێشهاتی سیاسی و ئەمنیی عیراق کرا و سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکان بۆ چەسپاندنی ئەو سەقامگیرییە ناوخۆییەی کە عیراق لە ئێستادا بەخۆیەوە دەبینێ و پاراستنی ئەو دەستکەوتانە لە ئەگەری هەر کاردانەوەیەک.

لای خۆیەوە عەمار حەکیم، پاڵپشتی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بۆ هەموو هەوڵەکان دەربڕی کە ئامانجیان پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە لە عیراق، ئاماژەیکرد بە گرنگی هەماهەنگی نێوان هێزە نیشتمانییەکان بۆ چارەسەرکردنی بابەتە دەستوورییەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە وەفدێکی پەرلەمانتارانی پێکهاتەی ئێزدی کرد، کە پێکهاتبوون لە موراد ئیسماعیل، خالید سیدۆ و بسمان نافخۆش، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی ئێزدییەکان و ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییەکان کرا.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستی پاراستنی مافی ئێزیدییەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، کە دەبێت رێکارەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان تەواو بکرێن و لە رێگەی یاسا و هەنگاوە حکومییەکانەوە ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت.

لای خۆیانەوە، پەرلەمانتارانی ئێزیدی سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ پشتگیریکردن لە دۆزی پێکهاتەکەیان و خێراکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.

هەروەها پاڵپشتی خۆیان بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان دەربڕی بە جۆرێک کە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکان، بە تایبەت ئێزیدییەکان، مسۆگەر بکات و مافی تەواوی هاووڵاتییانی عیراق بپارێزرێت

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، پێشوازیکرد لە د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار.

لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی کاری رۆشنبیری و پاڵپشتیکردنی ئەو دامەزراوانە کرا کە پەیوەندییان بە پاراستنی کەلەپوری نیشتمانی و پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی رۆشنبیرییەوە هەیە.

سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە، لە گرنگی چالاککردنی ئەو بەرنامانە کە ناسنامەی نیشتمانی دە چەسپێنن و هاریکاری نێوان دەزگاکانی حکومەت و دامەزراوە کولتوورییەکان زیندوو دەکەنەوە، ئەمە جگە لە وەبەرهێنان لە توانای گەنجان و هاندانی داهێنان.

لای خۆیەوە وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار نیشاندا کە پشتیوانی لە پەرەپێدانی بواری رۆشنبیری و پاڵپشتیکردنی نووسەران و هونەرمەندان و فراوانکردنی چالاکییە رۆشنبیرییەکانە لە پارێزگا جیاوازەکاندا دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغداد، پێشوازیکرد لە محسن مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئەساسی عیراقی.

لە دیدارەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی گۆڕەپانی عیراق و پەرەسەندنە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان تاوتوێ کران.

سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگیی پەیڕەوکردنی دیالۆگ و هێورکردنەوەی رەوشەکە کردەوە بۆ رێگری لە هەر گرژییەک، هەروەها ئاماژەی بە سیاسەتی هاوسەنگی عیراق کرد لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندیی گەلان.

هاوکات جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامبوون لە رێڕەوەکانی چاکسازی و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بژێوی هاووڵاتییان، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت.

لای خۆشییەوە، محسن مەندەلاوی پاڵپشتی هاوپەیمانییەکەی بۆ ئاڕاستە و رێنماییەکانی سەرۆک کۆمار دەربڕی و ئاماژەی بە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا، لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، جەژنی نەورۆز، بەو رەمزییەتە مێژووییە قووڵەی کە هەیەتی، بەرجەستەکەری ماناکانی نوێبوونەوە و سەرلەنوێ ژیانەوە و ئومێدە، ئاماژەی بەوەشکردوە، لەم بۆنەیەدا شانازیی خۆمان بەو هەمەجۆرییە کولتوری و شارستانییەی وڵاتەکەمان پێی دەناسرێتەوە دەردەبڕین.

بەبۆنەی جەژنی  نەورۆزەوە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە  و تێیدا هاتووە؛ گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی رۆڵەکانی گەلی کوردمان لە عیراق و تەواوی کوردانی سەرتاسەری جیهان دەکەین بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزی پیرۆز، هیوای تەندروستییەکی باش، خۆشی، خێر و ئاشتی بۆ هەمووان دەخوازین.

ئاماژەی بەوەشکردوە، جەژنی نەورۆز، بەو رەمزییەتە مێژووییە قووڵەی کە هەیەتی، بەرجەستەکەری ماناکانی نوێبوونەوە و سەرلەنوێ ژیانەوە و ئومێدە.

هەروەها رەنگدانەوەی بەهاکانی ئازادی و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی یەک گەلە؛ هاوکات دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی گیانی یەکڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی پرەنسیپەکانی خۆشەویستی و لێبوردەیی لەنێوان هەموو مرۆڤەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆمار دەڵێت؛ لەم بۆنەیەدا شانازیی خۆمان بەو هەمەجۆرییە کولتووری و شارستانییەی وڵاتەکەمان پێی دەناسرێتەوە دەردەبڕین و جەخت دەکەینەوە لە سەر گرنگیی چەسپاندنی پێکەوەژیان و کارکردنی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلەکەمان بۆ داهاتوویەکی ئارام و گەشاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، بە بۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عیراق و تەواوی موسڵمانانی جیهان دەکات.

لە پەیامەکەیدا سەرۆک کۆمار هیوای خواستوە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ عیراق و وڵاتانی ئیسلامی و داواشی لە خوای گەورە کردوە،  کە ئاشتی و تەبایی بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە کرد، کە جەژنی ئەمساڵ لە کاتێکدایە ناوچەکە بە رەوشێکی نائاسایی و گرژییەکی زۆردا تێدەپەڕێت، کە کاریگەری نەرێنییان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری گەلان دروست کردووە.

د. لەتیف رەشید، راشیگەیاندوە، کە ئەم رەوشە وا دەخوازێت هەمووان کار بۆ پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و بەهێزکردنی گیانی هاوکاری و کارکردنی بەکۆمەڵ بکەن، تاوەکو بتوانرێت بەسەر ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بن و سەلامەتی هاووڵاتیان بپارێزرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، د. لەتیف رەشید هیواشی خواستوە،  کە ململانێ و گرژییەکان کۆتایییان بێت و ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت، تاوەکو هەموو گەلان بتوانن لە کەشێکی پڕ لە ئاسایش و گەشەسەندندا بژین.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ڕۆژی هەینی 13ـی 3ـی 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرجیۆ ماتارێلا سەرۆکی ئیتاڵیا ئەنجامدا و باسیان لە پێشهاتی ناوچەیی و لێکەوتەکانی کرد. 

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق جەختیکردەوە لە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە بە شێوەیەک کە سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزێت. هەروەها جەختیشیکردەوە لە هەڵوێستی عیراق کە هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی عیراق یان بەکارهێنانی ئاسمانی و خاکەکەی لە هەر ململانێیەکدا رەت دەکاتەوە.

لای خۆیەوە ماتارێلا، پاڵپشتی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی عیراق بۆ پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی دووپاتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئیتاڵیا لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی ئێستایان دەکات و جەختیکردەوە لە گرنگی کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان و پەنا بردن بۆ گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بەو دۆخە کە هەڕەشە لە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی چوارشەممە 11ـی ئاداری 2026 لە بەغداد پێشوازیی لە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتیی گۆڕەپانی ناوخۆ و پێویستی گەیشتن بەکۆدەنگییەکی نیشتمانی کرا، کە ببێتە هۆی یەکلاکردنەوەی مافە دەستوورییەکان.

هاوکات بارودۆخی هەرێم و پەرەسەندنە خێراکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عیراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەختیان لە پێویستی یەکخستنی هەڵوێستەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان کردەوە، بەجۆرێک ئاسایشی وڵات و سەروەری بپارێزێت و بە گیانی هاوکاری و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی رووبەڕووی ئاڵنگاریە جۆراوجۆرکان ببێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆمار و سوڵتانی عومان تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە و رەنگدانەوەکانی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.

ئەمڕۆ، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تاریق ئال سەعید، سوڵتانی عومان، بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی جەنگی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی تاووتوێ کرد.

هەردوولا جەختیانکردەوە، لەسەر گرنگیی ڕاگرتنی دەستبەجێی جەنگ، و چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان.

هەروەها پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان دووپاتکرایەوە، و زاڵکردنی زمانی عەقڵ و پەیڕەوکردنی چارەسەرە سیاسییەکان؛ بەو ئامانجەی ناوچەکە لە پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەکان بەدوور بگرێت و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بپارێزرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، لەکۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازی لە ئەنێل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا کرد.

لەمیانی دیدارەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد، لەژێر ڕۆشنایی ئەو گرژی و ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنیانەی کە بەخۆیەوە دەبینێت و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، و تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لەگرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستا و گرتنەبەری دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لەگرژی و ئاکامە نەرێنییەکانی لەسەر وڵاتان و گەلانی ناوچەکە کردەوە و هەڵوێستی پتەوی عیراقی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دووپاتکردەوە و بەکارهێنانی خاکەکەی وەک پێگەیەک بۆ دەستدرێژی بۆ سەر هەر وڵاتێکی ناوچەکە رەتکردەوە.

لەلای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق و بەردەوامبوون لەفراوانکردنی ئاسۆی هاوکاری و هەماهەنگی بە شێوەیەک کە خزمەت بە خواستەکانی هەردوو گەلی دراوسێ لەگەشەپێدان و خۆشگوزەرانیدا بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری عیراق پرسەنامەیەک ئاراستەی جەعفەر شێخ مستەفا دەکات و دەڵێت؛ بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیار، مامۆستا حسێن شێخ مستەفای براتانمان پێگەیشت.

دەقی پرسەنامەکەی د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق

برای بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی دیار و بەڕێوەبەری پێشووتری پەروەردەی گشتی سلێمانی مامۆستا شێخ حسێنی براتانمان پێگەیشت.

پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی بنەماڵەکەتان و خزم و کەس و کاری کۆچکردوو دەکەم.

 لە خودای میهرەبان داواکارم ڕۆحی کۆچکردوو شاد بکات و کۆتایی ناخۆشیتان بێت.

 

د. لەتیف رەشید

سەرۆک کۆماری عیراق

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، رۆژی پێنجشەممە 5ـی ئاداری 2026 لە بەغداد، لەگەڵ عەممار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی ناوخۆیی و هەرێمیی لەبەر رۆشنایی پێشکەوتنە خێراکانی ناوچەکە تاوتوێکرد و جەختی لەسەر پێویستی پەنابردنە بەر دیالۆگ وەک باشترین بژاردە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی ئێستا و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە کرد.

هەروەها جەختییان لەسەر گرنگی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان و پشتیوانیکردن لە هەموو ئەو رێوشوێنانە کردەوە، کە ئامانجیان پاراستنی سەروەری عیراق و بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتە لەبەرامبەر کاردانەوەکانی ناوچەکە و قەیرانەکانی دەوروبەردا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی کۆمار لە یادی سی و پێنجەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنن؛ لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دیمەنی جەنگ، وێرانکاری و زیانی مرۆییدا تێدەپەڕێت، داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەنا بۆ حیکمەت و لۆژیک ببەن، و ڕێگری بکەن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ کە تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت .

 دەقی پەیامەکەی سەرۆکایەتی کۆمار...

لەیادی سی و پێنجەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان لە ٥ ی ئاداری ١٩٩١دا، بە شکۆوە یادی قوربانییە مەزنەکانی گەلە سەربەرزەکەمان دەکەینەوە، کە خەباتیان کرد دژی زوڵم، ستەم و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەرانبەر بە تەواوی پێکهاتەکانی گەلی عێراق؛ ئەو قوربانییانەی بوونە هۆی ڕزگارکردنی شارەکانی هەرێم لە چنگی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم.

یەکەمین چەخماخەی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین لە پارێزگای سلێمانییەوە دەستیپێکرد، کە بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ ڕزگارکردنی شارەکانی دیکە لە چەوسانەوە و ستەم، و هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسیی فرەیی پەرلەمانی.

لە کاتێکدا ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دیمەنی جەنگ، وێرانکاری و زیانی مرۆییدا تێدەپەڕێت، داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و پەنا بۆ حیکمەت و لۆژیک ببەن، و ڕێگری بکەن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ کە تەنها ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت و دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری.

دووپاتی دەکەینەوە کە عێراق نەبووە و نابێتە بەشێک لە ململانێکان، و ڕێگەش نادات خاکەکەی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، بەڵکو هەوڵ دەدات پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بخاتە گەڕ بۆ ڕاگرتنی جەنگ و پەنابردن بۆ بژاردەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە ڕشتنی خوێنی زیاتر.

هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هەوێنی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی لە نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان، و چەسپاندنی پایەکانی دیموکراسی و یەکسانی لە نێوان هەموواندا.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی عێراق دادەنەوێنین.

سەرۆکایەتی کۆمار

٢٠٢٦/٣/٥

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆمار لەگەڵ شازادەی جێنشینی کوەیت و سەرۆکی کۆماری ئیسلامی مۆریتانیا بە تەلەفۆن پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر گرنگی هەماهەنگی هاوبەش کردەوە.

د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ، لە دوو پەیوەندی تەلەفۆنی جیادا، لەگەڵ شێخ سەباح خالید ئەحمەد سەباح، جێنشینی دەوڵەتی کوەیت و محەمەد ولد شێخ غەزوانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی مۆریتانیا دوایین پێشهاتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی و ئاڵەنگارییەکانی  ئێستایان تاوتوێ کرد کە رووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە.

لە پەیوەندییە تەلەفونییەکاندا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی هاوبەش سەبارەت بە پێشهاتی سیاسی و ئەمنیی و گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی کرا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتیانە کە سەروەری دەوڵەتان و بەرژەوەندی گەلەکانیان بپارێزێت.

هەروەها جەختکرایەوە لەسەر پێویستی یەکخستنی هەڵوێستەکان لەسەر مەسەلەکانی جێی بەرژەوەندی هاوبەش و پتەوکردنی پەیوەندییەکان بۆ هاریکاریی دوولایەنە لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەمەش رەنگدانەوەی قووڵی پەیوەندیی برایەتیی عیراقە لەگەڵ  هەردوو دەوڵەتی کوەیت و کۆماری ئیسلامی مۆریتانیا.

هیواشیان خواست راوێژ و هەماهەنگی لە ماوەی داهاتوودا بەردەوام بێت، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...44