د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، دوێنێ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ شێخ سەباح خالید حەمەد ئەلسەباح شازادەی جێنشینی کوێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی 80 هەمین خولی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.

 لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا شازادەی جێنشین سڵاوی شێخ مشعەل ئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری کوێت گەیاندە سەرۆک کۆمار و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پشتیوانیکردن و پتەوکردنیان لەپێناو بەرژەوەندیی هەردوو گەلی برا گفتوگۆکرا.

سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامی هەماهەنگی و راوێژ لەسەر پرسە جۆراوجۆرەکان کردەوە بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە و خزمەت بە ئامانجە رەواکانیان و لەو بارەیەوە ئاماژەی بە هەڵوێستی عیراق کرد کە دەستدرێژی لەسەر کەرتی غەززە ڕەتدەکاتەوە و جەختی لەسەر مافی گەلی فەلەستین کردەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان.

هەروەها تاوتوێی دوایین پێشهاتنەکانی گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان له دانانی بناغەکانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان به گشتی و جێبەجێکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کرا.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیر، وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی و وەزیری تەندروستی ساڵح حەسناوی و راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران د. خالد یەعقوبی بەڕێوەچوو.