ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران رەزامەندی لەسەر پرۆژە یاسای لابردنی 4 سفر لەسەر دراوی نیشتمانی پەسەند كرد .
فاتمە مهاجرانی وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، حكومەت تاوتوێی پرۆژە یاسای لابردنی چوار سفری سەر دراوی نیشتمانی كردوە و بە كۆی دەنگ پرۆژە یاساكە پەسەند كراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لە كاتی جێبەجێكردنی پرۆژە یاساكەدا، بابەتەكە بە وردی بۆ گەلی ئێران روندەكرێتەوە تاکاتی جێبەجێکردنی پرۆژە یاساكەش دوو دراو بۆ ماوەیەك بەكاردەهێنرێت.
بە وتەی مهاجرانی، ئەو بابەتە لە ساڵی 2008وە دەستیپێكردوە و چەندین جار لەلایەن پەرلەمان و کابینە جیاوازەکانی حکومەتەوە تاوتوێكراوە، لە كۆبونەوەكانی داهاتووی حكومەتیشدا وردتر تاوتوێ دەكرێت .
بومەلەرزەیەك بە گوڕی 6.1 پلە بە پێوەری رێختەر رۆژئاوای توركیای هەژاند و بەهۆیەوە كەسێك گیانی لەدەستدا و 29ی تر بریندار بوون، هەروەها 16 باڵەخانە رووخاون.
دەزگای بەڕێوەبردنی كارەسات و باری لەناكاوی توركیا 'ئافاد' رایگەیاندووە، بومەلەرزەكە بە نزیكەیی سەعات ٨ی شەوی رابردوو لە رۆژئاوای توركیا رویداوە و لە زۆرینەی شارەكانی ئەو ناوچەیە هەستی پێ كراوە.
لەو بارەیەوە عەلی یەرلی كایا وەزیری ناوخۆی توركیا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی بومەلەرزەكەوە پاش ماوەیەكی كەم لە رزگاركردنی لەژێر داروپەردوودی ماڵەكەیدا، پیاوێكی تەمەن 81 ساڵ گیانی لەدەستداوە.
راشیگەیاندووە، 29 كەسی دیكە بریندارن، كە برینی كەسیان سەخت نییە و لەئێستادا چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
وەزیری ناوخۆی توركیا ئەوەشی خستووەتە روو، هەر بە هۆی بومەلەرزەكەوە 16 باڵەخانە رووخاون، كە چواریان شوێنی نیشتەجێبوون بووە و 12یان چۆڵ بوون و كەسی تێدا نەژیاوە.
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا، پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سوریا دووپاتكردەوە و دەڵێت: ئەو هەنگاوە جەخت لەسەر ئیرادەی بەكۆمەڵی هەموان دەكاتەوە بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت بۆ داهاتوویەكی گەشاوەتر.
ئەمەش لەدوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی ئوردن میوانداری كۆبوونەوەی هاوبەشی ئوردن و سوریا-ئەمریكا دەکات بۆ تاوتوێكردنی رێگەكانی پشتیوانیكردن لە ئاوەدانكردنەوەی سوریا و راگرتنی شەڕ لە سوەیدا، كە بڕیارە رۆژی سێشەممە بەڕێوەبچێت.
تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس جارێكی دیكە پابەندبوونی وڵاتەكەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سوریا دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هەنگاوە جەخت لەسەر ئیرادەی بەكۆمەڵی هەموان دەكاتەوە بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت بۆ داهاتوویەكی گەشاوەتر لە سوریا و هەروەها هەموو گەلەكەی بتوانن لە ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانیدا بژین.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوەشكردوە، لە كۆبونەوەكەدا ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و تۆم باراك و نوێنەری وڵاتی ئوردن بەشداری تیدا دەكەن.
لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە کەرتی غەززە ژمارەیک کەس بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە و کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتوەتە نزیکەی 220 کەس.
وەزارتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 5 کەس بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدەستداوە، کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی برسێتیەوە گیانیان لەدستداوە گەیشتوەتە 217 کەس لەو ژمارەیش 100 کەسیان منداڵن، کە بەهۆی کەمی خۆراک و شیرەوە گیانیان لەدەستداوە.
راشیگەیاند، هەرلەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، 63 کەس کوژراون 363 کەسیش برینداربوون، هەروەها 31 کەس لە چاوەڕوانی وەرگرتنی هاوکاریە مرۆییەکاندا بەتەقەی سەربازانی سوپای ئیسرائیل کوژراون و 304 کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارتی تەندروستی غەززە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەسەرەتای دەستپێکردنی بەردانەوەی هاوکاریە مرۆییەکان 23 کەس بەهۆی بەرکەوتنی سندوقی هاوکارییە مرۆیەکان کوژراون و 124 کەسیش برینداربوون.
لێپرسراوێکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سودان ئاماژە بە رەوشی خراپی مرۆیی لە سودان دەکات کە دەیان ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریەی مرۆیی و تەندروستیە.
ئیدیم وسورنو، بەرپرسی نوسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە سودان بۆ كاروباری مرۆیی رایگەیاند، سودان بە خراپترین قەیرانی مرۆییدا تێدەپەڕێت و 30 ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاریە. هەروەها ئەوەی لە خەرتومی پایتەختی سودان بینیویەتی تەنها کاولکاری بووە، لەکاتێکدا پێشتر شارێکی پڕلە ژیانبووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی سودان رۆژانە تەنها 55 سەنتە بۆ هەر هاووڵاتیەک، هەرکاتێکیش ئاسایش و سەقامگیری گەڕایەوە دەتوانن بڕی پێوسیت هاوکاری بگەیەن بە خەرتومی پایتەخی سودان.
ئەم هەفتەیە ئوردن میوانداری کۆبونەوەیەکی هاوبەش سەبارەت بە رەوشی سوریا دەکات کە تێیدا وەفدی سوریا و ئەمریکا بەشدارن.
وەزارتی دەرەوەی ئوردن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رۆژی چوارشەمە کۆبونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان ئوردن و سوریا و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بە رەوشی سوریا و رێگاکانی پاڵپشتیکردن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە، لەسەر بنەمایەک کە گەرەنتی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دەکات، هەروەها خواستەکانی گەلی سوریا بەدیبهێنێت و مافی هەموو هاووڵاتیان بپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و و تۆم بارک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا و نوێنەرانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە هەرسێ وڵات بەشدار دەبن لە کۆبونەوەکە.
لێپرسراوانی حکومەتی ئێران رایانگەیاند، 48 کاتژمێرە پێدانی ئاو لە چەند ناوچەیەکی تارانی پایتەخت راگیراوە و هۆشداریشیان داوە لەوەی نەتوانرێت مانگی داهاتوو ئاو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبکرێت.
محمەد سادقی وتەبێژی دەستەی ئاوی تاران بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنای راگەیاند، دەبێت ئەوە رونبێت بۆ دانیشتوانی تارانی پایتەخت بابەتەکە تەنها کەمی ئاو نیە بەڵکو مەترسی نەمانی ئاوە لە پایتەختدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی کەم ئاوی چارەسەرێکی ئەوتۆی نیە جگە لە کەمکردنەوەی پێدانی ئاو بە دانیشتوانی تاران و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی، هەروەها حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەکات، لە رێگەی گواستنەوەی ئاوی کۆگای تاڵقان لە باکوری رۆژئاوای تاران.
سادقی جەختیشیکردەوە، داهاتی ئاو هێندە کەم و سنوردارە پێدەچێت نەتوانرێت مانگی داهاتوو ئاو بە هاووڵاتیان بدرێت.
پێشتریش مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، هۆشداریدا لە وشکبوونی ئەو بەنداوانەی کە ئاو بۆ تارانی پایتەخت دابین دەکەن، لە ئەگەری کەمنەکردنەوەی بەکارهێانی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا وڵاتانی ئەوروپای تۆمەتبار کرد بەوەی کە رێگری دەکەن لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئۆکراین.
دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاویکردەوە، وڵاتانی ئەوروپی هەوڵدەدەن رێگری لە هەوڵەکانی ئەمریکا بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان روسیا لەگەڵ ئۆکراین.
مێدڤێدێڤ ئۆکرانیای بەوە تۆمەتبارکرد، کەلە هەردوو وڵاتی مەکسیک و کۆڵمبیاوە سەدان بەکرێگیراوی تاوانباری رەوانەی وڵاتەکەی کردوە بۆ بەشداریکردی پێکردنیان لە شەڕەکان، هەروەها راهێنانیان پێکراوە لەسەر بەکارهێنانی چەک و تەقمەنی جۆراوجۆر و بەکارهێنانی درۆن.
ئاماژەی بەوەشکرد، کێیڤ لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە لە شاری مێدێلینی پایتەختی کۆلۆمبیا، تاوانباران لە باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان وەردەگرێت بۆ شەڕکردن لەگەڵ سوپای روسیا.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی کلۆرەوە زیاتر لە 600 زیارەتکاری چلەی ئیمام حوسێن توشی تەنگەنەفەسی بوون.
وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبونەوەی گازی کلۆرەوە لە فەرمانگەیەکی ئاو لەسەر رێگای کەربەلا-نەجەف، 621 کەس بەهۆی هەڵمژینی ئەو گازەوە توشی تەنگەنەفەسی بوون، ئەو کەسانەش بەڕێگاوە بوون بۆ بەشداریکردن لە چلەی ئیمام حوسێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەهۆی هەڵمژینی ئەو گازی کلۆرەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون ، چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و پاش جێگیربوونی رەوشی تەندروستیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.
نەسیب ئەلخەتابی پاریزگاری کەربەلا لە شوێنی روداوەکەوە رایگەیاند، تیمەکانی بەرگری شارستانی بە خێرایی توانیویانە چارەسەر ئەو کێشەیە لە فەرمانگەی ئاوی نێوان پارێزگای نەجەف و کەربەلا بکەن، هەروەها ستایشی تیمەکانی فریاکەوتنی خێرا و بەرگری شارستانی کرد بەهۆی خێرا وەلامدانەوەیان بۆ ئەو روداوە.
لە چوارچێوەی گەڕان و پشکنینە بەردەوامەکاندا، تیمەکانی چاودێری تەندروستیی راپەڕین دوکانێکی ماستفرۆشیان داخست و سزای داراییشیان بەسەردا سەپاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، تیمەکانی چاودێری تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین، سەردانی ژمارەیەک چێشتخانە، فرۆشگا، کارگە و ماستفرۆشیان لە سنووری گوندەکانی گردجان، قەرەنیاغا و کانی ماران کرد بەمەبەستی پشکنین و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی مەرج و رێنماییە تەندروستییەکان.
لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، یەکێک لە فرۆشگاکانی فرۆشتنی ماست بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و رێنماییە تەندروستییەکانەوە، بڕیاری داخستن و غەرامەکردنی بۆ دەرچوو.
هەر لە هەڵمەتەکەدا، دەست بەسەر بەفرگرێکدا گیرا کە بڕێکی زۆر ماستی تێدابوو و بەهۆی خراپبوونیەوە بۆگەنی کردبوو. لە بەرامبەردا، دەستخۆشی لەو شوێنانە کرا کە پابەندی ڕێنماییەکان بوون.
ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، گرنگی بە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا نادات و هۆشداری دەدات کە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی بەبێ بەشداریی کیێڤ، "چارەسەرێکی مردووە."
لە راگەیەندراوەکەدا کە لە تێلیگرام بڵاویکردووەتەوە، زێلێنسکی رایگەیاندووە، یەکپارچەیی خاکی ئۆکراین، کە لە دەستووردا جێگیرکراوە، نابێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت و جەختی لەوەشکردەوە کە ئاشتییەکی بەردەوام دەبێت دەنگی ئۆکراین لەسەر مێزی گفتوگۆکان لەخۆبگرێت. زێلێنسکی وتی: "ئۆکراین هیچ خەڵاتێک نادات بە روسیا بۆ ئەوەی کە کردوویەتی" و "ئۆکراینیەکان خاکەکەیان نادەنە داگیرکەر."
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی کیێڤ لەوەی کە کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆی نێوان ترەمپ و پوتین ببێتە هۆی پەراوێزخستنی بەرژەوەندییەکانی ئۆکراین و ئەوروپا، زێلێنسکی وتی: "هەر بڕیارێک کە بەبێ ئۆکراین بدرێت، لە هەمان کاتدا بڕیارێکە دژی ئاشتی. ئەوانە هیچ شتێک ناهێننە ئاراوە. ئەمانە بڕیاری مردوون و هەرگیز کار ناکەن."
بڕیارە ترەمپ و پوتین رۆژی هەینی،15ـی مانگ، لە ویلایەتی ئەلاسکا کۆببنەوە، کۆبوونەوەیەک کە وەک دەرفەتێک بۆ پێشکەوتنی گەورە چاوی لێدەکرێت. بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە "سی بی ئێس نیوز"ی ڕاگەیاندووە کە پلانی کۆبوونەوەکە هێشتا نەرمیی تێدایە و ئەگەری هەیە زێلێنسکیش بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشدار بێت. دوو سەرچاوەش ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ ئامادەیە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ زێلێنسکی و پوتین ئەنجام بدات، بەڵام لە ئێستادا کۆبوونەوەکە دووقۆڵییە، کە ئەمەش لەسەر داوای پوتین بووە.
لەکاردانەوەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەدا، چەندین سەرکردەی ئەوروپی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و رایانگەیاند: "دڵنیاین کە تەنها رێبازێک سەرکەوتوو دەبێت کە دیپلۆماسییەتی چالاک، پشتیوانی بۆ ئۆکراین و فشارخستنە سەر رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕە نایاساییەکەی تێکەڵ بکات."
لە راگەیەندراوێکدا، کە لەلایەن ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، جیۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، دۆناڵد توسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا و ئەلێکساندەر ستەب، سەرۆکی فینلاندەوە دەرچووە، هاتووە: "ئۆکراین ئازادی هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی هەیە. گفتوگۆی مانادار تەنها لە چوارچێوەی ئاگربەست یان کەمکردنەوەی دوژمنکارییەکاندا دەکرێت. ڕێگای ئاشتی لە ئۆکراین بەبێ ئۆکراین بڕیاری لەسەر نادرێت."
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئامادەیە لەگەڵ هاوتا روسی و ئۆکراینییەکەیدا کۆببێتەوە، بەڵام رۆژی هەینی ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە تەنها بە کۆبوونەوە لەگەڵ پوتین دەستپێبکات. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە هەر رێککەوتنێک "ئەگەری گۆڕینەوەی هەندێک ناوچە"ی لەخۆدەگرێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەخستەڕوو.
هاوکات، "سی بی ئێس نیوز" بڵاویکردەوە کە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە لە بەریتانیا لەگەڵ راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی ئەوروپا کۆبووەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر جەنگی روسیا و ئۆکراین.
بەپێی ئاگادارییەکەی وەزارەتی پەروەردە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥، دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی منداڵان لە باخچە و خوێندنگە حکومییەکان. وەزارەت جەختی لەوە کردووەتەوە کە تۆمارکردن لە دوای ئەم وادەیە درێژ ناکرێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە هۆکاری دیاریکردنی ئەم وادەیەی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاکی مامۆستایان، تۆمارکردنی خوێندکاران لە سیستمی ئی-پەروەردە، و جیاکردنەوەی هۆبەکانی خوێندن گەڕاندووەتەوە. داواشی لە بەخێوکاران کردووە هاوکارییان بن بۆ ئەوەی پێش ڕێککەوتی ٢٠ی ئاب منداڵەکانیان لە باخچە و خوێندنگە حکومییەکان تۆمار بکەن.
تێبینییەکی گرنگ سەبارەت بە قوتابخانەکانی تیروپشک:
وەزارەت ڕوونیشیکردووەتەوە کە ئەو خوێندکارانەی ناویان لەو ناوەندانەی خوێندن تۆمارکردووە کە بە شێوازی تیروپشک خوێندکاران وەردەگرن، پاش ئەنجامدانی تیروپشک ئەگەر وەرنەگیران، مافیان هەیە لە قوتابخانەی سنووری جوگرافی خۆیان تۆماربکەن، ئەمەش پاش ٢٠ی ئابی ٢٠٢٥ دەبێت.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە دیاردەی لێدانی بیری نایاسایی، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستانی بازیان دەستیان بەسەر ئامێرێکی بیرهەڵکەندندا گرت.
بەگوێرەی رگەیەندراوێکی پۆلیسی دارستان، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی دارستانی بازیان لە سنوری گوندی "بەگەجانی"، توانیویانە دەست بەسەر ئامێرێکی کارەبایی بیرهەڵکەندندا بگرن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامێرەکە لە جۆری (بەرینە) بووە و لەگەڵ پارچەکانیدا دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام تۆمەتبارەکە پێش گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە.
پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوەشکردووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە رێکخراوە و رەوانەی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست دژی تۆمەتباری هەڵاتوو.
بەپێی لیستی گەرمترین ناوچەكانی جیهان ، لە 24 سەعاتی رابردوودا شارەكانی عیراق گەرمترین 15 ناوچەی جیهان بوون و ناوی هیچ شارو و وڵاتێكی تر لە لیستەكەدا نەهاتووە
لە لیستەكەدا، ناوچەی فرۆكەخانەی بەسرە لە پلەی یەكەمدا بوە و پلەی گەرما تێیدا گەیشتوەتە 52 پلەی سەدی، دواتر ناسریە و بەسرە و سەماوە و عەمارە لە لیستەكەدا دیاریكراون كە پلەی گەرما تێیاندا 50 پلەی سەدی بوە ، دواتریش هەریەك لە ناوچەكانیی رەفاعی لە ناسریە و فرۆكەخانەی نەجەف و كەربەلا و علی غەربی و فڕۆكەخانەی بەغداد و هیت و كوت و بەدرە بە 49 پلەی سەدی لە لیستی گەرمترین ناوچەكانی جیهاندا تۆماركراون ، لە دوای ئەوانیش دیوانیە و عەین تەمر تۆمار كراون كە پلەی گەرما تێیاندا زیاتر لە 48 پلەی سەدی بووە .
ئەوە لەكاتێكدایە ، كەشناسی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەوە ئەو شەپۆلی گەرمای رووی لە عیراق و هەرێمی كوردستان كردووە، قۆناغ بە قۆناغ نامێنێت و بارستە هەوایەكی فێنك جێگەی دەگرێتەوە.
خێزانەکانی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی غەززە، حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بڕیاریداوە بەردەوامی بە جەنگ بدات و قووڵتری بکاتەوە، ئەمەش وەک بڕیارێک بۆ کوشتنی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە ژیاندان و پشتگوێخستنی تەرمی ئەوانەی کوژراون.
لە راگەیەندراوێکدا، کە لەلایەن "کۆڕبەندی خێزانی بارمتەکان و ونبووان"ەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "حکومەتی ئیسرائیل بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو بارمتانەی داوە کە لە ژیاندان و بڕیاریشی داوە تەرمی بارمتە کوژراوەکانیش ون ببن".ئەمەش وەک کاردانەوە بۆ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل دێت بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، کە بە وتەی خێزانەکان "ڕاگەیاندنێکی فەرمییە بۆ پشتکردن لە بارمتەکان.
خێزانی بارمتەکان جەختیان لەوە کردەوە کە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە غەززە لەبری گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر، "حوكمی لەسێدارەدانە بۆ ئەو بارمتانەی کە ماون
".ئایناڤ زانگاوکەر، دایکی یەکێک لە بارمتەکان، حکومەتی تۆمەتبار کرد بە گۆڕینی ئامانجەکانی جەنگ لە رزگارکردنی بارمتەکانەوە بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە.
هەروەها دایکی ژمارەیەک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان هەڕەشەی ئەوەیان لە ناتانیاهۆ کردووە کە ئەگەر پلانی داگیرکردنی غەززە جێبەجێ بکات و ببێتە هۆی کوژرانی منداڵەکانیان، ئەوا ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.
ئەم کاردانەوە تووندەی خێزانی بارمتەکان لە کاتێکدایە کە ناکۆکی لەناوخۆی حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلدا لەسەر پلانی داگیرکردنی غەززە لە ئارادایە. بەپێی هەندێک سەرچاوە، بەرپرسانی باڵای سەربازی هۆشدارییان داوە کە ئەم هەنگاوە ژیانی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە.
خێزانەکان داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئیدارەی ئەمریکا کردووە کە فشار لە حکومەتی ناتانیاهۆ بکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان مسۆگەر بکات.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی ناوتۆمارکردنی بۆ گەشتی حەجی کردە ئەلیکترۆنی و لەم رۆوە هاووڵاتیان دەتوانن لە ماڵەوە ناوی خۆیان تۆماربکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی سیستمە نوێیەکەی خستەڕوو و رایگەیاند: "لەمەودوا هەر هاووڵاتییەک بیەوێت ناوی خۆی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج تۆمار بکات، دەتوانێت لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە و لە ماڵی خۆی فۆڕم پڕبکاتەوە. وەڵامی وەرگرتنیشی لە ڕێگەی تیروپشکی ئەلیکترۆنییەوە بۆ دەگەڕێتەوە."
وەزیری ئەوقاف ئاماژەی بە چەند خاڵێکی پرۆسەکە کرد و وتی: "یەکێک لە سوودەکانی ئەم سیستمە ئەوەیە کە هەلی یەکسان بۆ هەموو خوازیاران دەڕەخسێنێت. پێشتر بڕێک پارە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕم وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بەخۆڕاییە و هیچ بڕە پارەیەک لە هاووڵاتیان وەرناگیرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پشتیوان سادق باسی لەوەشکرد کە پێشتر پرۆژەی یەکخستنی بانگدانی مزگەوتەکانیان جێبەجێکردووە و سیستمەکەیان کردووە بە ئەلیکترۆنی، کە لە رێگەیەوە بانگ لەلایەن بانگبێژە دەنگخۆشەکانەوە دەدرێت و پرۆسەکە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان جێبەجێ کراوە.