هەواڵەکانهەواڵەکان

وەزارەتی خوێندنی باڵا و تیژینەوەی زانستی رایگەیاندوە؛ بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027، لە وڵاتی هەنگاریا، 30 دەرفەتی خوێندن 10 ماستەر و 20 دکتۆرا بۆ فێرخوازان و هاووڵاتییانی هەرێم رادەگەیەنێت.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خویندنی باڵادا هاتووە، دەبێت کەسەکە هاووڵاتی هەرێم بێت و  خوێندنیش بە زمانی ئینگلیزییە دەبێت،  15ـی1ـی 2026 دوا وادەیە بۆ پێشکەشکردن.

 زانیاری زیاتر و دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا؛

 وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە وڵاتى هەنگاریا بۆ ساڵى خوێندنى (2026-2027) رادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو وڵاتە (30) دەرفەتى خوێندن کە (10 ماستەر و 20 دکتۆرا)یە بۆ فێرخوازان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان راده‌گه‌ێنێت.

 

لەم لینکەى خوارەوە وردەکارى زەمالەکە خراوەتەڕوو:

www.stipendiumhungaricum.hu

- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.

- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی کرداری هەبێت تا (2026/9/1) لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

- بۆ کاندیدانی دکتۆرا، سەبارەت بە دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی، دەبێت پابەندی ئەو گرێبەستە بن کە پێشتر لەگەڵ وەزارەت واژۆیان کردوە.

- خوێندن لەم زەمالەیە بە زمانی ئینگلیزییە، دەبێت پێشکەشکار بە لایەنی کەم ئاستی زمانی ئینگلیزی (5) IELTS یان هاوتاکەی لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانی دیکەی توانستی زمان هەبێت کە بریتین لە (TOEFL IBT, PTE ) وەک خشتەی بەراوردکاری هاوپێچە.

- لەکاتی پێشکەشکردن بەڵگەنامە رەسەنەکان بە وەزارەتەکەمان پێویستە تێستی زمان بەسەرنەچوو بێت.

- ئەو پێشکەشکارانەی دوایین بڕوانامەیان بە زمانی ئینگلیزی خوێندوە، لەکاتی پێشکەشکردنی بەڵگەنامە رەسەنەکان ئەگەر تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزی نەبوو، داواکارییەکەی وەردەگیرێت.

- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ خوێندن پێشکەش بکات. (واتا بۆ خوێندنی ماستەر؛ بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت هەروەها بۆ خوێندنی دکتۆرا؛ دەبێت ماستەر و دکتۆراکەی هەمان بوار بێت).

- ئەم زەمالەیە پشتگیری مۆڵەتی هاوڕێیەتی هاوسەری ناکات، هەروەها پرۆسێسی وەرگرتنی ڤیزای هاوسەر و منداڵ ناکرێت.

- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت؛ واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

- لە کاتی داواکردنی بەڵگەنامە رەسەنەکان، ئەگەر داواکار فەرمانبەر یان مامۆستا بوو، دەبێت نوسراوی لاری نەبون لە فەرمانگەکەی خۆیەوە پێشکەش بە وەزارەتەکەمان بکات.

- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی هەنگاریا، بۆ خوێندنی ماستەر مانگانە بری نزیکەی (110) یۆرۆ و بۆ خوێندنی دکتۆرا مانگانە بری نزیکەی (355 - 460) یۆرۆی وەک دەرماڵەی مانگانە پێدەدرێت، هەروەها بیمەی تەندروستی و کرێی خوێندن و بەشی ناوخۆیی لە زانکۆ بۆ دابیندەکرێت، بەڵام کرێی فڕۆکەی بۆ دابین ناکرێت. (بۆ زیاتر وردەکاری تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن).

- دوای دەرچونی ئەنجامی بەرایی لە لایەن هەنگاریاوە، وەزارەتەکەمان لەسەر بنەمایی رێنمایی ژمارە (5) ی سالی 2021 کاندیدەکان هەڵدەبژێرێت.

- ئەگەر کاندیدی سەرکەوتوو پاشگەز بوەوە، یان داوای دواخستنی خوێندنەکەی بکات یا بەردەوام نەبوو لە خوێندن، ئەوا ناوی دەخرێتە لیستی رەش، جارێکی دیکە بۆی نییە داواکاری پێشکەش بە هیچ بەرنامەیەکی خوێندنی باڵا لە ناوخۆ و دەرەوە بکات.

- ئەگەر کاندید پاشگەزبوەوە یان وازی لە خوێندنەکەی هێنا، ئەوا بڕی ئەو کەفالەیەی بەرامبەر خوێندنەکەی لە کاتی مامەڵەی مۆڵەتی خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەرن یان دەرکردنی فەرمانی وەزاری پەیوەندیکردن بە خوێندن بۆ ئەوانەی فەرمانبەر نین پێشکەش دەکرێت، لێیان وەردەگیرێت.

- هەر کاتێک کاندید بەڵگەنامەی نادروست پێشکەش بە لایەنی هەنگاریا یان وەزارەت بکات، ئەوا دەخرێتە لیستی رەش و زەمالەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە.

- دوا مۆڵەت بۆ پێشکەشکردن بریتییە لە (2026/1/15).

- ئەو خوازیارانەی دکتۆرا کە پێشتر بۆ خۆیان قبوڵی خوێندنیان وەرگرتوە یان ڕەزامەندی سەرپەرشتیاریان بەدەستهێناوە، هەلی وەرگرتنیان لەم سکۆلەرشیپە زیاترە.

- پێشکەشکردن راستەوخۆ تەنیا لە رێگەی ماڵپەری سەرەکی زەمالەکە (هەنگاریا) دەبێت.

بۆ زانیاری زیاتر و پێشکەشکردن، تکایە سەردانی ئەم لینکە بکەن: www.stipendiumhungaricum.hu

لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەرێگەی ماڵپەری زەمالەکەیە، تا دەرچونی ئەنجامی بەرایی، وەزارەت هیچ فایلی لەبەردەست نییە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تا دەرچونی ئەنجامی زەمالەکە لە ڕێگەی ماڵپەری وەزارەتەکەمان، بە هیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.

بۆ زانیاری تەنها ئەو زانکۆ و پسپۆڕییانەی کە لە سیستەمەکە بۆ فێرخوازانی هەرێمی کوردستان کراوەیە، دەکرێت داواکاری پێشکەش بکرێت.

خشتەی بەراوردکاری زمانى ئینگلیزى؛

https://drive.google.com/.../1NYPglCO0D.../view...

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەندروستی ئەنبار رایگەیاندوە؛  دایکێک بە سکێک چوار منداڵی بوە و سەرجەمیان رەگەزی نێرن، ئاماژەیانبەوشکردوە؛ منداڵبوونەکە لە رێگەی نەشتەرگەری پێشوەختەوە بووە و تەندروستی چوارمنداڵەکە  ودایکیشیان جێگیرە.

ئیدارەی نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵانی فەللوجە رایگەیاندووە، دایکێک بە یەک سک چوار منداڵی کوڕی بووە، ئەوەشیانخستوەتەڕوو،  رەوشی دایکەکە و چوار منداڵەکە لە ئێستادا جێگیرە و لە ژێر چاودێریدان.

ئەوەشیان خستوەتەڕوو، چوار منداڵەکە بە کێشی گونجاو لەدایک بوون بەڵام لە سەرەتادا تووشی کێشەی هەناسەدان بوون و یەکێکیان پێویستی بە گواستنەوەی خوێن بوو و بۆی ئەنجامدراوە.

نەخۆشخانەکە  ئاماژەی بەوەشکرد، ستافی پزیشکی بەردەوامن لە سەرپەرشتیکردنی چوار منداڵەکە، لە یەکەی چاودێری چڕی تازەلەدایکبووان بۆ چاودێریکردنی گەشەی تەندروستییان و دڵنیابوون لە وەرگرتنی چاودێری پێویست تاوەکو بارودۆخیان بە تەواوی جێگیر دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بزوتنەوەی حەماس، رایدەگەیەنێت؛ ئیسرائل بە بەرنامە بەردەوامە لە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانیشیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە،  داواش لە ناوبژیوانان دەکات بە پەلە دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل.

ئەمڕۆ شەممە، دوای ئەوەی ئیسرائیل بۆردومانی غەززەی کردە ورایگەیاند؛ بەرپرسێکی حەماس  و سێ ئەندامی تری ئەو بزوتنەوەیان کوشتوە، حەماس راگەیەدراوێکی بڵاوکردەوەوە داوا دەکات فشاربکرێت لە ئیسرائیل بۆ وەستاندنی هێرشەکانی.

حەماس رایگەیاندوە پێشێلکارییە سیستماتیکییەکانی ئیسرائیل بۆ رێککەوتنەکە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان کەس و دەستکاریکردنی هێڵەکانی کشانەوە کە دیاری کراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ حکومەتی ناتانیاهۆ بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ شکاندنی رێککەوتنەکە و داوا لە ناوبژیوانان دەکەن، بەپەلە دەستوەردان بکەن و فشار بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ ئیسرائیل  پێشێلکارییەکان رابگرێت.

حەماس پەیامێکیشی ئاراستەی واشنتۆن کردوە و داوا دەکات بەڵێنەکانی جێبەجێبکات، بە ناچارکردنی ئیسرائیل بۆ پابەندبون بە رێککەوتنەکەوە.

ئەمە لە کاتێكدایە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندوە؛ حەماس رێککەوتنەکەی پێشێلکردوە و لەو کاردانەوەیدا پێنج سەرکردەی حەماسیان کوشتوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە بەغداد پێشوازی کرد لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتەکانی گۆرەپانی سیاسی وهەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کرا.

ئەمڕۆ شەممە، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، د.لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار، پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران  کرد، سودانی سەرەخۆشی لە سەرۆک کۆمار کرد بەهۆی کۆچی دوایی شەماڵ رەشیدی برایەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، تاوتوێی پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی وڵات و بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان کوتلە سیاسییەکان کرا. 

هەروەها؛ باس لە ئامادەکارییەکانیش کرا  بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو  بەپێی بنەما  و رێڕەوەکانی دەستوور.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆبونەوەی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاندوە؛ پێکهاتەی ئێستای هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا و یەکپارچەیی خاکی سوریا دروست دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ چالاکییە فراوانخوازیەکان و دەستوەردانەکانی ئیسرائیلیش، هەڕەشەیەکی ترە بۆ سەر رەوشی سوریا و جەختیکردوەتەوە؛ ئەنكەرە بەردەوامە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق لە هەموو بوارەکاندا و پشتیوانی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات.

هاکان فیدان وتوشیەتی؛ بەدەستهێنانی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی مەرجێکی سەرەكییە بۆ دەستپێکردنی قۆناغی ئاوەدانکردنەوەو بوژانەوەی ئابوری لە سوریا و توركیا پێداگرە لەسەر هەڵوێستەکانی سەبارەت بە پێویستی نەهێشتنی ئەو مەترسیانەی کە لەسەر سوریادا هەن و بەردەوامدەبێت لە هەوڵەکانی  بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ سوریا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاندوە؛ ئیسرائیل دەیەوێت  عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکاتە ئامانج و هەوڵ دەدات ئەم خۆراگرییەی ئێران لەناوببات، ئاماژەی بەوەشکردوە لە شەڕی 12 رۆژەدا شاهیدی ئێرانێکی زلهێز و یەکگرتوو و بوون و سەپاندنی ماڵوێرانی بەسەر دوژمندا بوە هۆی پێگەی ئیسرائیل لە جیهاندا بە تەواوەتی دابەزێت.

ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ دوژمن هەوڵدەدات سەرکردایەتیان بکاتە ئامانج و هەنگاو بە ئاراستەیەکدا بنێت کە ئەم میحوەرەی یەکێتی و سەرکەوتن و پێشکەوتن و سەقامگیری و خۆڕاگری وڵات لەناوببات.

باسی لەوەشکردوە؛ هەوڵەکانی ئیسرائیل هەندێکجار لە رێگەی تیرۆرکردن و هەندێکجاریش لە رێگەی هێرشی دوژمنکارانەوەیە، کە ئەوانیش لە ناوخۆی وڵاتدا ئەنجامی دەدەن.

ئیسماعیل خەتیب ئاماژەی بەوەکردوە دوژمن هەوڵ دەدەن بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی شەڕی نەرمیان، خەڵکی ئێران بێمتمانەبکەن، ئەرکی ئەوان لەم هەلومەرجەدا پاراستنی یەکڕیزی و یەکدەنگییە بۆ شکستپێهێنان هەوڵەکانی ئیسرائیل.

وەزیرەکەی ئێران ئەوەشی خستوەتەڕوو، حکومەت هەموو هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بژێوی کۆمەڵگە و خەڵک خستۆتەگەڕ و دەیخاتەگەڕ، گەرچی بەشێوەیەکی سروشتی دوژمن هەموو فشارەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی حکومەت نەتوانێت ئامانجەکانی بۆ بژێوی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەدیبهێنێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عیراق نوێترین وردەکارییەکانی رێککەوتنی ئاوی لەگەڵ تورکیا و گرنگییەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی لە ماوەی داهاتوودا راگەیاند، بە گوێرەی راگەیەندراوەکە رێککەوتنەکە شەش پرۆژەی ستراتیژی لە خۆدەگرێت.

ئەمڕۆ شەممە، خالید شیمالی وتەبێژی وەزارەتەکە لە راگەیەندراێکدا رایگەیاندوە؛ پێشکەوتنی بەرچاو لە رێککەوتنی هاوکاری ئاوی عیراق و تورکیا دوای ئیمزاکردنی میکانیزمێکی نوێی جێبەجێکردن بەدیهاتووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە ئەم میکانیزمە ئامانجی گۆڕینی رێککەوتنە تیۆریەکانە بۆ پڕۆژەی کردەیی بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی ئاو لە عیراق، بە لەبەرچاوگرتنی خراپتربوونی وشکەساڵی.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ پرۆژانەی رێککەوتون شەش پڕۆژەی ستراتیژی سەرەتایی لەخۆدەگرن، لەنێویاندا سێ بەنداوی بچووکی تایبەت بە کۆکردنەوەی ئاو و پاڵپشتیکردنی ئاودێری لە ناوچە گوندنشینەکان، هەروەها سێ پڕۆژە بۆ وەرگرتنەوەی زەوییە تێکچووەکان و گۆڕینی بۆ زەوییە بەرهەمدارەکان.

ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی خاڵی وەرچەرخان دەکات لە پەیوەندییە ئاوییەکانی نێوان عیراق و تورکیا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر چاودێریکردنی جێبەجێکردن لەسەر زەوی، ئەمەش بە شێک دیکەیە لە راگەیەندراوەکە.

وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی بەردەوامیی سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی کە ئەمساڵ عیراق بە خراپترین رەوشی دا  تێدەپەڕێت  و شکەساڵی تەنگی پێهەڵچنییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لوتکەی جی 20 لە جۆهانسبێرگی پایتەختی ئەفریقای باشور هۆشداریدا لەوەی گروپەکە "لە مەترسیدایە" و توانای چارەسەرکردنی قەیرانە جیهانییەکان لەدەست دەدات.

ئەمڕۆ شەممە، ماکرۆن وتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشکێکدا ئاماژەی بەوەکرد؛ رەنگە گروپی 20 بگاتە کۆتایی و چیتر ناتوانن لەسەر ئەم مێزە پێکەوە قەیرانە گەورەکان چارەسەر بکەن.

ماکرۆن جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتانی ئەندام دەبێت "کۆکردنەوەی بەکۆمەڵ" بۆ ئەولەویەتەکانی هاوبەش نیشان بدەن، ئەگەرنا متمانە و کارکردنی گروپەکە تێکدەچێت.

ئەم قسانەی ماکرون لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بایکۆتی لوتکەکەی کرد و رایگەیاند؛ لەوێ کوشتاری زۆر هەیە  و بەشداری تێدا نەکرد.

گروپی 20 یاخود G20، گروپەکە لە بیست وڵاتی جیھانی پێکدێت، لە کۆبونەوەکەیاندا سەرکردەکانی وڵاتانی خاوەن ئابورییە گەورەکانی جیهان، تیشک دەخەنە سەرگرفت و کێشە هاوبەشەکانیان نێوانیان و هەوڵ دەدەن چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای شەش رۆژ لەبێسەروشوێنبونی مەهدی محەمەد، تەمەن 25 ساڵ لە روباری سیرواندا تەرمەکەی دۆزرایەوە.

 ئەمڕۆ شەممە، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، تەرمی مەهدی محەمەدیان لە روباری سیرواندا دۆزیوەتەوە، و تا ئێستا  هۆکاری دیارنەمانی و گیانلەدەستدانیشی دیار نییە.

مەهدی محەمەد شەش رۆژ  پێش ئێستا لەماڵ هاتە دەرەوە و دواتر بە وتەی بنەماڵەکەی هیچ هەواڵێکی نەبووە و  دواین جار لە دیمەنی كامێرای چاودێری لە سنوری خانەقین بینرا بوو.

کەسوکار و هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی ئەو شەس رۆژەدا لە هەوڵی دۆزینەوەیدا بوون

تا ئێستا کەسوکاری مەهدی  هۆکاری ونبوونەکەی نازانن و دۆزینەوەی تەرمی کورەکەشیان لە روباری سیرواندا بوەتە جێی پرسیار، لە دوای زۆزینەوەی ترمەکەشی هیچ لێدوانێکییان نەداوە بۆ میدییاکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری سلێمانی "لوتکەی نیشتمانیی سلێمانی بۆ کارسازی" دەستیپێکرد کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و ئامانجی سەرەکیی کۆکردنەوە و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی گەنجانە.

عەلی عومەر، دامەزرێنەری لوتکەکە لە وتەیەکدا رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پێشکەش دەکرێت.

وتیشی: "ئامانجمانە پڕۆژەی سەرجەم ئەو بەشداربووانە کۆبکەینەوە کە لەم لوتکەیەدا کار دەکەن، تاوەکو بتوانین پاڵپشتی لە گەنجان بکەین و بیرۆکەکانیان بخەینە سەر کار".

لای خۆیەوە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەشداری لە لوتکەکەدا کرد و رایگەیاند، دیاریکردنی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە یەکێکە لە بژاردە راستەکان.

پارێزگاری سلێمانی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "سلێمانی یەکێکە لەو پایتەختانەی بە بڕیاری سیاسی دروستکراوە"، بۆیە شوێنێکی گونجاوە بۆ دەستپێشخەرییە نیشتمانی و کارسازییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی شورای حزبی دەعوەی ئیسلامی بە کۆی دەنگ بڕیاریدا نوری مالکی کاندید بکات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کابینەی داهاتوودا.

حزبی دەعوە لە راگەیەنراوێکی کورتدا ئاشکرایکردووە، بڕیاری کاندیدکردنی ئەمینداری گشتی حزبەکەیان بۆ ئەو پۆستە، بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی شورا بووە.

کێبڕکێی سێ کاندید لە چوارچێوەی هەماهەنگی:

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو جوڵەی سیاسی لایەنەکان بۆ دیاریکردنی سێ سەرۆکایەتییەکە دەستپێبکات. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی سێ ناو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران لە بەردەستن کە بریتین لە؛ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پاپا لیۆی چواردەهەم، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی زیاتر لە 15 هەزار گەنجی ئەمریكا کرد لە شاری ئیندیاناپۆلیس و پەیامێکی گرنگی ئاراستە کردن سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد لە ژیان و خوێندندا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەری تەکنەلۆژیا، پاپا ئاماژەی بەوەکرد کە ئامێرە مۆدێرنەکان سودبەخشن بۆ پەیوەندیکردن و فێربوون، بەڵام نابێت هەرگیز جێگەی پەیوەندییە راستەوخۆکان بگرنەوە.

پاپا لیۆ بە تایبەتی باسی لە مەترسییەکانی زیرەکی دەستکرد (AI) کرد و ئامۆژگاری گەنجانی کرد کە نابێت رێگە بدەن تەکنەلۆژیا توانا هزرییەکانیان لاواز بکات.

پاپا وتی: "ئاگاداربە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد سنور بۆ گەشەی مرۆیی و هزریت دانەنێت. دەبێت بە شێوەیەک بەکاریبهێنیت، کە ئەگەر سبەینێ ئەو تەکنەلۆژیایە نەما، هێشتا خۆت بتوانیت بیربکەیتەوە، دابهێنیت و بڕیار بدەیت".

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەر ئامێرێک دەبێت پاڵپشت بێت بۆ گەشەسەندنی هزری و فێربوون، نەک ببێتە رێگر لەبەردەمیدا و وتی: "لەبیرت بێت، زیرەکی دەستکرد هەرگیز جێگەی ئەو بەهرە تایبەتە ناگرێتەوە کە تۆ وەک مرۆڤ هەتە".

پاپا لیۆ داوای لە گەنجان کرد کە "بە ئاگاییەوە" مامەڵە لەگەڵ شاشەکان بکەن و دڵنیابنەوە لەوەی تەکنەلۆژیا خزمەتی ژیانیان دەکات، نەک ئەوان ببنە کۆیلەی تەکنەلۆژیا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ماوەی چەند رۆژێکە ئاگرێکی بەهێز لە دارستانە دێرینەکانی هیرکانی لە ناوچەی ئەلیت-ی سەر بە شاری چالوس لە باکووری ئێران کەوتووەتەوە، بەهۆی سەختی ناوچەکە و بای بەهێزەوە هێشتا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە و مەترسی لەناوچوونی بەشێک لەو میراتە جیهانییە هەیە.

بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە لە 1ی ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە و سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکارەکەی "هەڵەی مرۆیی" بووە و گومان دەکرێت بەهۆی مانەوەی راوچییەکانەوە لەو ناوچە شاخاوییانە ئاگرەکە دروست بووبێت.

سەرەڕای ئەوەی تیمەکانی بەرگری شارستانی، ژینگەپارێزی و خەڵکی ناوچەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیان داوە، بەڵام وشکی دارستانەکە و بوونی با وایکردووە جارێکی دیکە ئاگرەکە گڕ بگرێتەوە. حسێن عەلی محەمەدی، بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای مازەندەران رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوییە و رێگەی ئۆتۆمبێلی نییە، گەیاندنی ئاو و کەرەستە زۆر سەختە و تەنیا بە هەلیکۆپتەر و گوێدرێژ دەتوانرێت بگەیەنرێنە شوێنی رووداوەکە.

تورکیا دێتە سەر هێڵ:

شینا ئەنساری، سەرۆکی رێکخراوی پاراستنی ژینگە لە ئێران رایگەیاند، داوای هاوکاری نێودەوڵەتییان کردووە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە. بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە تورکیا دوو فڕۆکە و هەلیکۆپتەرێک بە 8 کارمەندەوە رەوانەی ناوچەکە بکات بۆ هاوکاریکردن.

هاوکات لە ناوخۆی ئێران، 6 هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی "ئیلوشین" کە توانای هەڵگرتنی 40 تەن ئاویان هەیە، بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوەکەدا دەکەن.

محەمەد رەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری مازەندەران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو توانای وڵات بۆ رزگارکردنی دارستانەکانی هیرکانی بەکاربهێنرێت و نابێت رێگە بدرێت ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات.

لەلایەکی دیکەوە عەباس پوریانی، سەرۆکی دادگای مازەندەران رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان و دادوەری لە ناوچەکەن بۆ دۆزینەوەی هۆکارانی ئاگرەکە و هەر بەرپرسێکیش کەمتەرخەمی کردبێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی مانگی سوور، ئێستا 17 تیمی فریاگوزاری و نزیکەی 400 کەس لە هێزەکان و خەڵکی خۆبەخش بە شەو و رۆژ سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەرپرسان دەڵێن ئەگەر فریای نەکەوتنایە، ئاگرەکە زیاتر لە 20 هێکتار دارستانی دەسووتاند.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارجۆری تایلەر گرین، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا و یەکێک لە هاوپەیمانە دێرینەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە ئێستا بووەتە یەکێک لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کۆنگرێس راگەیاند.

گرین کە پێشتر یەکێک بوو لە دیارترین دەنگەکانی بزوتنەوەی
"Make America Great Again"، بەهۆی هەڵوێستە توندەکانی و بڕوابوونی بە "تیۆرییەکانی پیلان" ناسراوە، لەوانە بەراوردکردنی بەکارهێنانی ماسک و ڤاکسین بە چەوساندنەوەی جولەکەکان لە کاتی هۆلۆکۆست، هەروەها گومان دروستکردن لەسەر رووداوەکانی 11ی سێپتێمبەر.

گرین هۆکاری بڕیارەکەی گەڕاندەوە بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی و رایگەیاند، بەهۆی ئەو گرژییانەوە هەڕەشەی دانانی بۆمب لە کۆمپانیاکەی کراوە.

پەیوەندییەکانی نێوان گرین و ترەمپ لەم مانگانەی دواییدا بەرەو خراپی ڕۆیشت، بەتایبەت دوای ئەوەی گرین هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ ئەوەی وەزارەتی داد سەرجەم دۆسیەکانی پەیوەست بە "جێفری ئیپشتاین" بڵاوبکاتەوە. لە بەرامبەردا ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" هێرشی توندی کردە سەر گرین و بە "شێت" وەسفی کرد.

مارجۆری تایلەر گرین لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت: "بەرگریکردن لەو ژنانەی لە تەمەنی 14 ساڵیدا دەستدرێژییان کراوەتەسەر و بازرگانییان پێوەکراوە لەلایەن پیاوانی دەوڵەمەند و بەدەسەڵاتەوە، نابێت باجەکەی ئەوەبێت کە بە خیانەتکار ناوببرێم و لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە هەڕەشەم لێ بکرێت، ئەو سەرۆکەی کە خۆم شەڕم بۆ کردووە."

پەرلەمانتارەکەی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، رۆژی 5ی کانونی دووەم کۆتا رۆژی دەبێت لە پۆستەکەی. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، ترەمپ بە تۆڕی هەواڵی ABCی راگەیاندووە کە ئەمە "هەواڵێکی نایابە بۆ وڵات".

بەپێی زانیارییەکان، سەرەتای درزتێکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو سیاسەتمەدارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گرین رەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ گرت و بە "دواخستنی ئەمریکا" ناوی برد. هەفتەی رابردووش ترەمپ رایگەیاندبوو کە پشتیوانی لە گرین ناکات بۆ هەڵبژاردنەوەی لە ویلایەتی جۆرجیا.

گرین لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "رێز و شکۆم بۆ خۆم هەیە و خێزانەکەم زۆر خۆشدەوێت، نامەوێت ناوچەکەم رووبەڕووی ململانێیەکی پڕ لە رق ببێتەوە لەگەڵ سەرۆکێک کە هەموومان شەڕمان بۆ کردووە، تەنها بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە ببەمەوە لەکاتێکدا کۆمارییەکان ئەگەری دۆڕانیان هەیە."

گرین: هێرشەکانی ترەمپ چرای سەوزە بۆ توندڕەوەکان

چەند رۆژێک پێش راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەی، گرین هۆشداریدا لەوەی تێکچونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی سپی گەیشتووەتە ئاستێک، هەڕەشەی دانانی بۆمب لە کۆمپانیاکەی کراوە.

گرین لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نوسیویەتی: "هێرشە بێ پاساو و دڕندانەکانی ترەمپ دژی من، وەک هاندان و چرای سەوزێک وایە بۆ توندڕەوە مەترسیدارەکان، ئەمەش ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ئەنجامدانی هێرشی جددی بۆ سەر خۆم و خێزانەکەم".

لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا، ئەو پەرلەمانتارە کۆمارییە ئاماژەی بەوەکردووە، "لێدوانە ئاگرینەکانی ترەمپ دۆخەکە دەشڵەژێنن و زەمینە بۆ توندوتیژی خۆشدەکەن، کە لە کۆتاییدا رەنگە ئەنجامی زیانبەخش یان تەنانەت کوشندەشی لێ بکەوێتەوە".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریكا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زۆهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانیی هەڵبژێردراوی نیویۆرک کرد، ئەوەش دوای چەندین مانگ لە ئاڵوگۆڕکردنی قسەی توند و سووکایەتیکردن بە یەکتر.

کۆشکی سپی بۆ بی بی سی پشتڕاستیکردەوە کە مەمدانی گەیشتووەتە کۆشکی سپی. ستیڤن چیونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لە تۆڕی ئێکس وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە لە پەنجەرەیەکەوە دەڕوانێتە رۆژنامەنووسان و بە گاڵتەپێکردنەوە نووسیوێتی: "هاوڕێیان زۆر درەنگن! ئێوە زۆر خاون".

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە گرژیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە:

  • قسەکانی ترەمپ: لە کاتی بانگەشەدا، ترەمپ مەمدانی بە "سەرشێتێکی سەدا سەد کۆمۆنیست" ناوبردبوو (هەرچەندە مەمدانی دەڵێت سۆسیالیستێکی دیموکراتە). هەروەها ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو ئەگەر مەمدانی سەربکەوێت، بودجەی فیدراڵی لە نیویۆرک دەبڕێت. بەڵام ئەمڕۆ ترەمپ رایگەیاند کە لە کاتی بانگەشەدا "کەمێک توند بووە" بەرامبەری و دانی بەوەدانا کە مەمدانی "رکابەرایەتییەکی باشی کردووە".

  • قسەکانی مەمدانی: لای خۆیەوە مەمدانی رەخنەی توندی لە ترەمپ دەگرت و رایگەیاندبوو کە سیاسەتەکانی ترەمپ ژیانی لە ئەمریكا گرانتر کردووە. هەروەها بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بە "شانۆگەریی ستەمکارانە" وەسف کردبوو.

سەرەڕای ئەو مێژووە پڕ کێشمەکێشە، مەمدانی رایگەیاندووە کە ئامادەیە لەگەڵ ترەمپ کار بکات بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ژیان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆکراین رووبەڕووی "سەختترین ساتەکانی مێژوو" بووەتەوە؛ کۆشکی سپی مۆڵەتی تا پێنجشەممەی داهاتو و داوە بە کیێڤ بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێک کە بەشێکی زۆری خاکەکەی رادەستی روسیا دەکات و هیواکانی بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ لە گۆڕ دەنێت، لەبەرامبەردا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی دەڵێت: "خەریکە کەرامەتمان لەدەست دەدەین".

بەپێی ئەو بەڵگەنامە 28 خاڵییەی کە واشنتۆن و مۆسکۆ ئامادەیان کردووە و رەشنووسەکەی دراوەتە ئۆکراین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریكا دەیەوێت بە زۆرترین سازش لەسەر حسابی ئۆکراین، کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.

زێلێنسکی: لەبەردەم دووڕیانێکی کوشندەداین

سەرۆکی ئۆکراین لە وتارێکی ڤیدیۆییەدا بە ڕاشکاوی وتی: "ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی زۆر قورسداین: یان لەدەستدانی کەرامەت، یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی (ئەمریكا)، یان قبوڵکردنی 28 خاڵە ئاڵۆزەکە و زستانێکی زۆر سەخت".

بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر کیێڤ تا رۆژی پێنجشەممە (27ی تشرینی دووەم) ئەم رێککەوتنە ئیمزا نەکات، ئەوا ناردنی چەک و زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ ئۆکراین رادەگرێت.

گرنگترین خاڵەکانی پلانە 28 خاڵییەکە:

ئەم پلانە کە زۆرینەی مەرجەکانی پوتین-ی تێدایە، ئۆکراین ناچار دەکات بەم خاڵانە رازی بێت:

·         خاک و سنوور: داننان بەوەی هەرێمەکانی لۆگانسک، دۆنێتسک و نیمچە دورگەی قرم "بە ئەمری واقیع خاکی روسیان" و ئەمریكاش دانیان پێدا دەنێت. هێڵەکانی ئێستای جەنگ لە خێرسۆن و زاپۆریژیا سڕ دەکرێن و دەبنە سنووری واقیعی.

  • سوپا و ناتۆ: ئۆکراین دەبێت لە دەستوورەکەیدا بنووسێت کە هەرگیز نابێتە ئەندامی ناتۆ. ژمارەی سوپاکەی بۆ 600 هەزار سەرباز کەم دەکرێتەوە (ئێستا نزیکەی 850 هەزارە).
  • ناوچەی بێچەک: هێزەکانی ئۆکراین دەبێت لەو بەشانەی دۆنێتسک بکشێنەوە کە ئێستا بەدەستیانەوەیە و ئەو ناوچەیە دەکرێتە ناوچەیەکی بێچەکی نێودەوڵەتی، بەڵام وەک خاکی روسیا ئەژمار دەکرێت.
  • سزا و ئابووری: سزاکانی سەر روسیا هەڵدەگیرێن و مۆسکۆ دەگەڕێتەوە بۆ گروپی G8. لەبەرامبەردا ئەمریكا گرەنتی ئەمنی دەداتە ئۆکراین، بەڵام بە مەرجێک واشنتۆن 50%ی قازانجی پرۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراین بۆ خۆی ببات.
  • لێبوردنی گشتی: هەموو لایەنەکان لێبوردنی گشتییان بۆ دەردەکرێت سەبارەت بە "تاوانەکانی جەنگ".

هەڵوێستی ئەوروپا و پشێویی ناوخۆ:

سەرکردەکانی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا) نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە و لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ زێلێنسکی جەختیان کردووەتەوە کە نابێت هیچ رێککەوتنێک بەبێ رەزامەندیی ئەوروپا و پاراستنی سەروەریی ئۆکراین بکرێت. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا وتی: "پێویستە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار (روسیا) نەک قوربانی".

لە ناوخۆی ئۆکراینیش، روستەم ئومێرۆڤ، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایش رەتیدەکاتەوە رەزامەندی لەسەر پلانەکە دابێت و دەڵێت: "ئێمە خاکەکەمانی بۆ دەستبەردار نابین"، بەڵام زێلێنسکی داوای یەکڕیزی دەکات و دەڵێت "نابێت بیانوو بدەینە دەست دوژمن تا بڵێت ئۆکراین ئاشتی ناوێت".

بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا زێلێنسکی و ترەمپ گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر ئەم پلانە بکەن، کە چارەنووسی جەنگەکە و سنوورەکانی ئۆکراین یەکلایی دەکاتەوە.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دێن، ئەمڕۆ هەینی، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا تا ئێستا وردەکاریی پلانەکەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا باس نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کیێڤ دژی پلانەکەیە و ئاشتی ناوێت. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...199200201202203...1073