ئەنجومەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی لە رونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی، سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە گرانبوونی هێلکەی خواردن دەکەن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.

 ئەنجومەنەکە جەختی لەوە کردەوە، کە رێگری لە هەر بەرزبوونەوەیەکی نایاسایی نرخ دەکەن بۆ ئەوەی بارگرانی بۆ سەر شانی هاووڵاتیان دروست نەبێت.

هاوکات دڵنیایی دا، کە سەرجەم کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەردەوامن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان بە بڕ و کوالێتییەکی بەرز و هەموو تواناکانیان دەخەنە گەڕ بۆ تێرکردنی بازاڕ لە بەرهەمی ناوخۆیی و پاراستنی سەقامگیری نرخەکان.

 

دەقی رونکردنەوەکەی ئەنجومەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی 

هاونيشتمانيانى خۆشەویست، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە گوایە نرخی هێلکەی خواردن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو لە گرانبوون دەکات، ئێمە لە ئەنجومەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە بۆ ڕەواندنەوەی هەر نیگەرانییەک:

١- هاوڵاتیانی ئازیزی شاری سلێمانی دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئێمە وەک ئەنجومەن، بە هەموو شێوەیەک ڕێگری دەکەین لە هەر بەرزبوونەوەیەکی نایاسایی لە نرخی هێلکەدا و ڕێگە نادەین بارگرانی بۆ سەر شانی هاوڵاتیان دروست ببێت.

٢- ئێمە وەک خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان، هەمیشە خۆمان بە بەشێک لە خەم و ژیانی خەڵک زانیوە و لەم سۆنگەیەشەوە دوپاتی دەکەینەوە کە لە پشتی هاوڵاتیانی خۆشەویستی خۆمانین و بەرژەوەندی گشتی لە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە دادەنێین.

٣- سەرجەم کێڵگە پەلەوەرییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان بە بڕ و کوالێتییەکی بەرز، و هەموو تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بازاڕەکان تێر بکەین لە بەرهەمی ناوخۆیی و ڕێگری لە هەر کورتهێنانێک بگرین.

لە کۆتاییدا، دڵسۆزی خۆمان بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان دوپات دەکەینەوە و بەردەوام دەبین لە دابینکردنی پێداویستییەکانی سەر خوانەکانتان بە نرخێکی گونجاو و جێگیر.

ئەنجومەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی
رێککەوتی ٤/٥/٢٠٢٦