بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لە رۆژی شەهیدی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئێمە خەم و ئازاری چەند ساڵەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانمان لەیادنەکردووە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژی شانازی و هەڵدانەوەی لاپەڕە پڕشنگدارەکانی مێژووی خەباتی کوردایەتیمانە، بۆ ئێمەش ساتی بیرهێنانەوەی ئەو قوربانییانەیە کە رۆڵەکانی یەکێتی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردایەتی خوێنی خۆیان کردە خەڵاتی بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی بە شانازییەکی زۆرەوە، ئەمڕۆژە بەرز رادەگرێت و بە شکۆوە یادی هەموو ئەو شەهیدانەمان دەکەینەوە کە بە خوێنی خۆیان کوردستانەکەمانیان گەیاند بە ئەمڕۆ.
سەرۆکی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە خەم و ئازاری چەند ساڵەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانمان لەیادنەکردووە. هەوڵەکانمان بۆ بوونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان، هێمای وەفاداری و دڵسۆزیمانە بۆ شەهیدان و ئەو بەها باڵایانەی رۆحی خۆیان لەپێناودا بەخشیوە.
بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی زیاتر لە 10 ملیار دیناربووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت داهاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە، لە رۆژی 15ـی 11 تا 21ـی ئەم مانگە، داهاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، 10 ملیار و 59 ملیۆن و 757 هەزار دینار بووە.
هەر بەپێی داتای ماڵپەڕی شەفافیەت، بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی 2 ملیار دینار داهاتی نانەوتی زیاتر بووە.
جێگەی ئاماژەیە، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
ئەمریکا جەختدەکاتەوە، هیچ هێڵێکی سوری نییە سەبارەت بە دۆسیەی ڤەنزوێلا، وەزیری جەنگی ئەو وڵاتەش دەڵێت: هەموو بژاردەکان لەبەردەستن.
پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵوێستی ترەمپ بەرانبەر ڤەنزوێلا تەواو روونە و هیچ شتێک دوور نییە روبدات و هەموو بژاردەکان لەبەردەستن.
وتیشی، سەرۆکی ئەمریکا هیچ هێڵێکی سوری نییە سەبارەت بە دۆسیەی ڤەنزوێلا، جەختیشدەکاتەوە ئەمریکا باشتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان، دەتوانێت شوێنی شانەکان و تیرۆریستانی مادە هۆشبەرەکان بە ئامانج بگرێت و راویان بنێت.
هیگسێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان بە تەواوی دەزانن کێ دەکەنە ئامانج و بۆچی بە ئامانجیان دەگرن و چییان پێیە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ئەمریکا پێی وایە هەر جۆرە توندکردنەوە یان جوڵەیەک دژی ڤەنزوێلا، لەسەر بنەمای زانیاریی ورد و بەپێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگریی گشتگیر ئەنجام دەدرێت.
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عیراق، زانکۆی سلێمانی توانی بچێتە نێو ریزبەندیی جیهانیی "شانگهای" بۆ بوارە ئەکادیمییەکان بۆ ساڵی 2025 و بووە تاکە زانکۆی عیراق کە لەو ریزبەندییەدا ناوی هاتبێت.
بەپێی ریزبەندییەکە، زانکۆی سلێمانی لە بواری ئەندازیاریی شارستانیدا پلەی (301-400) و لە بواری ماتماتیکدا پلەی (401-500)ی لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهان بەدەستهێناوە.
دامەزراوەی شانگهای، کە شانبەشانی دامەزراوەکانی تایمز و کیو ئێس (QS) بە یەکێک لە سێ دامەزراوە سەرەکییەکەی ریزبەندکردنی زانکۆکان لە جیهاندا دادەنرێت، رایگەیاندووە کە زانکۆی سلێمانی تاکە زانکۆ بووە لەسەر ئاستی عیراق کە پێوەرەکانیانی تێدا بووە و شایستەی ئەوە بووە ریزبەندی بۆ بکرێت.
ریزبەندییەکە پشتی بە پێنج پێوەری سەرەکی بەستووە، لەوانە: ئاستی مامۆستایان، ئاست و کوالیتیی توێژینەوە زانستییەکان، کاریگەریی توێژینەوەکان و ئاستی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی.
زانکۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئەم دەستکەوتەی بە "سەرکەوتنێکی مێژوویی" و "شانازییەکی گەورە" وەسفکردووە و بە رەنگدانەوەی ئاستبەرزیی مامۆستایان و توێژینەوەکانی زانکۆکەی لەقەڵەمداوە.
رێکخراوی "گرینپیس" لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ئەو جلوبەرگانەی لە رێگەی پلاتفۆرمی چینیی "شێ ئین"ەوە دەفرۆشرێن، مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدایە کە سنووری رێگەپێدراوی یەکێتیی ئەوروپایان تێپەڕاندووە.
لقی ئەڵمانیای رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا روونیکردووەتەوە، "لە کۆی 56 پارچە جلوبەرگ کە پشکنینیان بۆ کراوە، 18یان مادەی کیمیایی مەترسیداریان تێدابووە، هەندێکیان بە رێژەیەکی زۆر زیاتر لەو سنوورەی کە بەپێی یاساکانی ئەوروپا دیاریکراوە".
مەترسیی شێرپەنجە و لاوازکردنی بەرگریی جەستە:
رێکخراوەکە ئاماژەی بە بوونی مادەکانی وەک "فثالایت" و پێکهاتەکانی "PFAS" (کە بە ماددە کیمیاییە هەمیشەییەکان ناسراون) کردووە لەناو جلوبەرگەکاندا. ئەم مادانە بۆ دژەئاو و دژەپەڵە بەکاردەهێنرێن و بە پیسکەرێکی هەمیشەیی ژینگە دادەنرێن.
گرینپیس هۆشیداریداوە کە ئەم مادە ژەهراوییانە پەیوەندییان بە چەندین نەخۆشییەوە هەیە، لەوانە شێرپەنجە، تێکچوونی کۆئەندامی زاوزێ، کێشەی گەشەی منداڵان و لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی جەستە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم مادانە لە رێگەی پێست و هەڵمژینی ریشاڵەکانەوە دەچنە ناو جەستەوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە پشکنینەکان جلوبەرگی منداڵانیش دەگرێتەوە.
وەڵامی "شێ ئین"
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێسدا، کۆمپانیای "شێ ئین" رایگەیاندووە، وەک "رێکارێکی خۆپارێزی"، هەر بەرهەمێک کە بوونی مادەی مەترسیداری تێدا دەستنیشان بکرێت، لەسەر ئاستی جیهان لە بازاڕەکاندا لایدەبەن.
ماوەی چەند مانگێکە پلاتفۆرمە بازرگانییە ئەلیکترۆنییەکانی ئاسیا رووبەڕووی رەخنەی توندی گروپەکانی ژینگە و مافی مرۆڤ و کۆمپانیا ئەوروپییەکان بوونەتەوە، کە بووەتە هۆی کردنەوەی لێکۆڵینەوە و سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پلانێکی ئاشتیی نهێنی پەسەند کردووە کە لە 28 خاڵ پێکدێت و لەگەڵ روسیا کاری لەسەر کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکراین لە وردەکارییەکانی پلانەکە بێ ئاگایە و داوای سازشی گەورەی لێدەکرێت.
بەپێی راپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی NBC News، ئۆکراین بەشداریی لە داڕشتنی پلانە پێشنیازکراوەکەدا نەکردووە و وردەکارییەکانی پێنەدراوە، بەڵکو تەنها لە چوارچێوە گشتییەکەی ئاگادارکراوەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی سوپای ئەمریکا سەردانی کیێڤیان کردووە.
یەکێتیی ئەوروپا: پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت
لە کاردانەوەیەکدا، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە برۆکسل رایگەیاند: "پێویستە فشار لەسەر دەستدرێژیکار بێت، چونکە ئەوان بوون کە ئەم جەنگەیان دەستپێکرد".
کالاس وتیشی: "تا ئێستا هیچ سازشێکمان لەلایەن روسیاوە نەبینیوە، بۆیە سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار". ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی ئەوروپا پلانی هەیە بۆ لاوازکردنی روسیا و پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە جەنگەکەدا.
هەوڵێک بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوروپا:
هاوکات، سەرەڕای راپۆرتەکان لەبارەی رێککەوتنە نهێنییەکە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و تورکیا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیکی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا کردووەتەوە.
یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ویتکۆف لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەڵمانیا و هاوبەشە ئەوروپییەکان کردووەتەوە.
ستیڤ ویتکۆف وەک یەکێک لە دانوستانکارە سەرەکییەکانی پلانە نهێنییەکەی نێوان ئەمریکا و روسیا ناوی هاتووە.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، بەرکەوتنی تیشک لە کاتی خەوتندا، پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە.
توێژینەوەکە، کە لەلایەن توێژەرانی نەخۆشخانەی "ماساشوستس" لە بۆستنی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، روونیکردووەتەوە کە هەڵکردنی گڵۆپ لە کاتی خەوتندا دەبێتە هۆی ماندووبوونی مێشک و هەوکردنی خوێنبەرەکان، کە رەنگە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، تاوەکو ئاستی بەرکەوتنی تیشکی دەستکرد لە شەودا زیاتر بێت، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیش لە داهاتوودا زیاتر دەبێت. بۆ نموونە، هەر کاتێک رێژەی تیشک بە بڕی یەک لادانی پێوانەیی زیاد بکات، ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 35% و لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 22% زیاد دەکات.
دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر توێژینەوەکەدا، دەرکەوتووە کە 17%ی بەشداربووان تووشی کێشەی گەورەی دڵ و خوێنبەرەکان بوون.
خەوتن لە تاریکیدا باشترینە:
جۆناسان سیدرناس، پسپۆڕی بواری خەو لە زانکۆی ئۆپسالای سوید، رایگەیاندووە، ئەم توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەوتن لە تاریکیدا باشترینە بۆ تەندروستی. ناوبراو دووپاتیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ سەلماندوویانە کە تیشکی شەوانە سیستەمی فیزیۆلۆجی و دەماری تێکدەدات و کاریگەری لەسەر کرداری زیندەپاڵ و هەوکردن هەیە.
ماڵپەڕی "هێدلاین" ئامۆژگاری دەدات کە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خەو، پێش خەوتن پەنجەرەی ژوورەکان دابپۆشرێن، هەموو کون و کەلێنەکان بگیرێن و ماسکی خەو بەکاربهێنرێت.
وردەکاریی توێژینەوەکە
توێژینەوەکە لەسەر 466 هەزار کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە کە پێشتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ یان شێرپەنجە نەبوون و لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2008 پشکنینی مێشکیان بۆ کراوە. توێژەران پشتیان بە داتای مانگە دەستکردەکان بەستووە بۆ پێوانەکردنی ئاستی تیشک لە ماڵی بەشداربوواندا.
ئەم توێژینەوەیە لە دانیشتنەکانی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکا بۆ ساڵی 2025 خراوەتەڕوو، بەڵام تا ئێستا لە هیچ گۆڤارێکی زانستییدا بڵاونەکراوەتەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند، سەرجەم ناوی ئەو خانەنشینانەی بڵاوکردووەتەوە کە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا زەوییان بەسەردا دابەشکراوە و داوایان لێدەکات بۆ تەواوکردنی رێکارەکان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی زۆریی سەردانیکەرانی خانەنشینان و کەسوکاریان، هەستاون بە بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو کەسانە.
شارەوانی داوا دەکات ئەو خانەنشینانەی ناویان بڵاوکراوەتەوە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانی بکەن بۆ لای ئەو لیژنەیەی کە بەپێی رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2024 پێکهاتووە.
مەبەست لە سەردانەکە، ئەنجامدانی وردبینیی کۆتایی و تەواوکردنی رێکارەکانە، تا دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینییەوە بە نوسراوێکی رەسمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی شارەوانی بکرێت.
لێرەوە ناوی خانەنشینەکان ببینە:
https://drive.google.com/file/d/1fHT1L7nLCwnqIk2hvyBE5Cbhy0Wbh9J8/view?usp=sharing
دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکردەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە دەستگیرکردنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە سلێمانی دەکەن و جەختدەکاتەوە کە چالاکییەکە لەلایەن هێزەکانیانەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرکوک ئەنجامدراوە.
لە روونکردنەوەیەکدا، دەزگای ئاسایش رایگەیاندووە، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکی ناڕاست بڵاوکرایەوە، روونیدەکەنەوە کە چالاکیی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لە رۆژی 19ی تشرینی دووەمی 2025 لە شاری سلێمانی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگاکەیانەوە بووە.
ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە، چالاکییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی کەرکوک، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی عیراقە، بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە و تیمێکی ئەوانیش، کە لە بەڕێوەبەر و سێ ئەفسەر پێکهاتبوون، بەشداربوون.
بەپێی زانیارییەکانی ئاسایش، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر بڕی (3) کیلۆگرام حەشیشدا گیراوە. لە ئێستاشدا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 25ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لە گرتوخانەی دەزگای ئاسایش لە سلێمانی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە زیندانی ئەدیرنەوە لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی لێدوانەکانی بولەنت ئارنچی سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی تورکیای دایەوە و رایگەیاند، "بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەوە پێشوازی لەو بۆچونانە دەکەم کە بەمەبەستی شێواندن، هەڵبەستن و بەلاڕێدابردن خراونەتە پاڵ من". ئەمەش لە دوای ئەوەدێت بولەنت ئارنچی رایگەیاند: دەمیرتاش داوایکردووە سەردانی ئەردۆغان بکات.
"قورسترین شت شێواندنی قسەکانمە"
دەمیرتاش لە پەیامەکەیدا نوسیویەتی، "بۆ ماوەی 9 ساڵ بەبێ تاوان لە زیندانێکی تاکەکەسییدا هەزاران سەختی و ناڕەحەتی هەیە، بەڵام بەشداریکردن لە تێکۆشانی ئازادی، دیموکراسی و ئاشتیی گەلەکەمان، هێزی بەرگەگرتنی هەموو سەختییەکان و ئیرادەیەکی پۆڵاینمان پێدەبەخشێت."
هەروەها دەڵێت، "ئەو شتەی زیاتر لە هەموو شتێک ماندووم دەکات ئەوەیە کە قسە و بۆچوونی وا دەخرێتە پاڵم کە تەنانەت ئاماژەشم پێنەداوە و بەو شێوەیە بە رای گشتی دەگەیەندرێت. من پرسیار لە نیازی ئەو کەسانە ناکەم کە ئەم کارە دەکەن، بەڵام دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت و دڵنیابێت؛ من بە سەربەرزی و کەرامەتەوە هاتمە ئێرە و بەبێ ئەوەی رێگە بدەم کەرامەتم پێشێل بکرێت، هەر بە سەربەرزیش دەچمە دەرەوە، یان تا کۆتا رۆژی ژیانم لێرە دەمێنمەوە. بۆ من هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە".
بڕیارێکی نوێی راگەیاند:
دەمیرتاش جەختی لەوە کردووەتەوە کە "تەنانەت بە نیازپاکییشەوە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەناوی منەوە قسە بکات. کاتێک پێویست بکات، خۆم بۆچوونەکانم لەگەڵ رای گشتی هاوبەش دەکەم. هیچ لێدوان و بۆچوونێک کە راستەوخۆ لەلایەن خۆمەوە بڵاونەکرێتەوە، پەیوەندی بە منەوە نییە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، "بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی زیندانەوە ساڵانێکە ئەم کارە دەکرێت و راستکردنەوەی هەر یەکێکیان بووەتە ئەرکێکی قورس. بۆیە بە داوای لێبوردنەوە رایدەگەیەنم، لەمەودوا جگە لە هاوڕێ نزیکەکانی خۆم، چاوم بە هیچ سیاسەتمەدار و پارێزەرێک ناکەوێت، چونکە هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوە بۆ رێگریکردن لەم شێواندن و بەکارهێنانە".
ئارنچ لە میانی بەشداریکردنی لە کەناڵێکی یوتیوب بەناوی "Fikir Coğrafyası" لە زاری دەمیرتاشەوە دەیگێڕێتەوە:
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، "دەمیرتاش داوای کردووە چاوی بە بەڕێز ئەردۆغان بکەوێت. پێموانییە بتوانێت بیبینێت، بەڵام وتی تەنها ئەمەم بە سەرۆک کۆمار پێ بڵێ: با رووداوەکانی رابردوو وەلاوە بنێین. من لەو رووداوانەدا هیچ کاتێک پشتیوانی تیرۆرم نەکردووە، بەڵام رەنگە هەندێک کەس لەناو پارتەکەم یان لە دەرەوەی پارتەکەم ویستبێتیان تێکەڵ بەو رووداوانەمان بکەن. من سیاسەتم هەڵبژارد، نەک تیرۆر. هەرگیز بیرم لە توندوتیژی نەکردووەتەوە و هانم نەداوە بۆی. هەوڵمداوە ببمە سیاسەتمەدارێکی باش. رەنگە بەرپرسیارێتی قسە و کرداری هاوڕێکانم لە ئەستۆ بگرم، بەڵام لە رووداوەکانی کۆبانێدا کە بەهۆیەوە تاوانبار کراوم، بەشداری هیچ تاوانێکی کوشتنم نەکردووە، بەڵام هیچ کینەیەکم بەرامبەر بە تۆ نییە. تۆش خزمەتی دەوڵەت و گەلت کردووە. ئەگەر من هەڵەم کردبێت، رەنگە تۆش هەڵەت کردبێت. لەمەودوا هەرگیز بیر لە خۆکاندیدکردن و سیاسەت و شتی لەو جۆرە ناکەمەوە، بەڵام دەمەوێت بەڵێن بدەم کە هەر شتێک بۆ وڵاتەکەم پێویست بێت، ئەنجامی دەدەم".
ئارنچ لە کۆتاییدا دەڵێت، "منیش وتم ئینشائەڵا و ماڵئاواییمان لە یەکتر کرد".
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد حەسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق کرد.
لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرکەوتنی پرۆسەکەی بە هاندەرێکی باشتر زانی بۆ پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی و پاراستنی سەقامگیریی عیراق.
پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق خرایەبەر باس و سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، بە گەشبینی و پەرۆشییەوە کار دەکەین بۆ یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە سەرچاوەکەی بنەمای دەستوور و پێکەوەیی و خزمەتکردنی خەڵک بێت، چونکە خەڵکە خۆشەویستەکەمان شایستەی خزمەتی زیاترن و ئەو بەڵێنانەی پێمانداون جێبەجێیان دەکەین.
هەر لە دیدارەکەدا چەند پرسێکی دیکە بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە، "ئەلبومی شەهادەتی یەكێتی لە دەستپێكی خەبات، تا گەشەی خەباتی پێشمەرگانە، تا راپەڕینی كوردستان و پرۆسەی رزگاریی عیراق و بەرەنگاریی تیرۆری داعش و قاعیدە و هاوسنفەكانیان، مێژوویەكی پڕشکۆ و سەروەری دەگێڕنەوە و هیوامانە چیتر گەلەكەمان ناچاری خوێنبەخشین نەبێت، ئەگەرچی یەكێتی و كورد تاسەر درێغی ناكات بۆ فیداكاری و رەنجكێشان".
دەقی پەیامەکە
پەیامی مەكتەبی سیاسی بۆ رۆژی شەهیدی یەكێتی
رۆژی شەهیدی یەكێتی، رۆژی شایەتیدانە لەسەر خەباتی نەپساوەی پڕ لە قوربانیدان
رۆژی رێبازی (كەم بژی و كەڵ بژی)یە، كە پێشەنگەكانی گیانبەخشین و شەهادەت (خاڵە شیهاب و جەعفەر و ئەنوەر) بەپیریەوە چوون.
تۆماری كاروانی پەنجا ساڵەی یەكێتی و شۆڕشی نوێ پڕیەتی لە قوربانیدان و رۆژ نییە كە شەهیدێك یان پۆلێك شەهیدی تێدا نەبەخشیبێت بە نەتەوە و بە دیموكراسی و بە ئازادیی وڵات.
ئەمڕۆ بۆ یادی ئەو هاوخەبات و هاوسەنگەرانەمان، كە لە زیندانەكانی رژێمی بەعسدا بە وتنەوەی سروود و دروشمەوە چوونە بەر پەتی سێدارە، یان لە سەنگەرەكانی بەرگرییدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایە بەر گولەی دوژمن و گیانیان بەخشی بە گەل و وڵات، لە ئاست رۆحی ئەو گیانبازانەدا سەری رێز دادەنەوێنین و بەڵێنی درێژەپێدانی خەباتیان دووپاتدەكەینەوە.
ئەلبومی شەهادەتی یەكێتی لە دەستپێكی خەبات، تا گەشەی خەباتی پێشمەرگانە، تا راپەڕینی كوردستان و پرۆسەی رزگاریی عیراق و بەرەنگاریی تیرۆری داعش و قاعیدە و هاوسنفەكانیان، مێژوویەكی پڕشکۆ و سەروەری دەگێڕنەوە و هیوامانە چیتر گەلەكەمان ناچاری خوێنبەخشین نەبێت، ئەگەرچی یەكێتی و كورد تاسەر درێغی ناكات بۆ فیداكاری و رەنجكێشان.
بۆ ئاسوودەكردنی رۆحی شەهیدان، بە ئەركی لێنەبڕاوانەی سەرشانمانی دەزانین گشت هەوڵێكمان زیاتر و زیاتر بخەینەگەڕ بۆ باشتركردنی ژیانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و گشت كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و لەسەر ئەو ئامانج و رێبازەی شەهیدان خۆیان لەپێناودا بەختكرد، ئێمەش خزمەت بکەین بۆ بەدیههێنانی گشت ئامانجەکانمان
دروود بۆ رۆح و یادی گشت
شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تێکرای شەهیدانی گەلەکەمان.
سڵاوی خۆڕاگریی بۆ كەسوكار و خانەوادەكانیان.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
وەفدێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی نەخشەڕێگای قۆناغی داهاتوو و پێکهێنانی کابینەی نوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لەسەر بەهێزکردنی هاوبەشی و هاریکاریی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کردەوە، بەمەبەستی "خێرا جێبەجێکردنی ئەرکە سیاسییەکان و پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای جێبەجێکردنی کارە لەپێشینەکانی ئەم قۆناغەی هەبێت.
لە بەشێکی دیدارەکەدا بەبۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە پیرۆزباییان لە یەکترکردووە و دواین پێشهاتە سیاسییەکانی عیراقیان تاوتوێ کردووە.
وەفدەکەی یەکێتی پێکهاتبوو لە نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبەغداد خالید شوانی وەزیری داد و رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە 48 سەعاتی داهاتوودا ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ هەینی پلەکانی گەرما کەمێک بەرزتر دەبنەوە بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر : 23 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 22 پلەی سیلیزی
دهۆک : 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 23 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 22 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 26 پلەی سیلیزی
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن.
نیبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری وتەبێژی كۆمیسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، بەپێی یاساكانی كۆمیسیۆن لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەر لایەنێكی سیاسی یان كاندیدێك مافی ئەوەی هەیە لە ماوەی سێ ڕۆژدا تانە لە ئەنجامەكان بدات.
وتیشی، ئەمرۆ دوا وادەی تانەدانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
ئاشكراشیكرد، زیاتر لە 130 تانەیان سەبارەت بە ئەنجامی كۆتایی بەدەستگەیشتووە، پێشبینی زیادبوونی ژمارەی تانەكانیشی كردوووە.
راشیگەیاند، دوای داخستنی دەرگای تانەدان، دەسەڵاتی دادوەری دە رۆژی هەیە بۆ بڕیاردان لەسەر تانەكان پێش ئەوەی ئەنجامە كۆتاییەكان بنێرێن بۆ دادگای باڵای فیدراڵی بۆ پەسەندكردن.
كەناڵ 14ی ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەیەكی كەمدا سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی چەكداماڵین یان دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بۆسەر حەماس دەدات.
كەناڵی 14ی ئیسرائل رایگەیاندووە، بەمزووانە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڕیار لەبارەی شێوازی چەكداماڵینی حەماسەوە دەدات، كە ئاخۆ بە رێككەوتنی سیاسی بێت یان جارێكی دیكە دەست بە ئۆپەراسیۆنەكان بكەنەوە بۆسەر ئەو بزوتنەوەیە لە كەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەگەر جارێكی دیكە ئیسرائیل بڕیاری دەستپێكردنەوەی هێرشەكان بدات، ئەوا ئۆپەراسیۆنەكانی بەشێوەیەكی بەرفراوان لە غەززەدا ئەنجام دەدات و لەرێگای هێزەوە كۆتایی بە بزوتنەوەكە دەهێنێت.
لەلایەكی دیكەوە چەند لێپرسراوێكی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، ئاگاداری ئەوەن كە حەماس دەیەوێت ئاگربەستی غەززە وەك هەلێك بقۆزێتەوە بۆ دوبارە خۆبوونیادنانەوە و لە ئێستادا بە نهێنیی لەگەڵ حزبوڵا و ئێران لە پەیوەندیدایە.