باڵیوزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، ئەمڕۆ سێشەممە، هۆشدارییەکی نوێی تایبەت بە عیراقی دەرکرد.

باڵیوزخانەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کایەی ئاسمانی عیراق سەرلەنوێ کراوەتەوە و لە ئێستادا گەشتە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی سنووردار کار دەکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: ئەوانەی بیر لە گەشتی ئاسمانی لە ناوخۆی عیراقدا دەکەنەوە، دەبێت ئاگاداری ئەو مەترسییە بەردەوامانە بن کە لە ئارادان بەهۆی هەبوونی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پاشماوەی مووشەکی لە ئاسمانی عێراقدا.

باڵیوزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عیراق، جارێکی تر هۆشداری ئاستی چوارەم بە هاووڵاتیانی ئەمریکی رادەگەیەنێت کە بریتییە لە: سەفەر مەکەن بۆ عیراق.

هەروەها ئامۆژگاری هاووڵاتیانی دەکات و دەڵێت: بۆ هیچ مەبەستێک گەشت بۆ عیراق مەکەن، ئەگەر لەوێشن هەر ئێستا بەجێی بهێڵن.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: میلیشیاکان بەردەوامن لە داڕشتنی پلان بۆ هێرشی زیاتر دژی هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئەو ئامانجانەی پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەیە لە سەرانسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

هەروەها هەندێک لایەنی سەر بە حکومەتی عیراق بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پشتگیری سیاسی، دارایی و مەیدانی بۆ ئەو میلیشیایانە."

سەرەڕای فەرمانی کشانەوەی ناچاری، نێردەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عیراق بەردەوامە لە کارەکانی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بە هاووڵاتیانی ئەمریکی لە عێراق.

هۆشداریش دەدات: هەوڵ مەدەن بچنە سەفارەت لە بەغداد یان کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر، بەهۆی بوونی مەترسییە ئەمنییە گەورەکان ئەگەر ئێوە هاووڵاتی ئەمریکین و پێویستان بە هاوکارییە، پەیوەندی بکەن.