وەزارەتی گواستنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کارکردنی زیاتر لە 20 هەزار شۆفێری بارهەڵگری راگرت بەهۆی شارەزانەبوونیان لە زمانی ئینگلیزیدا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێک بۆ رێکخستنەوەی کەرتی گواستنەوەی کاڵاکان و سنووردارکردنی دامەزراندنی کۆچبەرانی نایاسایی لەو کەرتەدا.

شۆن دەفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆری "ئێکس" ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی نزیکەی 28 هەزار مۆڵەتی شۆفێریی کە بە شێوەی نایاسایی دەرکرابوون هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها جەختی کردەوە کە رێکارەکان لەمە زیاتریش دەڕۆن.

ئەم بڕیارانە پشت دەبەستن بەو رێسایانەی کە لە کۆتایی ئابی 2025دا راگەیەندران، کە شۆفێران پابەند دەکات بە هەبوونی ئاستێکی باشی زمانی ئینگلیزی تاوەکو بتوانن لەگەڵ کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا پەیوەندی بکەن و ناوەڕۆکی بارەکانیان لە خاڵەکانی پشکنیندا ئاشکرا بکەن.

ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدایە بۆ توندکردنی چاودێریی سەر بازاڕی کار لەو کەرتانەی کە هێزی کارێکی زۆریان تێدایە، لە پێش هەمووشیانەوە کەرتی گواستنەوەی وشکانی کە بە دەمارێکی سەرەکیی ئابووری ئەمریکا دادەنرێت.

لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەڵمەتێکی بێپێشینەی دژی کۆچبەران دەستپێکردووە، کە تەنانەت ئەو کەسانەشی گرتووەتەوە کە چەندین دەیەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەژین. لە سڕکردنی بەرنامەکانی پەنابەری و هەڵوەشاندنەوەی مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامە لە ڕێگەی لەدایکبوونەوە، تاوەکو دیپۆرتکردنەوەی زۆرتر لە ٢.٥ ملیۆن کۆچبەر تەنها لە ساڵی یەکەمدا.