سەرۆکایەتی کۆماری عیراق رایگەیاند، بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە دڕندانەیەی "قەوارەی زایۆنی" دەکات کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماسی لە دەوڵەتی قەتەری برا کردبووە ئامانج.
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق ئاماژەی بەوەدا، "ئەم کارە دەستدرێژیکارە پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، و پێشێلکردنێکی زەقی سەروەریی دەوڵەتی قەتەر و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق دووپاتی کردەوە، "عیراق پاڵپشتیی بێ سنوور و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ دەوڵەتی قەتەر دەردەبڕێت، و جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکانیان، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، و راگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکان و تاوانەکانی دژی خەڵکی کەرتی غەززە."
هەر بەپێی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، "ئەم دەستدرێژییە لە چوارچێوەی سیاسەتی کوشتن و تۆقاندن دێت کە قەوارەی داگیرکەر دژی گەلی فەلەستین پەیڕەوی دەکات." سەرۆکایەتی کۆمار جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، "پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بجوڵێت بۆ وەستاندنی ئەم تاوانانە کە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤن، و دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرێتە ئەستۆ."
د.لەتیف رەشید ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلولی 2025 لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە وەزیری گواستنەوە رەزاق محێبس کرد.
له میانی دیدارەکه، دا باس له واقیعی کەرتی گواستنەوه له عێراق و پلانەکانی پەرەپێدانی کرا به شێوەیەک که ببێته هۆی بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەکان کە پێشکەش به هاووڵاتیان دەکرێت و بەرزکردنەوەی رۆڵی عێراق وەک ناوەندی گواستنەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
سەرۆک کۆمار، جەختی لەسەر گرنگی پشتیوانیکردنی پرۆژەکانی وەزارەت و زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ئەم هەوڵانە راستەوخۆ لە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان و گەشەپێدانی ئابووری نیشتمانیدا رەنگ بداتەوە.
لای خۆیەوە وەزیری گواستنەوە سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆی بۆ جەنابی سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ پشتیوانی بەردەوامی و جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامی جێبەجێکردنی پڕۆژە گرنگەکان کە یارمەتیدەرن بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لەم بوارەدا.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دکتۆرە حەنان بەلخی ، کە جەمیلە راعبی، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عیراق یاوەری بوو.
لە دیدارەکەدا کە دکتۆر ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی رەوشی تەندروستی لە عیراق و هەوڵەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ پێشخستنی کرا.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پەرۆشی عیراق بۆپتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوە جیهانییەکە کرد، بە شێوەیەک کە ئاستێکی تەندروستی نایاب بۆ هاووڵاتیان دابین بکات.
سەرۆک جەختی لە گرنگیی پشتگیریکردنی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ هەوڵەکانی عیراق لە دروستکردنی نەخۆشخانە و سەنتەرە پزیشکییە تایبەتمەندەکان لە بوارە جیاجیا پزیشکییەکاندا کردەوە، هەروەها فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری دوولایەنە لە راهێنان و بەتواناکردنی کادرە پزیشکییە عیراقییەکان لە رێگەی سازدانی وۆرکشۆپ و خولە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە.
لەلای خۆیەوە، دکتۆرە حەنان بەلخی جەختی لە پەرۆشی ڕێکخراوەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق کردەوە، بە شێوەیەک کە بنەماکانی هاوکاری دوولایەنەی بنیاتنەر بچەسپێنێت و بە ئەرێنی لەسەر گەشەپێدانی کەرتی تەندروستی بە گشتی رەنگ بداتەوە.
بەپێی نوێترین ئامار، ژمارەی كاندیدە دورخراوەكان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گەیشتووەتە نزیكەی 800 كاندید.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، تائێستا 786 كاندید لە بە هۆكاری جیاجیا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران دورخراونەتەوە و هۆكاری دورخستنەوەی زۆربەشیان تاوان و گەندەڵی بووە، كە ژمارەیان 370 كاندیدە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێستا حەوت هەزار و 709 كاندید ماونەتەوە و 46 تانەی كاندیدەكانیش لەبەردەست كۆمسیۆندان و كاریان لەسەر دەكرێت.
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت و بەپێی رێنماییەكانی كۆمیسیۆنیش، دەبێت 30 رۆژ بەر لە هەڵبژاردن ناوی كاندیدەكان پەسەند كرابێت.
سودانی لەگەڵ سكرتێری گشتی ناتۆ كۆبووە و رایگەیاند، عیراق كۆڵەكەیەكی گرنگە بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، سودانی لەگەڵ مارك روتە سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە برۆكسل كۆبوەوە و تاوتوێی پەیوەندی دوو قۆڵی و نوێنەرایەتی ناتۆیان لە بەغداد كرد.
سودانی وتویەتی، عیراق سەرجەم ئاڵنگارییەكانی تێپەڕاندووە و ئێستا كۆڵەكەیەكی سەرەكییە بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی لە عیراقدا خاڵێكی بەهێزە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی خۆی ببینێت لە وەستاندنی شەڕ لەناوچەكە و ئەو پێشێلكارییانەی كە لە غەززە ئەنجام دەدرێت.
لای خۆیەوە مارك روتە رۆڵی عیراقی لە چەسپاندنی ئاسایش بە گرنگ زانی و وتی، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی كردنی نوێنەرایەتی ناتۆ لە عیراق.
ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عیراق ، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانە.
لە میانی دیدارەکەدا، گفتوگۆ سەبارەت بە رێگەکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاندانی ئەو دەستپێشخەرییانە کرا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست دەکەن.
سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پەرۆشی عیراق بۆ بنیاتنانی شەراکەتی هاوسەنگ کردەوە کە لەسەر بنەمای ڕێزی دوو لایەنە و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بێت.
هەروەها پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێ کران، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیدان بە هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری ناوچەیی و بەهێزکردنی دیالۆگی بنیاتنەرانە لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا.
لەلای خۆیەوە، جۆشوا هاریس خۆشحاڵی خۆی بە نوێنەرایەتیکردنی وڵاتەکەی لە عیراق دەربڕی، و جەختی لەسەر پەرۆشی خۆی بۆ کاری هاوبەش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاری لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبێتەوە، وەزیرێكی كوردیش بە كوردسات نیوزی راگەیاند، راپۆرتی كۆبوونەوەكانی هەرێم و بەغداد لە بەرنامەی كۆبونەوەكەدا نییە.
هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگەی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبێتەوە، بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكیانە بەدەست گەیشتووە، بەڵام بابەتی راپۆرتی لیژنەكانی نێوان هەرێم و بەغداد تایبەت بە داهاتی نانەوتی و نەوتییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لە بەرنامەی كاردا نییە.
وتیشی، پێدەچێت وەك كۆبونەوەكانی پێشتر، لە دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەكە یان لە پاشكۆی كۆبونەوە، ئەو بابەتە تاوتوێ بكرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر بڕیاربوو، راپۆرتی لیژنەی یاسایی سەبارەت بە بابەتی داهاتەكانی هەرێم و رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەرەو برۆكسلی پایتەختی بەلژیكا بەڕێكەوتووە و بڕیارە لەبەردەم ناتۆ وتارێك پێشكەش بكات.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، سودانی بەیانی ئەمڕۆ بەرەو برۆكسل بەڕێكەوتووە و سەردانەكەشی لەسەر بانگهێشتی رەسمی مارك روتە سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ بووە.
بڕیاریشە سودانی لەبەردەم ئەنجومەنی باكوری ئەتڵەسی "ناتۆ" وتارێك پێشكەش بكات.
بەر لەو سەردانە، سودانی رۆژی چوارشەممەی پێشوو بە یاوەری وەفدێكی باڵای حكومی سەردانی سوڵتاننشینی عومانی كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبونەوەی لیژنە یاساییەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عیراق بەڕێوەچوو.
محەمەد عەبدولرەحمان پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند: کۆبونەوەکە سەعات سێی پاش نیوەڕۆ بەڕێوەچووە، تێیدا عەلی فەوزی راوێژکاری یاسایی سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی لیژنە یاسایەکە، راپۆرتی خۆیان خستە بەر دیدی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق.
پەیامنێری کوردسات نیوز وتیشی، "بەپێی زانیارییەکی تایبەت، سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆچوونی باش بوە لەسەر راپۆرتەکەی لیژنە یاساییەکە، هەروەها سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاری پەسەند کردنی راپۆرتەکەی نەداوە، چاوەڕێ دەکرێت راپۆرتی رێکەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا، لە کۆبونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، دەنگی لەسەر بدرێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە حەسەن محەمەد زەمان باڵیۆزی کوەیت لە عیراق.
لە میانی دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، باس لە پەیوەندیی دووقۆڵیی و چۆنیەتی پتەوکردنیان کرا لە بوارە جیاجیاکاندا.
سەرۆک کۆمار ویستی عیراقی دووپاتکردەوە بۆ دامەزراندنی باشترین پەیوەندی و هاریکاری هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی کوەیت، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی برا زامن بکات و سەروەرییان بپارێزێت و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە بهێنێت.
لای خۆیەوە باڵیۆز زەمان ویستی کوەیتی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عیراق دوپاتکردەوە بە شێوەیەک کە ویستی هەردوو گەل بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بەدیبهێنێت.
سەرۆك كۆماری عیراق فەرمانی كۆماری بۆ دەستبەكاربوونی 86 باڵیۆزی عیراق لە كۆی 91 باڵیوز دەركرد.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق فەرمانی كۆماری دەركردووە بۆ دەستبەكاربوونی 86 باڵیۆزی نوێ بۆ ئەوەی نوێنەرایتی عیراق بكەن لەو وڵاتانانەی بۆیان دیاریكراوە.
راشیگەیاند، لە قۆناغی دووەمدا ئەو باڵیۆزانەش كە رێكارەكانیان تەواو دەكرێت سەرۆك كۆمار فەرمانی كۆماری بۆ دەستبەكاربونیان دەردەكات.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، كە رۆژی 26ی 8 ئەنجومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی 169 پەرلەمانتار و بە زۆرینەی دەنگ لیستی باڵیۆزەكانی عیراقی پەسەند كرد كە لە ساڵی 2009 ەوە هیچ دەنگدانێكی لەسەر نەكرابوو و لە 91 باڵیۆز پێكهاتبوون .
سەرۆک کۆمار بانگهێشتێکی رەسمی لە سەرۆکی میسرەوە پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی گەورەی میسر.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، نامەیەکی لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری عەرەبی میسرەوە پێگەیشت، کە تێیدا بانگهێشتی سەرۆک کۆمار کراوە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی گەورەی میسر.
ئەمەش لە میانی پێشوازیکردنی بوو ئەحمەد سەمیر باڵیۆزی میسر لەعیراق، کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو.
سەرۆک کۆمار دەربارەی بانگهێشتنامەکەی عەبدولفەتاح سیسی پێزانین و سوپاسی خۆی دەربڕی و سڵاوی خۆی ئاراستەی سەرۆکی میسر کرد و هیوای پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی هەمیشەیی بۆ گەلی برای میسر خواست.
د.لەتیف رەشید جەختی لە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا و پتەوکردنی رێڕەوی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی عیراق و میسر لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکان و هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد، هەروەک ئاماژەی بە هەڵوێستی عیراق کرد کە پشتگیری لە گەلی فەلەستین دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و جەختی لە پێویستی کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژییە کردەوە کە کەرتی غەززە رووبەڕووی دەبێتەوە و گرەنتی دابینکردنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکانی بە پێویست زانی.
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی میسر دووپاتی خواستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و پەرەپێدانی ئاسۆکانی هاوکاری و وەبەرهێنان و دروستکردنی هەلی کار و یەکپارچەیی ئابوری، بە شێوەیەک کە دەرفەتی زیاتری گەشەپێدانی بەردەوام بۆ بەرژەوەندی گەلانی عیراق و میسر بەدەست بهێنێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ژمارەی كاندیدە دورخراوەكانی ئاشكرا كرد و رایگەیاند ، تا ئێستا زیاتر لە 750 كاندید دورخراونەتەوە .
كۆمسیۆن لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە ، بەهۆكاری پەیوەست بە لێپرسینەوە و دادپەروەری و دۆسیەكانی تاوان و گەندەڵی ، تا ئێستا 751 كاندید لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دوورخراونەتەوە .
هەروەها رایگەیاندووە ، پەسەندكردنی كۆتایی لیستی كاندیدەكان لە مانگی تشرینی یەكەمدا دەبێت و لە 9 ی تشرینی یەكەمیشەوە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەكات و یەك رۆژ پێش دەستپێكردنی دەنگدانی تایبەت كۆتایی دێت .
لەسەر رێگای كەربەلا-بەغداد پردێكی تەواونەكراو داڕما و لە ئەنجامدا پێنج كەس برینداربوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێل كەوتنە ژێر دار و پەردووی پردەكە.
فەرمانگەی تەندروستی كەربەلا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پردێك كەدەكەوێتە سەر رێگای كەربەلا-بەغداد و لە قۆناغی بنیاتناندا بوو داروخا و بە هۆیەوە پێنج هاووڵاتی برینداربوون و ژمارەیەك ئۆتۆمبێل بە ژێر دار و تەختە و پارچە داڕماوەكانی پردەكە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بریندارەكان بەمەبستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەستبەجێ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەژێر چاودێری وردیی تەندروستیدان.
ئەوەشی خستەڕوو، لێكۆڵینەوە لە هۆكاری روخانی پردەكە دەستیپێكردووە و تیمەكانی بەرگری شارستانی و تەندروستیش بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ گەڕان بەدوای هەركەسێك كە گیری خواردبێت، هەروەها دەرهێنانی تەرمی هەركەسێك گیانی لەدەستدابێت.
سەرۆک کۆماری جەخت لەسەر پەرۆشی عیراق بۆ بەهێزکردنی هاریکاری نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی سێکتەری وزە دەکاتەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، پێشوازیکرد لە ژمارەیەک لە بەشداربووانی یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزەی بەغداد، کە پێکهاتبوون لە ئەمینداری گشتی هەیسەم فەیسەڵ راشد رێکخراوی ئۆپێک و خەلیفە رجەب محەمەد عەبدولسادق وەزیری نەوت و گاز لە حکومەتی یەکێتی نیشتمانی لیبیا و ئیهاب رەجایی بریکاری یەکەمی وەزارەتی بەرهەمهێنان - وەزارەتی نەوتی میسر و ئەحمەد پرات چونکار جێگری وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بە ئامادەبونی حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت،.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار بەخێرهاتنی وەفدەکەی کرد و ئاماژەی بە پەرۆشی عیراق کرد بۆ پێشخستنی کەرتی وزەی نیشتمانی و هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی رێگە هاوبەشە بنیاتنەرەکان لەگەڵ دەوروبەری و ناوچەکە و نێودەوڵەتی بە شێوەیەک کە خزمەت بە خواستەکانی گەلان بکات بۆ پێشکەوتن و سەقامگیری.
سەرۆک کۆمار روونی کردەوە کە عیراق، بە پشتبەستن بە پێگەی ستراتیژی و سامانە هەمەچەشنەکانی، توانای وەبەرهێنانی لە سەرچاوە سروشتییە بەردەستەکان و پەسەندکردنی چارەسەری بەردەوام هەیە، جگە لە رۆڵی وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە پرۆسەی گۆڕانکاری بەرەو ئابووری سەوز، و ئاڕاستەکردن بەرەو بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە، و پەرەپێدانی کەرتی کارەبا و کرانەوە بە تەکنەلۆژیای نوێ لەگەڵ پاراستنی ڕۆڵی هەمیشەی خۆی وەک یەکێک لە دیارترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ناوچەکە.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە هەنگاوێکی ئومێدبەخشە بۆ دەرخستنی یۆڵی پێشەنگی عیراق لە کەرتی وزە، ئاماژەی بەوەشدا کە سەرکەوتن لەم بوارەدا یارمەتیدەر دەبێت لە داڕشتنی دیدگای نوێ بۆ سیاسەتەکانی وزە، و ئاسۆی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ وەبەرهێنان لە بازاڕی عیراق فراوانتر دەکات، هیوای سەرکەوتنی بۆ کۆڕبەندی بەغدا و سەرکەوتنی بۆ بەشداربووان خواست لە گەیشتن بە بڕیارنامەکان کە خزمەت بە پەرەپێدانی کەرتی وزە و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات و ئاواتەکانی گەلان بەدی بهێنێت.
لە بەرانبەردا، ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆک کۆمار و رێزگرتنیان بۆ دیدگا بەنرخەکانی دەربڕی، و ئارەزووی خۆیان بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە ئەرێنییەکان لەگەڵ عیراق لە هەموو سێکتەرەکان دووپاتکردەوە.
کۆڕبەندی نێودەڵەتی وزە، لە بەغدادی پایتەختی عیراق بەبەشداری لێپرسراوانی کۆمپانیا و رێکخراوە جیهانیەکانی وزە بەڕێوە دەچێت.
عیزەت سابیر بریکاری وەزارەتی نەوتی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزیرانی نەوتی چەندین وڵاتی جیاواز و سکرتێری گشتی رێکخراوی ئۆپیک و باڵیۆزی ئەو وڵاتانەی کە کۆمپانیاکانیان لە بوارەی نەوتی عیراقدا کاردەکەن، لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارن، هەروەها لە کۆڕبەندەکەدا تاوتوێی پرۆسەی نەوت و غاز دەکرێت لە عیراقدا، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاریەکان لە بارەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت و غازیش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمهێنانی غاز لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەرەوپیشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە و بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو، بەرهەمهێنانی غازی وشک 700 ملیۆن پێ سێجا زیادی کردوە، بەهەدەرچوونی غازیش بۆ 30٪ی دابەزیوە،هەروەها ئەمساڵیش بڕی یەک ملیۆن تۆن غازی شل هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت.