وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق رایگەیاندوە، بەمەبەستی ساغ بونەوەی بەرهەمی ناوخۆ و رێگریکردن لە بەرزبونەوەی نرخەکان، هاوردەی  11 بەرهەمی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات و ناوی بەرهەمەکانیشی بڵاوکردوەتەوە.

مەهدی زەمەد قەیسی، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، سیاسەتی هاوردەكردن لەسەر بنەمای ساڵنامەی كشتوكاڵییە، كە بەردەوام بەپێی خواست و كەمی بەرهەمی ناوخۆیی  گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پلانی وەزارەتەکەیان بە مەبەستی دڵنیابوون لە رێژەی بەروبووم و رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخەكان، ناوی بەرهەمەکانیشی بڵاوکردوەتەوە، کە چەوەندەر، شەڵغەم، كاهوو، كەلەرم، قەیسی، كولەكە، باینجان، پەتاتە، مریشك، هەنگوین و خورما لەخۆدەگرێت.

لەبارەی تەماتەشەوە وتویەتی؛ لە ئێستادا هاوردەکردنی رێگەپێدراوە، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا هاوردەی قەدەگە بکرێت.

سەبارەت بە پلانی كشتوكاڵی زستانەش راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاندوە، كە روبەڕی دیاریكراو بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی  4.5 ملیۆن دۆنمە، لەو ژمارەیەش 3.5 ملیۆن دۆنمیان پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن و یەك ملیۆن دۆنمیش پشت بە ئاوی سەرزەوی دەبەستێت.