خانمی یەکەم سەردانی کەنیسەی ئەرمەنی ئەرسۆدۆکسی کرد
سام
٢٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەردانی کەنیسەی "مریەمی عەزرا"ـی ئەرمەنی ئەرسۆدۆکسی لە ناوچەی مەیدانی کرد لە شاری بەغداد.
لە میانەی سەردانەکەدا، خانمی یەکەم بە یاوەریی ئەرشیمەندریت ئۆشاکان گوڵگوڵیان، مەترانی پێکهاتەی ئەرمەنی ئەرسۆدۆکس لە عیراق، بەشەکانی کەنیسەکە و شوێنەکانی عیبادەتی سەر بە کەنیسەکەی بەسەرکردەوە، کە بە یەکێک لە کۆنترین کەنیسەکانی بەغداد دادەنرێت و تا ئێستاش بەردەوامە لە ئەنجامدانی پەیامە ئایینی و رۆحییەکەی خۆی.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی ئەم مەڵبەندە ئایینییە دێرینە دەربڕی، کە رۆڵەکانی پێکهاتەی مەسیحی تێیدا رێوڕەسمە ئایینییەکان و قەداس و نوێژەکانیان ئەنجام دەدەن، و جەختیشی کردەوە کە کەنیسە لە پاڵ پێگەی ئایینییەکەیدا، نیشانەیەکی مێژوویی و کەلەپوورییە و بەرجەستەکردنی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عیراقییە.
بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنەکانی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (سەلامی خوای لێبێت)، خانمی یەکەم گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆکی پێکهاتەی ئەرمەنی ئەرسۆدۆکس و سەرجەم خوشک و برایانی مەسیحی کرد، و هیوای جەژنێکی پڕ لە خۆشی و شادی بۆ خواستن، و هیوای خواست عیراق و جیهان لە ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتیدا بن.







