عیراق چەند رێكارێكی گرتووەتەبەر بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ كرێكاری ناوخۆیی
ئاکام
٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق رایگەیاند، بەهۆی كەمكردنەوەی ژمارەی كرێكارە بیانییەكانەوە، هەلی كار بۆ كارمەند و كرێكاری ناوخۆیی زیاتربووە.
حەسەن خوام وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عیراق رایگەیاند، وەزارەت چەند رێكاریكی گرتوەتەبەر بۆ كەمكردنەوەی كرێكار و كارمەندی بیانی لە عیراقدا و زانیارییەكانیان تۆماركراوە و لەو چوارچێوەیەشدا رێگەیان پێنادرێت لە هەموو بوارێكدا كار بكەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بە ئامانجی زیادكردنی دەستی كاری گەنجانی عیراقی هەستاون بە ئەنجامدانی چەند راهێنانێكی پیشەیی و خاوەنكارەكانیش پابەندكراون بە وەرگرتنی كارمەند و كرێكاری عیراقی.
راشیگەیاند، بەردەوام كارگە و شوێنەكانی كار گەڕان و پشكنینیان بۆ دەكرێت و ئەوانەی ڤیزای كاریان بەسەرچووە و ئەوانەشی بەهۆی ڤیزای گەشتەوە لە عیراق كاردەكەن دەستگیر دەكرێن و بەو شێوەیەش هەلی كار بۆ عیراقیەكان لە ئێستادا زیاتربوە .



