كەشناسی عیراق هۆشداری دەدات لە هەڵسانی لافاو لە هەرێمی كوردستان و پێشبینیش  دەکات لە سەنتەری چەند شارێكی هەرێم، لە ناوەراست هەفتەی داهاتوودا بەفر ببارێت.

دەستەی كەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێكی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بارستە هەوایەكی ساردی جەمسەری روو لە عیراق و هەرێم دەكات و ئێوارەی رۆژی هەینی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و باكوری عیراق بارانی بەلێزمە دەبارێت و هەورە بروسكەشی لەگەڵ دەبێت.

کەشناسی رایگەیاندوە، شەوی شەممە شەپۆلێکی بارانی بەلێزمە  هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هۆشداریشیداوە  لە هەڵسانی لافاو بەهۆی زۆری بارانبارینەوە.

دەشڵێت؛ رۆژی یەكشەممە باران لە سەرتاسەری عیراق و هەرێم دەبارێت و پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزن و رەشەبا هەڵدەكات.

ئەوەشیانخستوەتەڕوو، بەگوێرەی پێشبینییەکان، رۆژی دووشەممە بارستە هەوایەكی دیكەی زۆر سارد روو لە عیراق و هەرێم دەكات و پێشبینی بارانی پچڕ پچڕ دەكرێت و بەفر لە ناوچە شاخەویەكان و سەنتەری چەند شار و ناوچەیەك دەبارێت و رەشەبا هەڵدەكات.