دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح لە کریستیانەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، شانازی بە رۆڵی رەسەنی ئەوان لە مێژوو و ئێستای نیشتماندا دەکەن.

لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی لەدایکبوونی مەسیح (د.خ)، سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە کریستیانەکانی عیراق و جیهان کرد و رایگەیاند: "لە کاتێکدا هاوبەشی خۆشییەکانیانین لەم بۆنە پیرۆزەدا، جەخت لە شانازیی قوڵی خۆمان دەکەینەوە بە رۆڵی رەسەنی ئەوان لە مێژوو و ئێستای نیشتمانەکەماندا و بە بەشدارییە نیشتمانی، کولتووری و شارستانییەکانیان".

دکتۆر لەتیف رەشید داوای کردووە وەک تاک و هێزە سیاسییەکان، لەم یادەدا ئیلهام لە بەها و فێرکارییە ئیمانی و مرۆییەکان وەربگرن بۆ بونیادنانی وڵات و بەهێزکردنی پێشکەوتنەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا هاتووە: "هیوادارین ئاشتی، ئارامی، خۆشەویستی و تەبایی، تەواوی عیراق و هەموو جیهان بگرێتەوە".