وەزارەتی ژینگە هۆشداری دەدات لەوەی رێژەی پاشماوە پلاستیکییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی مادەی شێرپەنجەیی، بۆیە حکومەت کار لەسەر بڕیارێک دەکات بۆ قەدەغەکردنی بەرهەمە پلاستیکییەکان.

بەپێی راگەیەندراوێکی بەرپرسانی ژینگە، عیراق بەدەست بەرزیی رێژەی پاشماوەکانەوە دەناڵێنێت و سیستمی جیاکردنەوە و ریسایکلینی نییە، بەجۆرێک رێژەی پاشماوەی پلاستیکی 40%ی کۆی پاشماوەکان پێکدەهێنێت، ئەمەش وایکردووە بەشێوەیەکی کراوە بسووتێنرێن و مادەی "دیۆکسین"ی شێرپەنجەیی لێ دەربچێت.

وەزارەتی ژینگە جەخت دەکاتەوە، پێویستە خۆراک و ئاو و یاریی منداڵان لە مادە پلاستیکییەکان بپارێزرێن، چونکە سەرەڕای ئەوەی عیراق وڵاتێکی نەوتییە، بەڵام پیشەسازیی پترۆکیمیایی لاوازە و زۆربەی پلاستیک هاوردە دەکرێت و تەنیا بۆ یەکجار بەکاردەهێنرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ژینگە، کار دەکرێت بۆ دەرکردنی بڕیارێک بە مەبەستی سنووردارکردنی هاوردەکردن و بەکارهێنانی پلاستیکی "یەکجار بەکارهاتوو"، لە ئێستاشدا بڕیارەکە لەسەر مێزی ئەنجومەنی وەزیرانە.