سەرۆكایەتی كۆمار داوای رێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات و داواش لە لایەنە سیاسییەكان دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ كۆببنەوە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردن پیرۆزبایی لە گەلەكەیان لە هەرێمی كوردستان و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكات كە بەشدارییان لەو پڕۆسە دیموكراسییە گرنگەدا كردووە و ئەو پیشەییبوون و دەستپاكییە بەرزەی كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا نیشانیداوە بەرزدەنرخێنێت.
داواش لە سەرجەم لایەنەكان دەكات لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە بە ئامانجی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەسەر ئەو بنەمایەی كە خزمەتكردنی "گەل" لە پێش هەموو كارەكانیەوە بێت و كاربكات بۆ پتەوكردنی پڕۆسەی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوە و بوژانەوەی ئابوری و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام .
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، هەڵبژاردن جگە لەوەی مافێكی دەستورییە، هاوكات پایەیەكی بنەڕەتی سیستمی دیموكراسی و جێگای شانازییە بۆ هەموو عیراقییەكان، لەم ڕوانگەیەشەوە سەرۆكایەتی كۆمار داوای ڕێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ئیرادەی گەل دەكات و پشتیوانی خۆشی بۆ تەواوكردنی ڕێرەوی دەستوری و دیموكراسی لە هەرێم دووپاتدەكاتەوە بەشێوەیەك كە یەكریزی نیشتمانی پتەوتربكات و خواستەكانی گەل بۆ گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن بەدەستبهێنێت.
فڕۆكەی جەنگییەكانی عیراق چەند بۆردوومانێكی بۆ سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش لە جەبەل بۆر لە پارێزگای كەركوك ئەنجامدا.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بڵاویكردەوە، بۆردوومانەكە درەنگانێكی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە بووە و ئامانجەكانی بە وردی پێكاوە، هەروەها لەناوبردنی حەشارگەی ئەو تیرۆریستانە لێكەوتووەتەوە، كە هاوكار دەبێت لە كەمكردنەوەی هەڕەشە ئەمنییەكان لە ناوچەكە.
ئەو بۆردوومانە دوای ئەوەدێت كە دوێنێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كوژرانی والی داعش و هەشت گەورە تیرۆریستی دیكەی لە چیای حەمرین راگەیاند، جەختیشیكردەوە لەوەی هیچ شوێنێك بۆ تیرۆریستان لە عیراق نییە.
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت سەرەتای ساڵی داھاتوو خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران.
مستەفا کەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، رێککارە یاساییەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ تەواوبووە و چاوەڕواندەکرێت سەرەتای ساڵی داھاتوو خشتەی بودجەکە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە خشتەی بوودجەی ٢٠٢٤ـدا، جەختکراوەتەوە لەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە خشتە داراییەکانی ناو بودجە پێش کۆتایی ئەمساڵ ئاگاداربکرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، لە خشتەی بودجەدا، داھاتی نانەوتی بە بڕی ٢٧ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، بەڵام لەمساڵدا تائێستا داھاتی نانەوتی ھەشت ترلیۆن دیناری تێنەپەڕاندووە و لیژنەی داراییش، داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە، کاربکرێت بۆ زیادکردنی داھاتی نانەوتی لە وڵاتدا.
بڕیارە سبەینێ دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، لە سکاڵاکەدا داواکراوە نرخی بەرمیلێک نەوت کە لە ھەرێم بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت لە ١٠٤ ھەزار دینارەوە بۆ ٣٠ ھەزار دینار کەمبکرێتەوە.
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە سبەینێ دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵایەکی تایبەت بە ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، کە لەلایەن ١٠٢ ھاووڵاتی ھەرێمەوە تۆمارکراوە و تێیدا داواکراوە، رێوشوێنەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبارەی دیاریکردنی نرخی نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی ھەرێم بە ٥٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک بە نادروست لەقەڵەمبدرێت.
ھەروەھا لە سکاڵاکەدا داواکراوە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە دابینکردنی نەوتی سپی جیاوازی ناکات لەنێوان پارێزگاکانی عیراق و ھەرێمی کوردستان و نەوتی سپی بە ١٥٠ دینار بۆ ھەر لیترێک، بۆ پارێزگاکانی ھەرێم دابینبکرێت کە دەکاتە ٣٠ ھەزار دینار بۆ ھەربەرمیلێک.
ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم نرخی بەرمیلێک نەوت بە ١٠٤ ھەزار دینار بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەشدەکات.
د.لەتیف رەشید، سەرککۆماری عیراق پێشوازیکرد لە یاسر مالیکی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران.
لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆكکۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لەپێناو بەهێزکردنی رۆڵی یاسادانان و چاودێریکردن، هەروەها پەسندکردنی یاساکان کە کارئاسانی دەکەن بۆ حکومەت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و هەوڵەکانی بە ئاراستەی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.
لای خۆیەوه سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەران جەختیکردەوە له گرنگی کارکردن بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەی دەبنەهۆی باشترکردنی دۆخی ئابووری و خزمەتگوزارییەکان بە ئامانجی پەرەپێدانی ئاستی ژێرخانی ئابوری و دەستەبەرکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و کۆمەڵگە.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دووجار هێرشیانكردووەتە سەر دوو ئامانج لە ئیسرائیل.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ بە درۆن هێرشیانكردووەتە سەر شاری تەبریا و پێگەیەكی سەربازی دیكە لە ئیسرائیل. دەشڵێت، ئەو هێرشە وەڵامێكە لە دژی بۆردومانكردنی خەڵكی فەڵەستین و لوبنان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەكاتی بەردەوامبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان ئەوانیش لە هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بەردەوامدەبن، تائێستاش ئیسرائیل هیچ زانیاریەكی لەبارەی ئەو هێرشانە بڵاونەكردوەتەوە.
دادگای تاوانەكانی مووسڵ بە تۆمەتی پێشێلكاری و بوونی گەندەڵی سزای شەش مانگ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری شارەوانیی موسڵ و پارێزگاری پێشوو دەركرد.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی عیراق، دادگای تاوانەكانی مووسڵ، سزای شەش مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو و سزای دارایی بۆ عەبدولستار ئەلحەبو بەرێوەبەری شارەوانی موسڵ دەركرد، بەتۆمەتی پێشێلكاریی و بەكرێدانی دوكانەكانی لە دەرەوەی ڕێكارەكان.
هەروەها دادگای تاوانەكانی موسڵ سزای شەش مانگ زیندانی هەڵپەسێردراوی بۆ نەجم جبوری، پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەركرد لەگەڵ سزای دارایی، بە تۆمەتی گواستنەوەی یاریگای وەرزشی بە سەرپێچی یاسایی.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات رۆژی شەممەی داهاتوو كۆببنەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی ئەنجومەنەكە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە نوسینگەی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە ئەنجامداوە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش ئامادەی بووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد رۆژی شەممەی داهاتوو كۆببنەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە نزیكەی ساڵێكە لە دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، رۆڵی حكومەتی عیراق بەرز راگیرا سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و چەسپاندنی ئاسایش و دەستگیركردنی داواكراوان، هەروەها بیروڕاكان سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەكانی عیراق و ناوچەكە و جەنگی فەلەستین و لوبنان تاوتوێكران.
نزیکەی ساڵێک دەبێت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچووە ، ئێستا وەزارەتی دارایی عیراق رازی بووە لیژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ خەرجکردنی پارەی کارمەندانی کۆمیسیۆن، کە ھەندێکیان ١٥٠ ھەندێکی تریان ٢٥٠ ھەزار دیناریان پێ ئەدرێت.
رێکارەکەشی بەم شێوەیەیە ھەژمارێکی بانکی کاتی و خەرجکردنی پارەی کارمەندانی کۆمیسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لیژنەکە لەلایەن بەڕێوەبەری گەنجینەی داراییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بە ئەندامێتی پارێزگاران و بەڕێوەبەرانی بەشی دارایی و پشکنین و نوێنەری کۆمیسیۆن کاروبارەکانی جێبەجێدەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، پارەی کارمەندانی کۆمیسیۆن بە ھاوپێچکراوی لەگەڵ لیستی ناوەکانیاندا لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرجدەکرێت.
ھاوکات، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پارەی ھەر کارمەندێکی کۆمیسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەنێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ ھەزار دیناردایە.
وەزیری کشتوکاڵی عیراق داوای زیادکردنی تواناکان دەکات بۆ سەرخستنی پلانی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرھەمھێنانی گەنم.
عەباس جەبر مالیکی وەزیری کشتوکاڵی عیراق لە راگەیەنراوێکدا داوای زیادکردنی توانا و ھەوڵەکانی کرد بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی سەرکەوتنی وەرزی کشتوکاڵی زستانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ بۆ گەشەپێدانی بەروبوومی گەنم، ئەوەش لە رێی ئەنجامدان و تەواوکردنی دابەشکردنی تۆوی گەنم لە سەرتاسەری پارێزگاکان.
راشیگەیاندوە، لەڕێگەی ئەنجومەنی نیشتمانی تۆوەوە ڕێنماییەکانیان دەرکردووە بۆ پاککردنەوەی تۆوی گەنم بە زووترین کات، بەمەبەستی تەواوکردنی ھەڵمەتەکانی دابەشکردنیان، ھەوڵی زۆریشیان داوە بۆ بەردەوامییدان بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی حکومەت بەڕێژەی ٧٠% کە دەبێتە ھۆی گەیشتن بە خودبژێوی و زیادکردنی بەرھەمھێنانی بەرھەمی ستراتیژی گەنم، ھاوشێوەی دوو ساڵی ڕابردوو.
سەرۆككۆماری عیراق جەختدەكاتەوە لە پشتیوانیكردنی وەزارەتی داد لە بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی بنەماكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ.
د.لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە خالید شوانی وەزیری داد و گفتوگۆیانكرد لەبارەی هەوڵەكانی وەزارەتی داد بۆ باشتركردنی رەوشی زیندانەكان و گرنگیدان بە دەزگاكانی دادوەریی و ئاسانكاری لە میكانیزمی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێن.
سەرۆككۆمار جەختیكردەوە لە پشتیوانی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ رێوشوێنەكانی وەزارەتی داد لە بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی بنەماكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ.
وەزیری دادی عیراقیش پوختەیەكی لەبارەی كاری فەرمانگەكانی دادوەریی و پلانەكانی باشتركردنی كاركردن لە ناو وەزارەتەكەی پێشكەشكرد.
هێزە ئەمنییەكانی بەغداد باندێكیان دەستگیركرد كە دراوی ناوخۆیی و بیانی ساختەیان پێبووە و ویستویانە ساغی بكەنەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە بەغداد رایگەیاند، هێزێكی ئەمنی توانیویەتی لە ڕێگەی دانانی بۆسەیەكی ورد لەناوچەی سەدر لە بەغداد، هەشت كەس دەستگیربكەن كە زیاتر لە هەشت ملیۆن و دیناری جۆری 25 هەزاری و شەش ملیۆن دیناری چاپی هەزاری و 50 هەزار دیناری و هەزار یۆرۆی ساختەیان پێبووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ئەو بڕە پارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ساختەن، رێوشوێنی یاساییش بەرامبەر تۆمەتبار گیراوەتەبەر.
پلەكانی گەرما لەسەرجەم شارەكانی عیراق دادەبەزن و جگە لە پارێزگای بەسرە پلەی گەرمای سەرجەم پارێزگانی تر لە خوار 30 پلەوە دەبن.
دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق رایگەیاندووە، شەپۆلەكانی گەرما كۆتاییان هاتووە و وەرزی سەرما و دابەزینی پلەكانی گەرما دەستیپێكردووە، بەشێوەیەك لە سبەینێوە پلەكانی پلەكانی گەرما رۆژ لە دوای رۆژ دابەزن و لەئێستا جگە لە پارێزگای بەسرە كە پلەی گەرما ٣٠ پلەیە، لەهەر ١٧ پارێزگای تری عیراق پلەی گەرما لە خوار ٣٠ پلەی سەدییەوەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەوەی تا رۆژی هەینی لەسەرجەم ناوچەكانی عیراق ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەكان و هەندێك ناوچەی باكووری رۆژهەڵات پێشبینی بارانبارین دەكرێت.
لە بەردەوامی هێرشەكانیاندا، مقاوەمەی ئیسلامی هێرشی كردەوە سەر پێگەیەكی سەربازی ئیسرائیل.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشێكیان بۆ سەر پێگەیەكی سەربازی ئیسرائیل لە جولان ئەنجامداوە.
راشیانگەیاند، هێرشەكانیان لە بەردەوامی پشتیوانییەكانە بۆ سەرخستنی گەلی فەلەستین و لوبنان، لە دژی ئەو كۆمەڵكوژی و بۆردوومانانەی ئیسرائیل دەیكاتە سەر ئەو دوو وڵاتە.
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەكە درۆنێكی خستووەتە خوارەوە كە لە رۆژهەڵاتەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل كراوە، كە ئاماژەیەك بووە بۆ ئەو هێرشەی لە عیراقەوە كراوە.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق رایگەیاند، رێژەی باران بارین لە زستانی ئەمساڵدا كەمتر دەبێت لە ساڵی رابردوو ، بەڵام یەدەگی ئاوی وڵاتەكە بە بڕی 10 ملیار مەتر سێجا زیادیكردووە .
عەون زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەكان لەزستانی ئەمساڵدا بڕی باران كەمتر دەبێت بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەڵام ئاوی بەنداوەكانی حەدیسە و حەمرین و دوكان و دەربەندیخان حەبانیە و سەرسار بڕێكی گەورە ئاوی یەدەگەیان تێدایە كە 40 ملیار مەتر سێجا تێدەپەرێنێت.
وتیشی یەدەگی ئاو ئەمساڵ 10 ملیار مەتر سێجا لە پێشتر زیاترە .
سودانی پەیامێكی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و هیوادارە رێوشوێنەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم جێبەجێبكرێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پەیامەكەیدا دەڵێت، بەردەوامی هەڵبژاردنی بژاردە دیموكراسییەكان بۆ هاوڵاتییان لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق، جەختكردنەوەیە لە بەهای دیموكراسی و باوەڕبوون بە دەساودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و چەسپاندنی بنیادنانی دەستوور، هاوكات دەستكەوتێكە بەبێ قوربانیدانەكانی عیراق بۆ ئازادی و سەروەری و سەربەخۆییان بەدەست نایەت.
دەشڵێت، هەوڵەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بەرزدەنرخێنن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا، هیوادارن رێوشوێنەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم جێبەجێبكرێت و درێژەبدرێت، بە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی هەرێم و خزمەتكردنی هاوڵاتییانی.