لە روبەروبونەوەیەکی چەکداریدا، لە نێوان پۆلیسی کەرکوک و ژمارەیەک بازرگانی مادەی هۆشبەر، پۆلیسێک و دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریش کوژران.

کاروان محەمەد، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گوندی بیرئەسپان نزیک ناحیەی پردێ، شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیس روو بەڕووی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر بوونەوە و دوانیان کوژراون، لە بەرانبەردا پۆلیسێکیش گیانی لەدەستداوە و پۆلیسێكی تریش بریندارە.

بە گوێرەی زانیاریەکان، دوای بەدواداچونی هێزە ئەمنییەکان، لە گوندی بیرئەسپان، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی بازرگانەکان دەدرت و دوای ئەوەی داوایان لێدەکرێت خۆیانبدەن بەدەستەوە، یەکیان خۆی دەدات بەدەستەوە و دوانەکەی تر تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردوە.

لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەکەدا، کارمەندیكی هێزە ئەمنییەکان دەکوژرێت و کارمەندێکی تر بریندار دەبێت، دوو بازرگانەکەی تریش دەکوژرێن.

پەیامنێری کوردستان نیوز ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی  زانیاریەکان، ئەو بازرگانانە لە دەرەوەی کەرکوکەوە مادەی هۆشبەریان هێناوە و لە ناو کەرکوک و پارێزگاکانی تر ساغیان کردوەتەوە.