سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ محەمەد حەسان خواست لە ئەرکی داهاتوویدا
سام
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
سەرۆک کۆمار پێشوازی لە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 12ـی 2025، لە شاری سلێمانی پێشوازی لە محەمەد حەسان نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ستایشی ئەو هەوڵانەی محەمەد حەسان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عیراق و بەشداریکردن لە چەسپاندنی بناغەکانی ئاسایش و سەقامگیری، جەختیکردەوە کە کۆتایی هاتنی ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هاوکاری و هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردوولایە و سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ محەمەد حەسان خواست لە ئەرک و هەوڵی داهاتوویدا.
لای خۆیەوە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی کە بەردەوام پشتیوانی لە کارەکانی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕۆڵی لە پتەوکردنی هاریکاری نێوان عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کردوە.



