د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی بیست و سێیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر ئەلحەکیم و یادکردنەوەی رۆژی شەهیدانی عیراق رایگەیاند، وڵات قۆناغە سەختەکانی تێپەڕاندووە و لە ئێستادا ئەرکە لەسەر هەمووان پابەندی کاتە دەستورییەکان بن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر.
سەرۆک کۆمار لە پەیامێکدا رایگەیاند: "یادی ئازاربەخشی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر حەکیم دەکەینەوە، کە سیمبولێکی گەورەی ئاینی و نیشتمانی بوو لە خەباتکردن دژی دیکتاتۆرییەت". ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی چیرۆکی پاڵەوانێتی و قوربانییەکانی شەهیدان و زانایان بۆ نەوەی داهاتوو، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئەمنی، سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە عیراق دوای ساڵانێک لە توندوتیژی و تیرۆر و پێشتریش سەردەمی دیکتاتۆری، قۆناغە سەختەکانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە دۆخی سەقامگیری و ئارامی، بۆیە پێویستە هەمووان کار بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتە بکەن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا د.لەتیف رەشید وتی: "گەلەکەمان هەڵبژاردنێکی پەرلەمانیی سەرکەوتووی ئەنجامدا و پابەندبوونی خۆیان بە دیموکراسییەوە دووپاتکردەوە، ئێستاش لەبەردەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوەداین بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن".
سەرۆک کۆمار داواشی کرد هەمووان پابەندی کاتە دەستورییەکان بن و هەوڵەکان یەکبخەن، تاوەکو حکومەتێک پێکبهێندرێت نوێنەرایەتی سەرجەم عیراقییەکان بکات، چونکە چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی ئەرکێکی نیشتمانییە.
د.لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار، پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان کرد بەبۆنەی هاتنی جەژنی رۆژووەوە، هاوکات ئاماژەی بە قووڵیی رەگ و ریشەی مێژوویی و رەسەنایەتی پێکهاتەی ئێزیدی لە عیراقدا کردوە، جەختیکردوەتەوە لە پێویستیی گەڕاندنەوەی مافەکانیان و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان بەرانبەریان و کارکردن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوان و بێسەروشوێنبووان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆک کۆمار لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوتەوە و تێیدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی هاوڵاتییە ئێزدییەکانی عیراق و جیهان دەکات بەبۆنەی هاتنی جەژنی رۆژووەوە، هیواشی خواستوە جەژنێک بێت کە لە ماناکانیدا هیوا و ئاشتی هەڵگرتبێت، بەرجەستەی ئەو بەها رۆحییانە بکات کە ئەم رۆژووە پیرۆزە بانگەشەی بۆ دەکات.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم بۆنە ئاینییە جەخت لە قووڵیی رەگ و ریشەی مێژوویی و کولتووریی پێکهاتەی رەسەنی ئێزیدی دەکاتەوە و ئەوان پێکهاتەیەکی چەسپاوی عیراقن، هەروەها داوای كرد هەوڵەكان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، قەرەبووكردنەوەی قوربانییان و سزادانی تاوانباران چڕتر بكرێنەوە.
د. لەتیف رەشید، جەختیکردوەتەوە لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی مافەکانیان و بەدەستهێنانی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان و کارکردن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوان و بێسەروشوێنبووانی ئێزیدی..
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق دوێنێ چوارشەممە سەردانی ماڵێکی کەلەپوری کرد لە ناوچەی کەرادە مریەم لە بەغداد، ئەو ماڵە ئەو شوێنەیە کە رۆماننووسی بەریتانی ئاگاتا کریستی و هاوسەرەکەی شوێنەوارناس ماکس مالۆوان تێیدا ژیاوە.
خانمی یەکەم ئەو خانووە وێرانەی بەسەرکردەوە و گوێی لە روونکردنەوەیەکی وردی مێژوو و گرنگی کولتووری و مێژوویی گرت وەک هێمایەکی دیار لە یادەوەریی کۆمەڵی عیراقی بە گشتی و بەغدادییەکان بەتایبەت ماوەتەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد نیگەرانی قوڵی خۆی دەربڕی لە رەوشی ئێستای ئەو شوێنە کەلەپورییە کە لە ئەنجامی پشتگوێخستن و گرنگینەدان بەم کەلەپورە گرنگە و هێما کەلتوورییە گەیشتوە بەم ئاستە.
ماڵەکە یادەوەرییەکانی رۆماننووسی بەناوبانگی جیهانی ئاگاتا کریستی لەخۆدەگرێت و وەک سەرچاوەی ئیلهام بەخش کە چەندین بەرهەمی نوسیوە لەوانە رۆمانی "هاتن بۆ بەغداد".
خانمی یەکەم داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە و پلانی کردەیی دابڕێژن بە ئامانجی پاراستن و پاراستنی شوێنەوار و شوێنە کولتوورییەکان کە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی بەغداد پێکدەهێنن، جەختیکردەوە لە گرنگی نۆژەنکردنەوەی ئەم خانووە و گۆڕینی بۆ مۆزەخانە، کە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی کەلەپوری مێژوویی و کەلتووری بەغدادی پایتەخت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، فۆڕمی داواكاری بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە بەكارخست.
حەیدەر محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەڵبژاردنی بەسرە رایگەیاند، كۆمیسیۆنەكەیان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەگەرخستنی فۆرمی داواكاری بە هەرێمبونی بەسرە، وتیشی، بەپێی یاسایی 2ی كۆمیسیۆنەكەیان، ئەو لایەنەنانە دیاریكراوە كە دەسەڵاتیان پێدراوە بۆ پێشكەشكردنی داواكاری رەسمی بۆ دامەزراندنی هەر هەرێمێك ، ئەوانیش ئەنجومەنی پارێزگاكانە كە لە رێگەی داواكارییەكی یەك لەسەر سێی ئەندامەكانیانەوە پێشكەش دەكرێت.
رێگای دووەمیش لە رێگای دەنگدانەوەیە یەك لەسەر دەی دەنگدەرانی پارێزگاكە ئەو داوایە دەكەن.
ڕوونیشی كردەوە، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی توانایان نییە بە ناوی خۆیانەوە وەك قەوارەی یاسایی داواكاری پێشكەش بكەن بۆ دامەزراندنی هەرێمی بەسرە، بەڵام ئەندامەكانیان، وەك دەنگدەر دەتوانن بەشداری پڕۆسەی دەنگدانەكە بكەن.
كۆنگرێسمانێكی ئەمریكا رایگەیاند، بە هاوكاری مارك ساڤایە جارێكی دیكە عیراق مەزن دەكەنەوە و ئازادی دەكەن.
جۆ ویڵسن ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا كە سەر بە كۆمارییەكانە، لە ئێكسێكدا وێنەیەكی لەگەڵ مارك ساڤایا نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عیراق، بڵاوكردۆتەوە و ئاشكرایكردوە، لە ئۆفیسەكەی خۆیدا كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ مارك ساڤایا ئەنجامداوە بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ئەو وڵاتە و ئاسۆی رۆڵی ئەمریكا لە قۆناغی داهاتوودا.
ویڵسن جەختی لەوەشكردەوە كە ساڤایا بە دروشمی "عیراق دووبارە مەزن دەكەینەوە و لە ئێران رزگاری دەكەین" دەستبەكارەكانی دەكەن وەك خۆی دەڵێت.
لای خۆشیەوە "مارك ساڤایا" لە پۆستێكدا نووسیویەتی كۆبوونەوەیەكی گەورەی لەگەڵ جۆ ویڵسن و تیمەكەی ئەنجامداوە، هەر وەك چۆن سەرۆكی ئەمریكا لە هەڵبژاردنەكاندا دەیوت ئەمریكا مەزن دەكەینەوە بە هەمانشێوە عیراق مەزن دەكەنەوە.
دوای 30 ساڵ كۆنگرێسی ئەمریكا مۆڵەتی رێگەپێدانی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی عیراق هەڵوەشاندەوە و وەزارەتی دەرەوەش پێشوازی لێدەكات.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا، پێشوازیان لە دەنگە مێژووییەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا كردوە، لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران، بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەكانی ساڵی 1991 و 2002 بۆ رێگەپێدانی بەكارهێنانی هێزی سەربازی دژی عیراق.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەوپەڕی پەرۆشیەوە چاوەڕوانی ئەوە دەكەن ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئیمزای لەسەر ئەو هەڵوەشاندنەوەیە بكات و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەو مۆڵەتانە كە ماوەی 30 ساڵە بەردەوامە، ئاماژەیە بۆ گۆڕینی كۆمەڵێك سیاسەتی یاسایی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتەكەیان، هەروەها وەرچەرخانێكی بنەڕەتی دەبێت لە گۆڕینی پەیوەندیە یاسایەكانی نێوان هەردوو وڵات.
رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریكا بە زۆرینەی دەنگی بودجەی ساڵانەی بەرگریی وڵاتەكەی پەسند كرد، رەوانەی سەرۆكی ئەمریكای كرد بۆ ئیمزاكردنی، لە گرنگترین خاڵەكانی ناو پرۆژەیاساكەش هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی رێگەپێدانی بەكارهێنانی هێزی سەربازیە دژی عیراق.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی بە بڕی 901 ملیار دۆلار پەسەند کرد و رەوانەی بەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی کرد بۆ ئیمزاکردن؛ لەناو یاساکەدا بڕگەیەک جێگیرکراوە کە کۆتایی بە "دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێز" دژی عیراق دەهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی پیران بە زۆرینەی 77 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 20 دەنگی نەخێر، بودجەی ساڵانەی بەرگری (NDAA)ـی پەسەند کرد. یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی یاساکە، هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی "رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی (AUMF)"ـە، کە لە ساڵانی 1991 و 2002 بۆ جەنگی کەنداو و پرۆسەی ئازادیی عیراق بە حکومەتی ئەمریكا درابوو.
وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە بڕیارەکە کرد و بە "هەنگاوێکی مێژوویی" وەسفی کرد، ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم بڕیارە خاڵێکی وەرچەرخانە لە سروشتی پەیوەندیی یاسایی نێوان هەردوو وڵات و چاوەڕوانین سەرۆک ترەمپ یاساکە ئیمزا بکات".
وەزارەتی بەرگریی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و باس لە روودانی تەقینەوە دەکەن لەناو "بنکەی ئاسمانی شەهید محەمەد عەلا".
وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە، دۆخی ئەمنیی بنکەکە تەواو جێگیرە و هیچ رووداوێکی تەقینەوە رووینەداوە کە کاریگەری لەسەر رەوتی کارکردنی بنکەکە هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگری هۆشداریدەدات کە رێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو لایەنانە دەگرنەبەر کە هەواڵی ناڕاست بڵاودەکەنەوە و دەبنە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتیاندا.
دەزگای دژە تیرۆری عیراق، بڵاویکردوەتەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و بەدواداچوون بۆ پاشماوەی باندە تیرۆریستییەکانی داعش، توانیویانە لە ئەنجامی زنجیرەیەک ئۆپراسیۆن شەش ئەندامی داعش دەستگیر بکەن، کە چواریان لە سنوری پارێزگای کەرکوک بووە.
ئاماژەیان بەوەکردوە، بە هاوکاری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عیراق، توانیویانە چوار تیرۆریست لە سنوری پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن، کە کاریان گواستنەوەی شتومەک بووە بۆ گروپە چەکدارەکانی داعش.
وەک لە راگەیەندراوەکی دەزگای دژە تیرۆردا هاتووە، دوو ئەندامەکەی دیکەش لە دوو ئۆپراسیۆنی جیادا و یەکیان لە موسڵ و ئەوی دیکەیان لە بە غداد دەستگیرکراوەن.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پاککردنەوەی حەشارگەکانی پاشماوەی گروپەکانی داعش، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی کۆماندۆی سلێمانی، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی گەڕان و کیوماڵکردنیان لە سنوری کەرکوک ئەنجامداوە و لە سنوری چیای حەمرینیش شەش حەشارگە و شوێنی سەر بە گروپە تیرۆرستیەکانی داعشیان تێکداوە.
وەزارەتی تەندروستی عیراق فۆڕمی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی چەند بەشێكی پزیشكی و تەكنیكی كارا كرد و دامەزراندنەكە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی عیراق بڵاویكردەوە، لەسەر بڕیار و راسپاردەی ساڵح مەهدی وەزیری تەندروستی، فەرمانگەی پلاندانان و پەرەپێدانی سەرچاوەكان سەر بە وەزارەتی تەندروستی، فۆڕمی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی عیراق كارا كردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، دامەزراندنەكە بۆ پسپۆڕییەكانی پزیشكی ددان و دەرمانسازی و كۆلێژە تەكنیكییەكان، لەگەڵ پەیمانگا پزیشكی و تەندروستی و تەكنیكییەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 دەبێت.
وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، فۆڕمی دامەزراندنەكە بۆ ماوەی یەك مانگ كارا دەبێت و خوازیارانی دامەزراندنەكە دەتوانن فۆڕمی دامەزراندنەكە بەشێوەی ئۆنڵاین لە ماڵپەڕی وەزارەتی تەندروستی عیراق پڕبكەنەوە،
راشیگەیاندووە، دامەزراندنەكە لە دوای پەسەندكردنی خشتەی بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراق دەستپێدەكات و لەسەر بنەمای پێداویستی وەزارەتەكەیان دەبێت.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هاندەرانی دەکات بەبۆنەی دەستنیشانکردنی هاندەرانی زاخۆ لەلایەن فیفاوە وەک باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک کۆمار...........
بەڕێزان سەرۆک و دەستەی کارگێڕی و هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ
پیرۆزباییی گەرمتان لێدەکەین بە بۆنەی دەستنیشانکردنی هاندهرانی دڵسۆزی یانەی زاخۆ لهلایهن فیفاوه وەک باشترین و کاریگەرترین هاندهر لەسەر ئاستی جیهان.
ئەم دەسکەوتە، تەنها سەرکەوتنێک نییە بۆ یانەی زاخۆ، بەڵکوو شانازییە بۆ تەواوی بزووتنەوەی وەرزشی لە هەرێمی کوردستان و عیراق.
هیوای سەرکەوتن بۆ یانەی زاخۆ و سەرجەم یانەکانی کوردستان و عیراق و هاندەرانیان ئەخوازم لە پێناو پێشخستنی وەرزش و چەسپاندنی گیانی ئاشتی و برایەتی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا.
شاد و سەرکەوتو بن
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، مەرسومی کۆماری بۆ بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرد بۆ ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم.
بەپێی مەرسومەکە کە ژمارە (54)ی لەسەرە و ئەمڕۆ 16ی کانونی یەکەم ئیمزای سەرۆک کۆماری لەسەر کراوە، بڕیاردراوە رۆژی دووشەممە، رێکەوتی 29ـی 12ـی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو بەڕێوەبچێت.
لە مەرسومەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە پاڵپشت بە مادەی (54) و بڕگەی چوارەم لە مادەی (73)ی دەستور و دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای باڵای ئیتیحادییەوە دەرکراوە.
هەر بەپێی دەقی مەرسومەکە، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن بەڕێوەدەچێت و فەرمانەکە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی رەسمی بڵاودەکرێتەوە.
وەزیری ژینگەی عیراق زەنگی مەترسی پیسبوونی ژینگە لێدەدات و رایدەگەیەنێت، بە توندی رووبەڕووی سەرپێچیكاران دەبنەوە.
هەڵۆ عەسكەری وەزیری ژینگەی عیراق ئاشكرایدەكات، وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاستی ئاو، پیسبوونی ژینگەی عیراقی گەیاندووەتە ئاستێكی مەترسیدار.
دەشڵێت، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشەكە، حكومەت بڕیاریداوە یاساكانی ژینگە بە زەبری هێز جێبەجێ بكات، ئەمەش لەڕێگەی داخستنی دەستبەجێی كارگە نایاساییەكان و دانانی وێستگەی چاودێریی ورد بۆ هەوا.
هاوكات ئاماژەی بەوەشكردووە، بەغداد گفتوگۆی چڕی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەستپێكردووە تا بەشە ئاوی عیراق زیاد بكەن و ڕێگە لەو كارەساتە ژینگەییە بگرن كە هەڕەشە لە خاك و ئاوی وڵاتەكە دەكات.
کەشناسی عیراق ئاشکرایکرد، لەسبەینێوە تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.
دەستەی کەشناسی عیراق رایگەیاند، لە کاتەکانی بەرەبەیانی سبەینێوە تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکانی وڵات دەگرێتەوە و مەودایی بینین بە تەواوەتی کەمدەبێتەوە.
کەشناسی هۆشدارییدا لە سەختی و مەترسی لە هاتوچۆکردن لەسەر رێگاوبانەکانی دەرەوە بەتایبەت لەکاتەکانی بەرەبەیاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکەی نیوەڕۆ کاریگەری تەمەکە بەرەو لاوازبوون دەڕوات.
هاوکات کەشناسی هەرێم رایگەیاندووە، ئەو تەم ومژەی ئێستا کە سەنتەری پارێزگای هەولێری گرتوەتەوە تاسبەی بەیانی سەعات 10 بەردەوامی دەبێت، هەروەها ئەمشەو کاریگەریەکەی زیاد دەبێت و بەگشتی مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ یەک کم، لە هەندێک شوێن کەمتردەبێتەوە بۆ کەمتر لە 100 مەتر.
سەرۆك وەزیرانی عیراق لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئەوەی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم پێداچوونەوە بە داهاتی نا نەوتیی هەرێم.بكات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وزاری ئابوری كرد لە بەغداد كە تایبەت بوو بە خەرجییەكانی حكومەت و زیادكردنی داهاتەكان.
نوسینگەی سودانی رایگەیاند، سودانی لە كۆبونەوەكەدا بە فەرمانێكی وزاری لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە داهاتی نانەوتیی هەرێم بكرێت كە ئێستا بەشێوەی مانگانە ئەو داهاتە بۆ بەغداد دەنێردرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، كار لەسەر یەكخستنی دەرماڵە و موچەی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەران بكرێت و راپۆرتێك لەسەر ئەو بابەتە ئامادە بكرێت.
راشیگەیاند، هەماهەنگی لە نێوان دەستەی گومرگ و بانكی ناوەندیی دەكرێت و كۆكردنەوەی داهاتی كارەبا و سەرجەم سێكتەرەكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی بێت بە ئامانجی یەكخستنی داهاتەكان.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەم پێشوازی کرد، لە حەیدەر عەبدولوەهاب چالاکوانی مەدەنی و لە دیدارەکەدا خانمی یەکەم وێرای ستایشکردنی هەوڵەکانی حەیدەر عەبدولوەهاب، جەختیکردەوە لە گرنگی زیاتری دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتی بە مەبەستی پاراستنی پاشخانی کەلتووری عیراق.
ئەمڕۆ دووشەممە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق لە کۆشکی سەلام، پێشوازیکرد ، لە چالاکوانی مەدەنی حەیدەر عەبدولوەهاب عەبدولئەمیر،لە سەرەتای دیدارەکەدا خانمی یەکەم ستایشی هەوڵەکانی ئەو چالاکوانە مەدەنییە و تیمەکەی کرد لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی شوێنەوار و پەیکەر و پاراستنی کەلەپور و فەرهەنگی وڵات.
هاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی دەستپێشخەریی کۆمەڵایەتی، کە بەشدارن لە پاراستنی پاشخانی کەلتووری عیراق وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی، کە ئەرکی هەمووانە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەی دا بە پێویستی گرنگیدان بەو شوێنەوار و پەیکەرانەی کە مێژوو و هێماکانی عیراق بەرجەستە دەکەن، هەروەها بۆ ئەو کارە هونەری و دیوارە رەنگاوڕەنگانەی کە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە دەڕازێننەوە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێگەی کەلتووری و شارستانی عیراقدا بگونجێت.
لای خۆیەوە، حەیدەر عەبدولوەهاب عەبدولئەمەیر سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دیداری خانمی یەکەم دەربڕی و رونیکردەوە کە خۆی و تیمەکەی کارەکانی پاککردنەوە و چاکسازییان لەسەر مۆنۆمێنتی "دەربازکردنی رۆشنبیری عیراق" تەواوکردووە، کە لەلایەن هونەرمەند و پەیکەرتاشی کۆچکردووی عیراق محەمەد غەنی حیکمەت لە بەشی کەرخی بەغداد دروستکراوە.
عەبدولئەمەیر داوای لە گەنجان و دانیشتوانی شارەکە کرد، کە بەشداری بکەن لە پاراستنی ئەم شوێنەوارە کەلەپورییە، بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی ئەوان وەک ڕەنگدانەوەی ناسنامە و مێژووی کەلتووری عیراق.