ترەمپ بە رۆژ و کاتژمێر "دوایین مۆڵەت"ی بۆ حەماس دیاریکرد
راهۆز
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، پێویستە تا کاتژمێر شەشی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە کاتی واشنتن(کاتژمێر 1ی بەیانیی رۆژی دووشەممە بە کاتی هەولێر)، رێککەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە غەززە بکرێت.
ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکەن، بە روفاتی کوژراوەکانیشەوە! پێویستە تا ئێوارەی یەکشەممە کاتژمێر (6)ی ئێوارە بە کاتی واشنتن دی سی، رێککەوتن لەگەڵ حەماس بکرێت. هەموو وڵاتێک (پلانەکەی) واژۆ کردووە".
لە پۆستەکەیدا دەڵێت: "لەسەر بەختی حەماس، دوایین دەرفەتیان پێدەدرێت. وڵاتە گەورە و بەهێز و زۆر دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دەوروبەری، لەگەڵ ئەمریکا و بە رەزامەندیی ئیسرائیل، دوای 3 هەزار ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر ئاشتی رێککەوتوون".
هەروەها دەڵێت: "ئەم رێککەوتنە ژیانی هەموو چەکدارە بەجێماوەکانی حەماسیش دەپارێزێت. وردەکارییەکانی بەڵگەنامەکە بۆ جیهان ئاشکرایە و بۆ هەمووان رێککەوتنێکی گەورەیە. بە هەر شێوەیەک بێت ئاشتیمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت. توندوتیژی و خوێنڕشتن دەوەستێت".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە: "وەک تۆڵەیەک بۆ هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر، پێشوەختە زیاتر لە 25 هەزار چەکداری حەماس کوژراون. زۆربەی ئەوانەی ماونەتەوە لە روی سەربازییەوە گەمارۆ دراون و تەنها چاوەڕێی ئەوە دەکەن من فەرمانی 'بڕۆ' بدەم، بۆ ئەوەی ژیانیان بەخێرایی لەدەست بدەن".
وتیشی: "ئەوانەی تریش، دەزانین لە کوێن و کێن، راودەنرێن و دەکوژرێن".
ترەمپ هۆشداری دا و وتی: "ئەگەر ئەم رێککەوتنە، کە وەک دوایین دەرفەتە، جێبەجێنەکرێت، دۆزەخ هەڵدەگیرسێت، بە شێوەیەک کە پێشتر کەس نەیبینیوە دژی حەماس".
ترەمپ داوای لە "هەموو فەڵەستینییە بێتاوانەکان" کرد "دەستبەجێ ئەو ناوچەیە بەجێبهێڵن کە لەوانەیە لە داهاتوودا مەرگێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و بچنە بەشە ئارامترەکانی غەززە. چاودێریی باش بۆ هەمووان دابین دەکرێت".
پێشتر لە رۆژی هەینیدا، سەرکردەیەکی حەماس رایگەیاندبوو کە بزووتنەوەکە پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ لێکۆڵینەوە لە پلانە مشتومڕاویەکەی ترەمپ.
سەرکردەکە بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی وت: "حەماس هێشتا بەردەوامە لە گفتوگۆکان سەبارەت بەو پلانەی ترەمپ کە پێشکەشی بزوتنەوەکە کراوە و ناوبژیوانانی ئاگادار کردووەتەوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن و پێویستیان بە کات هەیە".
پلانەکە کە ترەمپ رۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد، لەسەر وەستانێکی دەستبەجێی شەڕ لە کەرتی غەززە رادەوەستێت هەر کە هەردوو لایەنی ناکۆک رەزامەندی لەسەر پلانەکە بدەن و دوای ئەوەش هەموو بارمتە دەستبەسەرکراوەکان لە کەرتی غەززە و سەدان دەستگیرکراوی فەڵەستینی لەلای ئیسرائیل ئازاد دەکرێن.



