لە کردنەوەی ساڵی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی تورکیا، کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بایکۆتی کردبوو، چەندین دیمەنی سیاسیی نوێ و چاوەڕواننەکراو بەدیکران، بۆ یەکەمجار لە مێژودا پەرلەمانتارانی دەم پارتی لەکاتی هاتنە ژورەوەی ئەردۆغاندا هەستانە سەرپێ و هاوسەرۆکانیشیان تەوقەیان لەگەڵ دەوڵەت بەخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پەرلەمانی  تورکیا دوای پشویەکی دوو مانگ و نیوی، دەستی بە کارەکانی کردەوە، بەڵام کردنەوەی خولی نوێ بەبێ ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی جەهەپە بەڕێوەچوو، کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانیان و دەستێوەردان لە کۆنگرەکانیاندا بایکۆتیان راگەیاندبوو.

لە روداوێکی چاوەڕواننەکراودا، کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، گەیشتە هۆڵی گشتیی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکانی تردا هەستانە سەرپێ بۆ بەخێرهاتنی

ئەردۆغان لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا سوپاسی  تایبەتی ئاراستەی هەردوو لایەن کرد بۆ رۆڵیان لە "پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆردا"

ئاماژەی بەوەکرد سوپاسی شاند و بەڕێوەبەرایەتیی دەم پارتی دەکەم کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا بە هەڵوێست و هەوڵە بنیاتنەرەکانیان بەشدارییەکی گرنگیان کردووە لە پرۆسەی پاککردنەوەی تورکیا لە تیرۆر.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، یادی سری سورەیا ئۆندەری کردەوە و رایگەیاند؛ "لێرەدا بە رەحمەتەوە یادی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر دەکەمەوە کە تا دوا هەناسەی بۆ روخاندنی دیواری تیرۆر و باڵادەستبوونی ئاشتی و برایەتی لە هەر بستێکی خاکی گەلەکەماندا ئارەقی رشت".

بەشێکی دیکەی وتارەکەی پەیوسەت بو بە چەکدانانی پەکەکەوە و ئاماژەی بەوەکرد ئەوان هێرشەکانیان راگرتوە و هەڵوەشاندنەوەی خۆیان راگەیاندووە و بەمەش ئەو کێشەیەی بوەتە هۆی هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس و زیانی ئابووریی  دوو تریلیۆن دۆلار لە وڵاتەکەمان گەیشتوەتە خاڵی کۆتایی.