یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هۆشدارییەکی توندی دایە دانیشتوانی شاری غەززە و رایگەیاند، هەر کەسێک لە باکوری کەرتی غەززە و لەناو شارەکەدا بمێنێتەوە "لەلایەن سوپاوە وەک تیرۆرست یان پشتیوانی تیرۆر پۆلێن دەکرێت." ناوبراو ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان "نزیکبوونەتەوە لە گەمارۆدانی تەواوەتیی شاری غەززە."

یسرایل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند کە هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی کۆنترۆڵی بەشی رۆژئاوای رێڕەوی "نێتزاریم"یان کردووە لە باشوری شاری غەززەوە تا دەگاتە کەنار دەریا، ئەمەش بە واتای "دابەشکردنی غەززە بەسەر باکور و باشوردا" دێت.

کاتز وتی: "ئەم گەمارۆیە لە دەوری شاری غەززە توندتر دەکرێتەوە، و هەرکەسێک بەرەو باشور شارەکە بەجێبهێڵێت، ناچار دەبێت بە خاڵەکانی پشکنینی سوپای ئیسرائیلدا تێپەڕێت."

پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە رێگای کەناریی "رەشید" لە کەرتی غەززە بەروی هاتوچۆدا بەرەو باکور (بۆ شاری غەززە) دادەخرێت.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە: "ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئەو دانیشتوانەی غەززە کە دەیانەوێت بەرەو باشور بڕۆن و تیرۆرستانی حەماس لە شاری غەززەدا بە تەنیا و بە گەمارۆدراوی جێبهێڵن لەبەردەم ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی سوپای ئیسرائیلدا."

ناوبراو دووپاتیکردەوە: "ئەوانەی لە شاری غەززە دەمێننەوە، دەبنە تیرۆرست و پشتیوانی تیرۆر."

لە کۆتاییدا وتیشی: "سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بۆ هەموو ئەگەرەکان و سورە لەسەر بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی تا گەڕانەوەی سەرجەم بارمتەکان و داماڵینی حەماس لە چەک، وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ."

لێدوانەکانی کاتز لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامی بزوتنەوەی حەماس دەکات بۆ ئەو پێشنیازە ئەمریکییەی کە تایبەتە بە دۆخی غەززە و پێشتر لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کراوە.