ئیسرائیل رێگریی لە گەیشتنی 13 بەلەمی كەشتیگەلی خۆڕاگریی بۆ غەززە كرد
کەژان
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئیسرائیل رێگریی كرد لە گەیشتنی 13 بەلەمی كەشتیگەلی خۆراگریی جیهانیی بۆ غەززە ، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش دەڵێت سەرنشینەكانیان دەنێرنەوە بۆ وڵاتەكانیان.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی چەندینجار هۆشدارییان داوەتەوە كاروانی كەشتیگەلی خۆراگریی جیهانیی كە ئاراستەكەی بگۆرێت، بەڵام كاروانەكە رەتیكردۆتەوە و بەردەوام بووە لە رۆیشتن بەرەو كەناراوەكانی غەززە، بۆیە لە لایەن هێزی دەریاوانی وڵاتەكەیان رێگری كراوە لە 13 بەلەم و لەگەڵ سەرنشینەكانیان گواستراونەتەوە بۆ كەناراوەكانی ئیسرائیل، بەڵام 30 بەلەمی ئەو كەشتیگەلە بەردەوامە لە رۆیشتن بەرەوە غەززە.
كەشتیگەلی خۆراگری جیهانی، بە ئامانجی شكاندنی گەمارۆكانی ئیسرائیل لەسەر غەززە لە مانگی هەشتەوە لە بەرشەلۆنەوە بەرێكەوتووە، 40 بەلەم لەخۆ دەگرێت، كە زیاتر لە 500 پارێزەر و چالاكوان و پەرلەمانتاریان لە 44 وڵاتەوە هەڵگرتووە، ئامانجیانە هاوكاری بگەیەننە خەڵكی غەززە.
هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، ئەو سەرنشینانەی لە ناو بەلەمەكاندا بوون دەستبەسەر كراون و رەوانەی وڵاتەكانیان دەكرێنەوە.



