هێلیکۆپتەرێک لە ئێران کەوتە خوارەوە
راهۆز
٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێلیکۆپتەرێکی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە بەرزاییەکانی چیای ئۆشتۆرانکۆ لە پارێزگای لورستان تووشی روداو بوو و کەوتە خوارەوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری عەلی محەمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگای لورستانەوە بڵاویکردەوە، "ئەم هێلیکۆپتەرە بۆ ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و رزگارکردنی ژنێکی ونبوو، نێردرابووە بەرزایی4 هەزار مەتریی 'چاڵکەبود' لە ئۆشتۆرانکۆ".
ناوبراو وتیشی، "هێلیکۆپتەرەکە لە بەرزیی 2800 مەتریدا تووشی روداو بووە و 8 سەرنشینی هەبووە کە پێکهاتبوون لە تیمی فڕۆکەوانی و فریاگوزارانی مانگی سوور."
بەپێی نوێترین زانیارییەکانی مانگی سوور، دوای پەیوەندیکردن بە رزگاربووانی روداوەکەوە، دەرکەوتووە کە 9 کەس لەناو هێلیکۆپتەرەکەدا بوون و بەداخەوە یەکێک لە سەرنشینەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لە ئێستادا 6 تیمی ئۆپەراسیۆنی لە لورستانەوە رەوانەی ناوچەکە کراون و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری روداوەکە و گواستنەوەی بریندارەکانن.



