ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە رایدەگەیەنێت: گەمارۆدانی کۆبانێ دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئامادەین بۆ بەرگری کردن لە نیشتمانەکەمان.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی 'پەیەدە' رایگەیاند، گەمارۆدانی کۆبانێ پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەوڵێکە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی دانیشتووانەکەی.
وتیشی، ئاگربەستی راگەیەندراو داواکاریی هێزەکانمان نەبوو، بەڵکو بە داواکارییەکی ئەمریکی هات بە مەبەستی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش، دەشڵێت؛ سەرەڕای ئامادەباشیمان بۆ گفتوگۆ و ئاگربەست، ئێمە ئامادەین بۆ بەرگریی رەوا و شەڕکردن ئەگەر بەسەرماندا بسەپێنرێت.
ئاڵدار خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانمان رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕا لە رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە مەترسییەکی گەورە کە رێکخراوی تیرۆرستی داعش بوو.
ئەوەشی خستەروو، ئەو بەرخۆدانەی نیشانماندا سیاسیتێکی نوێی بەرهەمهێنا، کە بریتی بوو لە دانپێدانانی بەردەوامی ئیدارەکەمان لە ئاستی جیهانیدا.
ئەو ئەندامەی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە راشیگەیاند، هەموو پێکهاتەکان و ئایینەکان کە لە ناوچەکەدا هەن، هەڵوێستیان هەیە و دژی ئەو هێرشانەن کە ئەنجامدەدرێت لەلایەن چەکدارانی سوریاوە.
"گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش بۆ عیراق لە چوارچێوەی نەبوونی متمانەدایە بە حکوومەتی دیمەشق" ئاڵدار خەلیل وا دەڵێت.